مەحسون قرمزگول لەگەڵ خانمە هونەرمەندێکی کورد دەردەکەوێت

خەندان لایف-

ئەستێرەی بەناوبانگی تورکیا مەحسون قرمزگول، لەگەڵ خانمە هونەرمەندێکی شاری هەولێر دەردەکەوێت.

لانە زەنگەنە کە گۆرانیبیژێکی ناسراوی کوردستانە، گەشتێک بۆ تورکیا دەکات و لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە ئینستاگرام وێنەیەک لەگەڵ مەحسون قرمزگول بڵاودەکاتەوە و دەڵێت "هەمیشە جێگای دڵخۆشیە بینینی هونەرمەندان، بەتایبەت ئەمڕۆ لەگەڵ مەحسون قرمزگولدا".

لانە زەنگەنە لەدایکبووی شاری هەولێرە و باوکی کەرکوکیە، لە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵیەوە لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە هۆڵەندا و لەوێ نیشتەجێ دەبن، پاش تەواوکردنی خوێندن و ماستەرەکەی، کاری بزنس دەکات، هاوکات لەساڵی 2012 دەست بە کاری هونەری دەکات، لە ئێستادا خاوەنی کۆمپانیایەکی دەرهێنانە.

مەحسون لەدایکبووی ساڵی 1964 خەڵکی شاری دیاربەکرە و سەر بە خێزانی زازای کوردیە، ناوی ڕاستەقینەی "عەبدوڵا یوزانشیرە"، هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە ئیستەنبوڵ و لەوێ نیشتەجێ دەبن.

دواتر بەشی میوزیک لە زانکۆی ئیستەنبوڵ تەواو دەکات، جگە لەکاری گۆرانی وتن دەبێتە ئەکتەر لەهەمانکاتدا لە نوسینی سیناریۆ و دەرهێناندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و کاری ئاواز دانانیش دەکات.

ناوبراو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی یەکەم ئەلبومی لە ساڵی 1984 بەناوی Yürek Yarası ناوبانگێکی زۆر لەسەر ئاستی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستدەهێنێت، بەم شێوەیەش بەردەوام دەبێت و چەندین خەڵاتی گەورەی پێدەبەخشرێت، لە ئێستادا خاوەنی 18 ئەلبومە.

ئه‌م بابه‌ته 91381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP