بۆچی ئیندۆمی زیانی تەندروستی هەیە؟

خەندان لایف-

ئیندۆمی، ئەو خواردنە ئامادەکراوەی کە لەم سەردەمەی ئێستادا لە تەواوی بازاڕ و مارکێتەکان دەفرۆشرێت و خواستێکی زۆریشی لەسەرە، لە کاتێکدا زیانی هەیە و تەندروست نییە، لەمبارەیەوە پسپۆڕی زانستی خۆراک و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی، هاوکات ئه‌ندامی کۆلیژی ئه‌مریکی بۆ زانستی خۆراک د.کامەران رەسول ژاژڵەیی رونکردنەوە دەدات:

ئایا ئیندۆمی ده‌بێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌؟

له‌ ئێستادا به‌شێکی زۆر له‌ هاوڵاتیان به‌ تایبه‌ت مناڵان و مێردمناڵان له‌ هه‌فته‌یه‌کدا چه‌ند جارێک ئیندۆمی ده‌خۆن، کۆمه‌ڵێکی به‌رچاویش بووەته‌ ژه‌مێکی سه‌ره‌کی ڕۆژانه‌یان، به‌ڵام زۆربه‌یان نازانن که‌ چه‌ند زیانێکی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ته‌ندروستیان به‌ تایبه‌تی بۆ مناڵان.

زیانه‌ ته‌ندروستیه‌کانی ئیندۆمی : 

1-زیادبوونی کێش و قه‌ڵه‌وی و کۆنیشانه‌ی ئێکس، چونکه‌ بڕێکی زۆر له‌ کاربۆهێدرات و چه‌وری تێدایه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ وزه‌.

2- که‌می ڤیتامین و کانزاکان، چونکه‌ ئیندۆمی به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌کرێت که‌ خواردنێکە ته‌نها تێرت ده‌کات بێ ئه‌وه‌ی پێکهاتە به‌ سووده‌کانی خۆراکی تێدا بێت.

3-که‌م خوێنی و که‌می مادده‌ی ئاسن.

4-دواکه‌وتنی گه‌شه‌ی منداڵ و زیادبوونی ئه‌گه‌ری کورتی باڵا له‌ منداڵ و مێرد منداڵان، ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ یان هه‌فته‌ی چه‌ند جارێک بخورێت.

5-که‌می ته‌رکیز و دابه‌زینی ئاستی خوێندنکار له‌ قوتابخانه‌، زوو شت له‌ بیرچوونه‌وه‌.

6-زیادبوونی ئه‌گه‌ری نه‌خۆشی ئه‌لزەهایمه‌ر و پوکانه‌وه‌ی خانه‌کانی مێشک.

7-زیادبوونی ئه‌گه‌ری به‌رزی ئاستی کۆلیستڕۆڵی خراپ و چه‌وریه‌ سیانیه‌کان له‌ خوێن دا.

8-زیادبوونی ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ به‌رزی فشاری خوێن و نه‌خۆشی شه‌کره‌ و نه‌خۆشیه‌کانی دڵ، هەربۆیە ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیانه‌یان هه‌به‌ نابێت بیخۆن.

9-زیادبوونی ئه‌گه‌ری سه‌رئێشه‌ و دڵ تێکهه‌ڵهاتن و دڵته‌نگی و زوو تووڕه‌بوون، خه‌مۆکی و دڵه‌ڕاوکێ.

10-زیادبوونی ئه‌گه‌ری قه‌بزی و ئاکامه‌کانی وه‌ک مایه‌سیری، خراپتربوونی نیشانه‌کانی ته‌هیجی کۆڵۆن و دڵه‌کزێ.

11-هەندێک توێژینه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌که‌ن که‌ زیانی هه‌یه‌ بۆ گورچیله‌ و جگه‌ر، به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر پێویسته‌.

ئایا ئیندۆمی ده‌بێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌؟

ئیندۆمی هیچ مادده‌یه‌کی تێدانییه‌ ڕاسته‌وخۆ ببێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌، ئه‌گه‌ر به‌پێی ستانداره‌ جیهانیه‌کان دروست کرا بێت، به‌ڵام زۆر خواردنی ده‌بێته‌هۆی قه‌ڵه‌وی و زۆری کێش و که‌می ڤیتامین و کانزا و مادده‌ ڕیشاڵیه‌کان، هەربۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی زیادبوونی ئه‌گه‌ری چه‌ند جۆرێک له‌ شێرپه‌نجه‌.

پزیشکه‌ پسپۆڕه‌کانی زانستی خۆراک هۆشداریدەدەن، که‌ نه‌خۆرێت و نه‌درێت به‌ منداڵ و مێردمنداڵان، واباشتره‌ ئەگەر ئارەزووش لە خواردنی هەبوو، بە رێژەیەکی زۆر کەم بێت له‌ مرۆڤی سه‌روو 18ساڵ به‌ مه‌رجێک نه‌خۆشی درێژ خایه‌نی نه‌بێت.

 

ئه‌م بابه‌ته 33092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP