جۆرەکانی سەرئێشە چین؟


خەندان لایف-

سەرئێشە، نەخۆشیەکە کە رەنگە بەبێ جیاوازی تووشی هەموان ببێت، بەهۆی سەرماوە یاخود کرژبوونی ماسولکەکان، یان ماندووبوونێکی زۆرەوە، بێگومان ئەگەر کەسەکە نەخۆشیەکی دیکەی نەبێت، لەمبارەیەوە د. ھەڤین کەمال شاە محەمەد  پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری ، هاوکات ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن، باس لە جۆرەکانی سەرئێشە دەکات.

1-سەرئێشەی کافیین:
ئەگەر راھاتویت لەسەر خواردنەوە کافاینەکان وەک چا و قاوە لە کاتێکی تایبەت دا لەڕۆژدا، ئەگەر لەهەمانکاتدا نەیخۆیتەوە رۆژانە، لەشت داوای کافاین دەکات و توشی سەرئێشە دەبیت.

2-سەرئێشە بەهۆی ئازاری ددانەوە:
هەندێک کات بوونی ئازار لە ددانەکانتدا، بەهۆی هەوکردنی پوک یان کلۆربوونەوە، جۆرێک لە سترێسی بۆ دروست دەبێت و دواجار دەبێتەهۆی سەرئێشە.

3-سەرئێشەی هەڵگەڕاوە:
بەکارهێنانی دەرمان، یان دژە هەڵئاوسانەکان لە لوتدا، دەبێتەهۆی لوتگیران، دواجاریش کاریگەری لەسەر سەرت دەبێت و تووشی ئازار دەکات.

4-سەرئێشەی سترێس:
یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی سەرئێشە، کە بەهۆی سترێس و باری دەروونی ناجێگیرەوە دروستدەبێت، ئازارەکە تووشی هەردوولای سەر و ناوچەوان و بەشی پشتەوەی مل و چەناگە دەبێت.

5-سەرئێشەی هۆڕمۆنی:
زیاتر لە ژناندا هەیە، بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکان لە سوڕی مانگانەدا یان بەکارهێنانی حەبی مەنع، یاخود کاتی دووگیانی.

6-سەرئێشەی نیوەیی-شەقیقە (migrane )
ئەم سەرئێشەیە لایەکی سەرت دەگرێتەوە، لەهەمانکاتدا تووشی گێژبوون و دڵ تێکهەڵهاتن و رشانەوە دەبیت، هەستیاریش دەبیت بەرامبەر روناکی و دەنگەکان.

7-سەرئێشەی هێشوویی (صداع عنقودي)
بەهەمانشێوە تووشی بەشێکی سەر دەبێت، زیاتر لە دەوری چاودایە، لەهەمانکاتدا لوت دەگیرێت  و هەڵئاوسان روودەدات، فرمێسکیش بەچاوتدا دێتەخوارێ.

8-سەرئێشەی ھەوکردنی گیرفانەکانی لووت (جیوب الانفیة): 
بەشی پێشەوەی سەر و دەموچاوت تووشی ئازار دەبێت، بەهۆی هەوکردنی گیرفانەکانی لوتەوە.

 

ئه‌م بابه‌ته 11149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP