رۆژانە چەند کوپ چا یان قاوە دەخۆیتەوە؟


خەندان لایف-

بەشێوەیەکی گشتی خواردنەوە کافایینەکان رۆژانە زۆر دەخوارێتەوە و خواستی لەسەرە، بێگومان بەپێی حەز و ئارەزووەکان دەگۆڕێت هەندێک حەز بە چا یان قاوە دەکەن، هەندێکیش خواردنەوە گازیەکان، بەڵام کاریگەریان لەسەر لەش و تەندروستی ماسولکە و جومگەکانت هەیە، لەمبارەیەوە د. ھەڤین کەمال شا محەمەد  پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری، هاوکات ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن، رونکردنەوە دەدات.

کافایین، ئەو ماددە کیمیاییە کە لە ناو چا و قاوەوە و خواردنەوە گازیەکاندا هەیە، هاوشێوەی هۆشیارکردنەوە کاردەکات، هەندێکجاریش لە ئازارشکێنەکاندا بەکاردێت وەک حەبی پاراستیتۆڵ یان ئیسپرین، کە بۆ شەقیقە یاخود سەرئێشەی کەمیش دوای نیوبەنج بەکاردێت، وەرگرتنی کافاین بە رێژەیەکی کەم یان مامناوەند باشە و زیانی هەیە، بەڵام بە رێژەیەکی زۆر زیانی هەیە بۆ لەش.

ئایا رۆژانە پێویستە چەند کافایین وەربگریت؟

بەپێی دامەزراوەی ڕێنمایی خۆراکی ئەمریکی (DGA) لە ڕۆژێکدا باشتر وایە لە 400 ملیگرام زیاتر کافایین وەرنەگیریت، بەھۆی زیانە لاوەکیەکانیەوە و ھەندێکجار ئالوودەبوون دروست دەبێت و کە لەپڕ کەم دەکرێتەوە ئازاری سەر و بێتاقەتی دروست دەکات، هاوکات لە ژنی دووگیان و ئاوانەی شیر دەدەن دەبێت کەم بکرێتەوە و راوێژی پزیشکەکەی وەرگرێت بۆ ڕێژەی بەکارھێنانی.

بەپێی ئەکادیمیای ئەمریکی تاندروستی منداڵان بێت، ئەو خواردنەوانەی ماددەی ووریاکەرەوەی تێدایە وەکو کافایین نابێت لەخواردنی منداڵاندا ھەبێت.

 بەهۆی ئەوەی زۆربەمان ئەو خواردنەوانە بەکاردێنین کە کافایینی تێدایە، باشتروایە بزانین ئەو خواردنەوانەی دەیخۆینەوە چەند کافایینی تێدایە: 

کوپێک قاوە  95-165 ملیگرام 
کوپێک چای ڕەش  25-48 ملیگرام 

کوپێک نسکافە 47-64 ملیگرام 
کوپێک ئیسپریسۆ 63 ملیگرام 

کوپێک چای سەوز 25-29 ملیگرام 
کۆلا 24-46 ملیگرام 

خواردنەوە ووزە بەخشەکان 27-164 ملیگرام 

بەگشتی بۆ مرۆڤێکی کامڵ لە ڕۆژێکدا، نابێت لە چوار کوپ قاوە، هەشت کوپ چا، 10 قوتوو کۆلا، دوو قوتوو لە خواردنەوە ووزە بەخشەکان زیاتر بخورێتەوە، دەبێت ئەوەمان لابەرچاو بێت ھەندێک جار ئەم ڕێژانە جیاوازە بەپێی شۆین و جۆری دروستکردنی خواردنەوەکان.

کاریگەرە خراپەکانی زۆر بەکارھێنانی کافایین:

1-بێتاقەتی و پشێوی و دڵەڕاوکێ:
وەرگرتنی زیاتر لە 1000 ملیگرام لەڕۆژێکدا دەبێتە ھۆی بێتاقەتی و پشێوی، هاوکات دەبێتەھۆی زیاترکردنی سترێس و گرژی باری دەروونی ئەگەر لەسەر یەک بەڕێژەیەکی زۆر وەرگیریت بە یەکجار.

2-تێکچوونی خەو یان شەونخونی:
خەوتن کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر تەندروستی و دەبێت لەکاتی خۆیدا بخەویت بۆ ماوەی پێویست 6-8 کاتژمێر بێت، ھەندێکجار کەسێک بە خواردنەوەی چا و قاوەی زۆر شەونخوونی دەکات، بەڵام هەڵەیە و دەبێت 3-5 کاتژمێر پێش خەوتن نابێت بەھیچ جۆرێک ئەو شلەمەنیانەی کافایینی تێدایە بخورێنەوە.

3-تێکشکاندن و ماندووکردنی ماسولکەکان:
(Rhabdomylosis) کە حاڵەتێکی زۆر قورسەو تووشی ماسولکەکان دەبێت و ڕیشاڵەکانی تێکدەشکێنێت، ھەندێک توێژینەوە دەڵێن "بەھۆی زیادەڕەوی لەبەکارھێنانی کافایین تووشی دەبن"، باشترە لەو نەخۆشانەی ئەگەری ئەم نەخۆشیەیان ھەیە لە 250 ملگم کافایین لەڕۆژێکدا زیاتر وەرنەگیرێت.

4-ئالودەبوون:
هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژەدەدەن بەوەی بەکارھێنانی کافایینی زۆر دەبێت بە عادەت و ئالودەبوونی فسیوڵۆژی دروست دەکات، کە ڕۆژێک نەخورێنەوە دەبێتەهۆی سەرئێشەو بێتاقەتی، ھەرچەندە بە ئالوودەبوونی ڕاستەقینە ھەژمار ناکرێت.

5-زیادکردنی فشاری خوێن 
ھەرچەند کاریگەرییەکەی کاتییە، هەربۆیە لەوانەی نەخۆشی فشاری خوێنیان لەگەڵدایە باشترە ئاگایان لەکات و ڕێژەی خواردنەوەی بێت، نابێت پێش وەرزشکردن بخورێتەوە لەم جۆرە نەخۆشانەدا.

6-زیادکردنی ڕێژەی لێدانی دڵ:
ئەمەش لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە، بەڵام بەگشتی لێدان و ریتمی دڵ لەوانەیە بگۆڕێت.

7-ھەستکردن بە ماندوبوون:
ھەرچەندە کافایین وزە بەخشە و ھۆشیارکەرەوەیە، بەڵام ھەندێکجار بە شێوەیەکی لاوەکی دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە ماندبوون کە بەڕێژەی زۆر وەردەگیرێت.

8-کێشەی ھەرسکردن :
ڕێژەی کەم یان مامناوەند لە کافایین جووڵەی ڕیخۆڵەکان چالاک دەکات، بەڵام ڕێژەی زۆر رەنگە ببێتە ھۆی سکچوون.

9-مێزکردنی زۆر و ڕانەگرتنی میز : 
توێژینەوەکان سەلماندویانە وەرگرتنی کافایین لە 450 ملیگرام زیاتر لە ڕۆژێکدا، دەبێتەهۆی خێرا میزکردن و ڕانەگرتنی میز.

10-ئێسکە نەرمە:
ئەگەر بڕێکی ئاسایی و کەم بخورێت، لە بەرامبەردا شیر یان بەرهەمەکانی کالسیۆم بخورێتەوە گرفت نییە، بەڵام ئەگەر بڕێکی زۆر لە کافایین بخورێتەوە رۆژانە ئەگەری هەیە ببێتەهۆی ئێسکەنەرمە بەهۆی هەڵمژینی کالسیۆمەوە بەتایبەت لە خانماندا.

 

ئه‌م بابه‌ته 12558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP