بۆچی ئەم خانمانە شانازی بە قەڵەویانەوە دەکەن؟


خەندان لایف-

ئەڵیس زوو، فۆتۆگرافەری تۆڕی هەواڵی بی بی سی بریتانی، لەبارەی ئەرێنی بوون و چالاكبوونی چەوری لەش لەگەڵ شەش ژن گفتوگۆدەكات و هۆكاری شانازیكردنیان بە قەڵەویانەوە دەخاتەروو.

1.كۆرتنی، 24 ساڵ – گریمسبی 
لە تەمەنی 10 ساڵیدا توشی غودەی دەرەقی بوم، سەرەڕای ئەوەی كێشم لە رادەبەدەر زیادیدەكرد، بەڵام زۆر چالاك بوم.

بەهۆی كێشمەوە روبەڕوی تانە و تەشەر دەبومەوە و لە ساڵانی خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ڕقم لە جەستەی خۆم بو و كاریگەری لەسەر دەرون و مێشكم دروستكردبوو، دواتر توانیم زاڵ بم بەسەر هەمو ئاستەنگە دەرونیەكاندا و خۆم قبوڵ بكەم.

دەزانم ئاسان نیە، بەڵام  درەنگ یان زوو، بە راستی خۆت دەبینیت كە چەند مەزن و باشتریت، تێدەگەیت پێویستناكات بە شێوازی دەرەوەیان بڕیار لەسەر كەسەكان بدەیت.

2.ئینام، 23ساڵ – بیرمینگهام 
جەستەی خۆمم خۆشدەوێت، چونكە بەو شێوەیە ئاسودەم، خۆم بە جیاوازتر لە هیچ كەسێكی دیكە نابینم، هەر وەك هەموو مرۆڤێكی دیكەی ئاسایی.

كەس نیە لەكاتێكدا كێشت زۆرە پێتبڵێت تۆ جوانیت، بۆیە هەركەسێكتان بینی كە بە پێچەوانەوەیە بەنرخ لێیانبڕوانن و پێیان بڵێن ئەو وتانەیان دڵخۆشتان دەكات.

هەرگیز كەس بە كەم مەبینن، چونكە خۆشتنا لە لایەنێكەوە یان زیاتر كەموكوڕیتان هەیە، هەموان شتێكیان هەیە بۆ ئەوەی بەروە باشتربون كاری لەسەربكەن.

3.كاتی، 34 ساڵ – لەندەن  
بەهۆی توشبونم بە نەخۆشی غودە كێشم بەردەوام زیادیدەكرد، هەمو مناڵیم بە هەوڵدان بۆ دابەزینی كێشم و پارێزكردن لە خواردن بەسەربرد، بە درێژایی ساڵانی منداڵیم چاوەڕێمدەكرد كێشم دابەزێنم و جەستەیەكی رێكم هەبێت.

دوای ئەو هەمو هەوڵە كاتێك سەیری وێنەكانی منداڵیم دەكەم هەستدەكەم هیچ كێشەیەك لە ئارادا نەبوە، چەند ساڵێكی كەم لەمەوبەر تێگەیشتم لە خودخۆشویستن، تێگەشتم جەستەم بەوشێوەیەی ئێستا هیچ كێشەیەكی نیە هاوشێوەی كەسانی دیكە.

ئێستا بە خواستی خۆم بەرگ دەپۆشم و مەلە دەكەم و دەڕۆمە ئەو شوێنانەی پێم خۆشە، ئەرێنی بونی جەستە پەیوەندی بە كەسانێكەوە نیە كێشیان زۆر كەم یاخود زۆرە، بەڵكو پەوەیندی بە هەمومانەوە هەیە، ئازادیەكە كاتێك دێت كە بە كێشی جەستەی خۆت دڵخۆشبیت.

4. مێرسیدز، 28 ساڵ – چیكاگۆ 
لەكاتی هەرزەكاریمدا  كێشی جەستەی خۆمم بە دڵ نەبوو هەمیشە وا بیرمدەكردوە لە كەس نابێتە هاوبەشی ژیانم، ئێستا بیر لەو كاتانە دەكەمەوە كە بەهۆی كێشمەوە رقم لە جەستەی خۆم بو هەستەكەم جەستەم كێشەی نەبوە.

ئێستا دەزانم من مرۆڤێكم نرخم هەیە و ئەوەش پەیوەندی بە كێشی جەستەمەوە نیە.

5. تارا، 30 ساڵ - نۆرسامتنشەیر
هەندێك جار ئاسان نیە كێشت زۆر بێت، شوێنە گشتیەكان بۆ ئەو كەسانەی كێشیان زۆرە دروستنەكراون، جێگەی دانیشتنەكان بۆ ئێمە كابوسە، بەڵام كەسێك كێشی زۆر بێت هەمان مافی كەسێكی دیكەی هەیە كە كێشی كەمە.

خەڵك پێیان وایە ئەگەر كێشت زۆربێت ناتوانیت تەندروست بیت، بەڵام من كێشم زۆرە و تەندروست و دڵخۆشم.

پێم وایە تا تەمەنم زیارتدەبێـت كەمتر بایەخ دەدەم، یاخود زیاتر بایەخ بە خۆم دەدەم و كەمتر بایەخ بە تێڕوانین و بۆچونەكانی خەڵكی چواردەورم دەدەم.

6.شارۆن، 30 ساڵ – لەندەن
كاتێك منداڵبوم بەهۆی ئەوەی زۆر تانەیان لێدەدام هەستمدەكرد جوان نیم و نرخم زۆر كەمە، دواتر لەگەڵ گەورەبونمدا گەشەم بە بۆچونەكانم دا و خۆم ناسی، تا ئەو كاتەی خۆم بەم كێشە زۆرەوە قبوڵكرد و ئەرێنی بوم، ئەو كاتە بە تەواوی خۆم دۆزیەوە.

ئێستا زیاتر دەتوانم كۆنترۆڵی هەست و بۆچونەكانم لەبارەی خۆمەوە بكەم.

چالاكی كێشی زۆر بریتیە لە رزگاركردنی ئەو كەسانەی كێشیان زۆرە لە كلتورە كۆمەڵایەتیەكان و جیاوازینەكردن لە نێوان ئەوان و كەسانی دیكەی كۆمەڵگەدا.

كۆمەڵگەیەكمان دەوێت ئێمە وەك مرۆڤێكی ئاسایی وەرمانبگرێت كە بە كێشی جەستە و روخسار و تەندروستیمان پێناسەمان نەكات.

گەورەترین شت ئەوەیە "لەبارەی كێشی زیاد یاخود روخساری كەس گریمانە لە ناخی خۆتاندا دروستمەكەن یاخود بیربكەنەوە ناتەندروستن"، بەڵكو پرسیارمان لێبكەن، لێمان بپرسن ئێمە لەبارەی جەستەی خۆمانەوە هەستمان چۆنە، بیر و هۆشتان فراوانبێـت".
 

 

ئه‌م بابه‌ته 18633 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP