پێویستە چۆن برنج بخۆیت، بۆ ئەوەی قەڵەوت نەکات؟

خەندان لایف-

برنج، یەکێکە لە خواردنە باوەکان و هەمیشە لەسەر خوانەکانی کوردستان دەبینرێت، بەڵام دەڵێن کەم بخۆ، چونکە کێشت زیاد دەکات، یان هۆکارە بۆ نەخۆشی شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ، لەم سۆنگەیەوە پسپۆڕی زانستی خۆراک و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی، هاوکات ئه‌ندامی کۆلیژی ئه‌مریکی بۆ زانستی خۆراک د.کامەران رەسول ژاژڵەیی رونکردنەوە دەدات:

1-هاوشێوەی هه‌موو خواردنێک بڕ و جۆری ئه‌و برنجه‌ی ده‌خورێت گرنگه‌ له‌گه‌ڵ شێوازی لێنان و جۆر و بڕی ئه‌و زه‌یته‌ی یان ڕۆنه‌ی پێی لێده‌نرێت، واته‌ چه‌ندی لێ ده‌خورێت ، کام جۆری لێ ده‌خۆرێت ، برنجه‌که‌ چه‌ور لێنراوه‌ یان نا.

2-له‌ هه‌مانکاتدا جۆر و بڕی ئەو شلەیەی لەگەڵیدا دەخۆیت گرنگە، بۆ نموونه‌ شله‌ی کوله‌که‌ وزه‌ی که‌متر تێدایه‌ له‌ شله‌ی فاسۆلیا  فاسۆلیای سه‌وز که‌متر له‌ فاسۆلیای وشک ، ئایا شله‌که‌ چه‌ور لێنراوه‌ و ئایا گۆشتی تێدایه‌، هەموو ئەمانە رۆڵی هەیە.

3- برنج و شله‌که‌ له‌گه‌ڵ چی ده‌خورێت، وه‌ک بڕ و جۆری ئه‌و گۆشت و مریشکه‌ی له‌گه‌ڵیدا ده‌خورێت.

4-بڕی ڕێگه‌پێدراو له‌ برنج له‌ که‌سێکه‌وه‌ بۆ که‌سێکی تر ده‌گۆڕێت، به‌ گوێره‌ی بڕی پێویستی له‌ش بۆ وزه،‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌موو جۆره‌کانی خواردن و خواردنه‌وه‌کان ده‌گۆڕێت، په‌یوه‌سته‌ به‌ کێش و باڵا و ڕێژه‌ی بارستایی له‌ش و ته‌مه‌ن و جۆری کار و ئه‌نجام دانی وه‌رزش و جووڵه‌ و بوونی نه‌خۆشی درێژخایه‌نه‌وه‌.
 
7-یه‌ک کوپ برنجی ده‌نک درێژ بڕی وزه‌ی که‌مترتێدایه‌ له‌ برنجی خڕ، برنجی بۆر له‌ برنجی سپی له‌ ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ زۆر باشتره،‌ به‌ڵام که‌مێک وزه‌ی زیاتر تێدایه‌. 

8- لە‌ کوردستان ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی زیاد بوونی کێش بریتی یه‌ له‌ خواردنی بڕێکی زۆر له‌ برنج ڕۆژانه‌ ژه‌مێک یان زیاتر، به‌کارهێنانی بڕێکی زۆر له‌ زه‌یت یا ڕۆن له‌کاتی لێنانی دا، خواردنی گۆشت و مریشک و په‌له‌وه‌ر له‌گه‌ڵی دا ، نه‌خواردنی زه‌ڵاته‌ پێش برنجه‌که‌ شان به‌ شانی هۆکاره‌کانی تری قه‌ڵه‌وی وه‌ک که‌می جووڵه‌ ، وه‌رزش نه‌کردن ، شه‌ونخوونی ، هتد.

9 ـــ برنجی کوردی له‌ ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ زۆر باشتره،‌ به‌ڵام ئه‌م ڕاستیانه‌ نابێت له‌ یاد بکرێن :

*له‌ کوردستانی باشوور بڕی به‌رهه‌م هێنراو له‌ برنجی کوردی زۆر که‌م بووەته‌وه‌ و هه‌موو لایه‌ک ده‌زانێت به‌شی یه‌ک هه‌فته‌ی چێشخانه‌کانی ده‌ره‌وه‌ ناکات.

* هه‌مان کوالێتی برنجه‌ کوردیه‌که‌ی جاران نیه‌ به‌ هۆی گۆڕانکاری له‌ شێوازی کشت وکاڵ و پێکهاتووی خاکه‌وه‌.

*کاتێک ده‌وترێت برنجی کوردی باشتره‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ زۆری لێ بخورێت یان هه‌موو ڕۆژێک بخورێت.

* برنجی کوردی بڕێکی زیاتر وزه‌ی تێدایه،‌ چونکه‌ ده‌نکه‌کانی ورده‌ و زیاتری لێ ده‌خورێت.

10 -شێوازی هه‌ڵه‌ی چێشت لێنان و خواردنی بڕێکی زۆر له‌ برنج ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه‌ له‌ زیاد بوونی کێش و قه‌ڵه‌وی .

11- لای هه‌مووان ڕوونه‌ ئه‌و جۆره‌ برنجه‌ی له‌ کوردستان به‌شێکی زۆری کوالێتیەکەی خراپه،‌ بۆیه‌ پێویسته‌ که‌متر بخورێت، به‌ زه‌یتێکی که‌م و خوێی که‌م لێبنرێت، به‌ ساده‌یی بخورێت، قاپێک زه‌ڵاته‌ و سه‌وزه‌ چه‌ند خوله‌کێک پێش برنجه‌که‌ بخورێت، ئه‌گه‌ر گۆشت و مریشکی له‌گه‌ڵ خورا یه‌ک پارچه‌ی بچووکی له‌گه‌ڵ بخورێت، به‌ نانه‌وه‌ نه‌خورێت. 

ئه‌م بابه‌ته 59852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP