بۆچی دەست دەلەرزێت و سڕ دەبێت؟

خەندان لایف-

هەندێک کەس ھەست بە بێھێزی و لاوازی دەکات لە دەستیدا یاخود قۆڵەکانی، ناتوانێت شتی قورس ھەڵگرێت، یاخود لەدەستی دەکەوێتە خوارێ، ھەست بەسڕی پەنجەکانی و دەرزی ئاژەنین دەکات تێیدا، لەمبارەیەوە د. ھەڤین کەمال شا محەمەد  پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری ، هاوکات ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن روونکردنەوە دەدات:

گرنگترین ھۆکارەکانی:

1-کەمی ڕێژەی ڤیتامین بی لەلەشدا، کەئەویش ڤیتامین بی1 ، بی 6، بی 12، بەڵام زیاتر کەمی بی 12 کاریگەری ھەیە.

2-نەخۆشی شەکرە 

3-نەخۆشیەکانی تێکچوونی غودەی دەرەقی

4-چارەسەر بە تیشک لەو کەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان ھەیە 

5-بوونی فشار لەسەر دەمارەکان، بەھۆی ئینزلاقی دیسکی بڕبڕەکانی پشت و مل بێت یاخود داخورانی جومگەکان، یان بوونی فشار لەسەر دەمار لەناوچەی مەچەک کەپێ دەوترێت کارپەل تونیل سیندروم، یاخود لە قولەپێ کەپێ دەوترێت تارسەڵ تونیل سیندرۆم .

6-نەخۆشییەکانی جگەر.

7-ھەندێک ھۆکاری تر ھەیە، وەکو جگەرەکێشان، خواردنەوەی زۆری شلەمەنییە ووریاکەرەوەکان وەکو چا، قاوە، خواردنەوەی ماددە کهولیەکان.

نیشانەکانی چین؟

1-لەرزینی زۆر لە دەست و قاچ دا.

2-ھەستکردن بە سڕی و دەرزی ئاژەنین لە لەش دا.

3-ھەستکردن بە بێھێزی ماسولکەکان و بەندکردن و قورسی لە چوار پەل دا.

چۆن چارەسەری دەکەیت؟

بێگومان جۆرەها چارەسەری جیاوز هەیە، بەڵام گرنگە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت بەرلە هەموو هەنگاوێک، لە رێگای دەرمان یان چارەسەری سروشتی یاخود وەرزش و سیستمی خۆراکی تەندروستەوە کۆتایی بەم گرفتەدێت.

1-خواردنی ئەو جۆرە خۆراکانەی کە ڤیتامین بی1، بی6، بی12 ی تێدایە، کەیارمەتی بەھێزکردنی دەمارەکان دەدات وەکو ، نیسک، ماسی، ھێلکە، جگەری مانگا، گۆشت، کیوی، سپێناخ، مۆز، خورما، شلک.

2-کەمکردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە کافاینیان تێدایە، وەکو چا، قاوە، خواردنەوە گازییەکان.

3-وازھێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کھولیەکان.

4-ئەنجامدانی وەرزش، چونکە وەرزش سوڕی خوێن چالاک دەکات، لێدانی دڵ ڕێکدەخات، ئەمەش دەبێتەھۆی بەھێزکردنی دەمارەکان، دەتوانیت ئەو جۆرە وەرزشانە بکەیت کە دەمارەکانی دەست و قاچ بەھێز دەکات، هاوکات ماسولکەکان بەھێز دەکات.

5-خەوتن بەڕێکی و لەکاتی خۆیدا بۆ ماوەی 6-8 کاتژمێر، بێھێزی دەمار چاک دەکات.

6-ھێورکردنەوەی باری دەروونی ئەویش بە ئەنجامدانی یۆگا و میدیتەیشن و دەرزی چینی .

7-ھەندێکجار وەرگرتنی ئەو سەپلیمێنتانەی کە ڤیتامین بییەکانیان تێدایەکاریگەری باشی ھەیە وەکو (B1, B6, B12).

8-وەرگرتنی دژە ھەوکردنەکان بەتایبەتی (NSAI)، یان ھێورکەرەوەکان و دژە پەرکەمەکان کاریگەریان ھەیە لەسەر چالاککردنی دەمارەکان، بەڵام لە ژێر چاودێری پزیشک.

ھەندێک ڕێگاچارەی سروشتی ھەیە کە ئازاری دەمار کەمدەکەنەوە:

1-خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەیەکی باش، لایەنی کەم 8-10 پەرداخ.

2-بەکارھێنانی زەردەچەوە، چونکە ماددەی (کورکمین)ی تێدایە، کە ھەم دژە ھەوکردنە و ھەم دژە ئۆکسیدە، دەتوانرێت لەگەڵ خواردندا بخورێت، یاخود بکرێت بە ھەویرێک و بخرێتە سەر شوێنی ئازارەکە یان سڕییەکە.

3-شێلان یان مەساجکردن، ئەویش دەبێتە ھۆی زیادکردنی چوونی ئۆکسجین بۆ ناوچەکە و چالاککردنی کاری دەمارەکان.

4-جۆرە میوەیەک ھەیە ناوی (اسای)یە، کەیارمەتی ڕێکخستنی ھۆرمۆنەکانی لەش و چالاککردنی سوڕی خوێن دەدات، کەئەمەش دەمارەکان بەھێزدەکات و ئازاری دەمار کەم دەکاتەوە.

5-بەکارھێنانی ئەو کرێمانەی کە ماددەی (کابسیسین)یان تێدایە، کە لە بیبەری سوری توندا ھەیە و لەوە دروست دەکرێت، کاریگەرییەکی باشی ھەیە لەکەم کردنەوەی سڕی و ئازاری دەمار .

 

وێنەکان: ئەو وەرزشانەن کە دەتوانرێت ئەنجامبدرێت بۆ بەھێزکردنی دەمارەکانی دەست

 

 

ئه‌م بابه‌ته 61399 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP