پێش یان پاش وەرزشکردن پێویستە کام جۆرە خواردنانە بخورێت؟


خەندان لایف-

راهێنانی وەرزشی گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی لەش و پاراستنی رێکی لەشولارت، بەڵام زۆر پێویستە بزانیت لە پێش وەرزشکردن و پاش چ جۆرە خواردنێت دەخۆیت، بۆ ئەوەی سوود لە راهێنانەکانی ببینیت، لەمبارەیەوە پسپۆڕی زانستی خۆراک و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی، هاوکات ئه‌ندامی کۆلیژی ئه‌مریکی بۆ زانستی خۆراک د.کامەران رەسول ژاژڵەیی دەڵێت هه‌ر دوو ئه‌کادیمیای منداڵانی ئه‌مریکی و کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریکا بۆ نه‌خۆشیه‌کانی دڵ، هەندێک زانیاری پێویست دەخاتەڕوو:

ئامانج له‌ وه‌رزشکردن هه‌رچی بێت جۆر و بڕی خۆراک و کاتی خواردنی کاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌که‌ی، گرنگترین ڕێنمیاییه‌ پزیشکیەکان:

1-خواردنی سێ ژه‌می سه‌ره‌کی و ته‌ندروست له‌ کاتی خۆیدا، دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی چه‌ور و سووره‌وه‌کراو و شیرینی.
 
2-پێویسته‌ دوا ژه‌می خواردن 2-3 کاتژمێر پێش کاتی وه‌رزش بێت، پێکهاتبێت له‌ کاربۆهایدرات و سه‌وزه‌ و بڕێکی مامناوه‌ند له‌ پڕۆتین و که‌م چه‌وری.
 
3-دوو کاتژمێر پێش وه‌رزش پێویسته‌ نیو لیتر بۆ یه‌ک لیتر ئاو بخورێته‌وه‌.

4-ئه‌گه‌ر پێش وه‌رزش برسیت بوو، میوه‌یه‌ک یان یه‌ک په‌رداخ شه‌ربه‌تی فریش بخۆره‌وە.

5-خواردنه‌وه‌ی بڕی پێویست له‌ ئاو له‌ کاتی وه‌رزش و به‌ به‌رده‌وامی.
 
6-له‌ کاتی وه‌رزش ئه‌گه‌ر برسیت بوو، یه‌ک په‌رداخ شه‌ربه‌تی فرێش بخۆره‌وه‌ یان میوه‌یه‌ک وه‌ک دوو ده‌نک هه‌نجیر یان قه‌یسی یان پرته‌قاڵ یان لالەنگی یان سێوێک.

لە پاش وەرزشكردنی چی بخورێت باشە؟

دوای وه‌رزش له‌ش پێویستی به‌ پڕۆتین هه‌یه‌ بۆ بنیاتنان و چاککردنه‌وه‌ی ماسولکه‌که‌کان، کاربۆهێدرات وه‌ک سه‌رچاوه‌ی وزه‌، ئاو بۆ ڕێگری له‌ وشکبوونه‌وه‌، کانزاکان به‌ تایبه‌ت سۆدیۆم و پۆتاسیۆم و مه‌گنسیۆم، ڤیتامینه‌کان.
 
 چه‌ند نمونه‌ی خواردنێک دوای وه‌رزشکردن:

1-دوو پارچه‌ سنگی مریشک یان قه‌لی کوڵاو یان برژاو + یه‌ک نان یان سه‌موون + زه‌ڵاته‌یه‌ک.

2-دوو هێلکه‌ی کوڵاو + یه‌ک نان یان سه‌مون + زه‌ڵاته‌یه‌ک.

3-یه‌ک قاپ ماست بێ سه‌رتوێژ یان سێ په‌نیری سێگۆشه‌ + یه‌ک نان یان سه‌مون + یه‌ک پیاڵه‌ فستق یان بادام یان سێ گوێز.

4-یه‌ک ماسی برژاو یان یه‌ک ( ماسی سه‌لەمون یان تونه‌ باشتره‌) + یه‌ک نان یان سه‌موون + زه‌ڵاته‌یه‌ک.

5-یه‌ک بۆ دوو په‌رداخ پاوده‌ری پڕۆتینی ئه‌سڵی + یه‌ک په‌رداخ شه‌ربه‌تی هه‌نار، پاوده‌ری شۆڤان یان کریاتین یان وای پڕۆتین به‌ مه‌رجێک بۆ ماوه‌ی 1-3 مانگ زیاتر نه‌خورێت و ئه‌و که‌سه‌ کێشه‌ی گورچیله‌ی نه‌بێت، له‌وه‌ دڵنیابێت که‌ پاوده‌ره‌که‌ هۆرمۆنی گه‌شه‌ی ئاژه‌ڵ یان هۆرمۆنی ئیسترۆجینی تتێدانه‌بێت.

6-یه‌ک قاپ نیسک یان نۆک یان پاقله‌ + یه‌ک نان یان سه‌مون + زه‌ڵاته‌یه‌ک.
 
7- پێویسته‌ میوه‌یه‌ک بخورێت وه‌ک هه‌نار، ترێ، هه‌نجیر، شلیک، هه‌رمێ، کاڵه‌ک، مۆز ، شووتی، توو، سێو،  باشتره‌ میوه‌کە 1-2 کاتژمێر دوای خواردن بێت.

چەند زانیاریەکی گرنگ:
1-نابێت پاوده‌ری پڕۆتین وه‌ک سه‌رچاوه‌ی پڕۆتین و وزه‌ی سه‌ره‌کی ڕۆژانه‌ پشتی پێ ببه‌سترێت، چونکه‌ ته‌واوکه‌ری خۆراک و جێگه‌ی ژه‌مه‌کان ناگرێته‌وه‌.
 
2-خواردنی مه‌ڵتی ڤیتامین پێویست ناکات و به‌کارهێنانی به‌ به‌رده‌وامی زیانی هه‌یه‌، مه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ خۆی که‌می ڤیتامینی هه‌بێت.

3-له‌ کاتی ڕیجیم و دابه‌زاندنی کێش پێویسته‌ ته‌نها میوه‌ و یه‌ک پیاڵه‌ چه‌ره‌س یان یه‌ک په‌رداخ شیر یان یه‌ک قاپێک ماست بخورێت.
 
4-بۆ دابه‌زاندنی کێش به‌ تایبه‌ت ورگ و به‌هێزکردنی ماسولکه‌کان ڕیجیمی کیتۆجنیک باشترین ڕیجێمه‌، به‌مه‌رجێک لە ژێ چاودێری پزیشکی پسپۆڕ به‌کاربهێنرێت.

ئه‌م بابه‌ته 11549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP