ئەو هەڵانەی لەکاتی ماکیاژکردندا دەکرێن

خەندان لایف-

ماکیاژکردن کۆمەڵیک تایبەتمەندی و رێنمایی خۆی هەیە بۆ ئەوەی شێوەیەکی جوان بە روخسار ببەخشێت، هەندێک هەڵە هەیە کە خانمان لە کاتی ماکیاژکردن دەیکەن کە برتین لەمانەی خوارەوە.

یەکەم: کردنی ماکیاژ لەسەر پێستی وشک وا دەکات ماکیاژەکە بە شێوەیەکی باش لەسەر پێستت نەوەستێت، دەتوانیت پێش کردنی ماکیاژ پرایمەر بەکاربهێنیت.

دووەم: سوراوی قەیفە جوان ناوەستێت لەسەر ئەو لێوانەی کە قلیشاون، باشترە نەرمکەرەوەی لێو بەکارهێنیت.

سێیەم: نەگۆرینی فاوندەیشنەکەت و بەکارهێنانی یەک جۆر لە فاوندەیشن بۆ ماوەیکی زۆر زیان بە پێست دەگەیەنێت.

چوارەم: بەکارهێنانی ماسکارا چەند جارێک لەسەر یەک وادەکات بەشێوەی تۆپەڵ بەسەر برژانگەکەوە دەربکەوێت.

پێنجەم: زۆرینەی خانمان ماکیاژ تەنها بۆ روخساریان دەکەن ئەمەش وادەکات رەنگی روخساریان لەگەڵ ملیان دوو رەنگی جیاواز بێت.

شەشەم: لە کاتی کڕینی ماکیاژ فاوندەیشن لەسەر پێستی دەستت تاقی مەکەرەوە، بەڵکو لەسەر روخسارت تاقی بکەرەوە، چونکە رەنگی پێستی روخسار لەگەڵ دەست جیاوازیان زۆرە.

حەوتەم: لەگه‌ڵ گۆڕینی وەرزەکان رەنگی فاوندەیشنەکەت بگۆڕە، لە هاویندا رەنگی تاریک بەکاربهێنە، بەڵام لە زستاندا رەنگی کاڵ بەکاربهێنە.

هەشتەم:  لە کاتی دانانی برژانگی دەستکرد چەسپی زۆری لێ مەدە بڕێکی کەم بەکاربھێنە بۆ وەستاندنی برژانگەکەت.

نۆیەم: فلچەی ماکیاژەکان بڕێکی زۆری بەکتریا لە خۆدەگرن کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی زیبکەی روخسار، پێویستە لانیکەم هەفتەی دو جار خاوێنیان بکەیتەوە.

دەیەم: هەندێک لە ماکیاژەکان بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا لەناو سەلاجەی ماڵەکەتدا بپارێزە.

یانزەیەم: لە کاتی کردنی کۆنتور پێویستە بەپێی شێوەی دەموچاوت کۆنتورەکە بکەیت.

دوانزەیەم: شانەکردنی برژانگ پێش کردنی ماسکارا گرنگە بۆ جوان راوەستانی برژانگەکان.

سیانزەیەم: پێش ئەوەی فاوندەیشن بدەیت لە روخسارت دژە خۆر بەکاربهێنە.

چواردەیەم: زۆر تۆخ کردنەوەی برۆ شێوەیەکی نا سروشتی بە روخسار دەبەخشێت.

ئه‌م بابه‌ته 17605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP