ئۆزجان و هاوسەرەکەی دڵی دوژمنەکانیان دەتەقێنن

خەندان لایف-

دوای ئەوەی هەواڵی جیابوونەوەی ئۆزجان دێنیز و هاوسەرەکەی بڵاوکرایەوە، بە وێنەیەک رەتیدەکەنەوە.

ژیانی تایبەتی ئۆزجان دێنیز  بە چەندین پەیوەندی جیاواز لەگەڵ خانمان تێپەڕیوە، بە نمونە لەماوەی 24 ساڵدا پەیوەندی لەگەڵ چوار خانم گۆڕیوە، کە  سیان لەو خانمانە یەکێکن لە جوانترین خانمەکانی تورکیا، تەنها لەگەڵ یەک خانم هاوسەرگیری ئەنجامداوە، بەڵام دواتر بەهۆکارێکی نادیار جیابوونەتەوە، جگە لە چەندین پەیوەندی نهێنی دیکە.

ساڵی رابردووش دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە فایزە ئاکتان دووگیانە لە ئۆزجان دێنیز، دواتر لە ئاهەنگێکی بچوکدا ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێنا سەرەڕای ئەوەی 20 ساڵ لە خۆی گەنجتر بوو.

ماوەیەکی زۆرە دەنگۆی جیابوونەوەی ئەو دوو هاوسەرە بڵاوبووتەوە، بەڵام شەوی رابردوو بە دانانی وێنەیەک لە ئینستاگرام و هەواڵەکەیان رەتکردەوە، بەڵام هەندێک دەڵێن "ئەمە تەنها بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە و ئەوان گرفت و ناکۆکیان هەیە".

بێگومان ئەمە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، چونکە ئۆزجان لەرووی سۆزدارییەوە تێروانینێکی خراپی لەسەرە لەلایەن کۆمەڵگاوە، هەندێک لە کۆمێنتی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەڵێن "فایزە خواستی هەبوو بە منداڵ ئۆزجان بۆ خۆی بەدەستبهێنێت، بەڵام هێشتا باش نەیناسیوە، چونکە ئەگەر باش بوایە ئەو هەموو خانمەی نەدەگۆڕی".

یەکەم پەیوەندی ئۆزجان دێنیز لەگەڵ خانمێک بوو بەناوی هاندان، کە لە ساڵی 1992 هاوسەرگیری لەگەڵداکرد لە ئەڵمانیا، بەڵام دواتر جیابوونەوە لەساڵی 2002، دواتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە هۆکاری جیابوونەوەکەی ئەوە بووە کە ئۆزجان تەنها بەمەبەستی وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون ئەو هاوسەرگیریەی ئەنجامداوە.

پاشان لەساڵی 2010 هەواڵی بوونی منداڵێکی تەمەن 20 ساڵ بڵاوبۆوە لە ئۆزجان و هاوسەرە کۆنەکەی هاندان، بەڵام هەموو هەواڵەکان بەدرۆ خرانەوە لەلایەن خودی ئۆزجانەوە.

لەساڵی 1997 پەیوەندی لەگەڵ خانمێکی نمایشکار و ئەکتەری تورکی دروستدەبێت بەناوی ئەسین مورالی ئۆغلو، بەڵام بەشێوەیەکی نادیار و ناڕوون جیادەبنەوە.

لەساڵی 2008 ئۆزجان دێنیز پەیوەندی لەگەڵ خانمە ئەکتەر و شۆخوشەنگی تورکیا فاهریە ئێڤچەن دەبەستێت، لەساڵی 2012 لەپاش فیلمی "تۆ ماڵەکەمی" کە یەکێکە لە بەناوبانگترین فیلمەکان جیادەبنەوە.

لەدوای ئەو پەیوەندیە ئۆزجان پەیوەندیەکی نوێ لەگەڵ خانمێکی لاوی تورکیا دەبەستێت کە 22 ساڵ لە خۆی منداڵترە، خانمێکی نمایشکاری سەرنجڕاکێش بوو بە ناوی بوسە نارجی، دوای چەند مانگێک جیابوونەوە.

ئۆزجان دایکبووی ساڵی 1972 لە شاری ئەنقەرە، لە پاش پێنج ساڵ خانەوادەکەی دەچنە شاری "ئایدن"، لە تەمەنێكی زۆر بچوکدا دەست بە کاری هونەری دەکات، لە تەمەنی 14 ساڵیدا بە دەریای شین دەناسرێت بەهۆی کارە هونەریەکانیەوە، جگە لە نواندن و گۆرانی وتن سیناریۆی فیلمیش دەنوسێت و کاری دەرهێنان دەکات، لەدوای ساڵی 1985 بەتەواوی دێتە ناو بوارەکەوە پاشان لە ساڵی 1988 پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت لە کێبڕکێی دەنگە خۆشەکانی فیستیڤاڵی ئایدن، دواتر کۆچ دەکات بەرەو ئەڵمانیا.

ئۆزجان خاوەنی 11 ئەلبومی گۆرانیە، خاوەنی هەوادارێکی زۆرە لە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و جیهانی عەرەبیدا، لە ساڵی 1994 بۆ یەکەمجار بەشداری لە فیلمێکدا دەکات بە ناوی "پێی بڵێن خۆشمدەوێت"، دواتر بەهۆی سەربازیەوە ماوەیەک دوور دەکەوێتەوە، پاشان دەگەڕێتەوە چەندین بەرهەمی نوێ بڵاودەکاتەوە لە باری نواندن و گۆرانیدا.

ئه‌م بابه‌ته 57408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP