چیرۆکی ئەو شۆخە نمایشکارەی نەخۆشی داونی هەیە

خەندان لایف-

مادلین ستیوارت، ئەو شۆخە تەمەن 20 ساڵەیە، کە سەرەڕای نەخۆشیەکەی، دەبێتە نمایشکارێکی ناسراو لە جیهاندا، چونکە دوای بەدیهێنانی خەونەکەی دەکەوێت.

کاتێک مرۆڤێکی تووشبوو بە نەخۆشی داون دەبینین، رەنگە بەچاوی بەزەیی یان لاواز سەیریبکەین، بەڵام بێگومان حەز و خولیا و خەونی بۆ ژیان هەیە، کە ئەگەر پشتیوانی بکرێت، ژیرانە هەنگاوی بۆ دەنێت و پێیدەگات، هاوشێوەی مادلین ستیوارت.

مادلین، دایکی پشتیوانی سەرەکی بوو، بۆ ئەوەی ببێتە نمایشکاری جلوبەرگ و ناوبانگ لەسەر ئاستی جیهان بەدەستبهێنێت.

سەرەتا مادلین خەونەکەی بۆ دایکی باس دەکات، پێیدەڵێت "مەحاڵە و چۆن دەبێت، ئەوە روونادات، هەرچەندە قوربانیدانی دەوێت و رێگایەکی قورسە، بەڵام ئەگەر دەتەوێت، بێگومان هاوکاریت دەکەم و پشتیوانی سەرەکیت دەبم، هەوڵدەدەین".


یەکەم هەنگاو، دابەزاندنی کێشی بوو، بەشێوەیەژی رێک و تەندروست، لەرێگای راهێنانی وەرزشی و سیستمی خۆراکی باش، توانی 20 کیلۆ لە کێشی دابەزێنێت.

کاتێک وێنەکەی بڵاوکرایەوە، کە تووشبوویەکی نەخۆشی داون، توانی کێشی خۆی دابەزێنێت، راستەوخۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بینەرێکی زۆری بەدەستهێنا و 100 هەزار فۆڵۆوەرسی بەدەستهێنا، ئەمەش دەرگای نمایشکاری بۆ ئاسانتر کرد.

پاش ماوەیەکی زۆر کەم لە دانانی کۆمەڵێک وێنە و نمایش، هێندەی نەبرد لەلایەن سێ کۆمپانیای گەورەوە پەیوەندی پێوەکرا بۆ رێکلام، لەرێگای نمایشەوە، ئەمەش وایکرد رێگاکانی مادلین نزیکبێتەوە لە سەرکەوتن.

دایکی دەڵێت "کاتێک پەیوەندیمان پێوەکرا کە بەشداری هەفتە نمایشی نیویۆرک بکات، شۆک بوم، هەرگیز بڕوامان نەکرد" وردە وردە مادلین ناوبانگێکی زۆر پەیدادەکات و دەبێتە جوانترین نمونە بۆ نەخۆشەکانی داون.

دیزاینەری ئەفەریقی بەناوبانگ هێندریک فیمیولن، کە یەکەم کەس بوو لە هەفتەنمایشی نیویۆرک پەیوەندی بە مادلینەوە کرد و وتی "من هەمیشە حەزدەکەم پشتیوانی کەسانێک بکەم کە سەرەتایانە و هەوڵدەدەن، یان داهێنان و نوێگەری دەکەن، هەربۆیە پەیوەندیم بەو شۆخەوە کرد".

مادلین هێندە ناسراو، دواتر بەشداری لە چەندین هەفتەنمایشی وڵاتانی جیهان کرد وەک چین و دوبەی، لەهەمانکاتدا بووە هەواڵێکی سەرەکی میدیاکان و وێنەکانی گۆڤارەکان دەڕازێنێتەوە.

ئێستا لە بواری نمایشدا کۆمەڵێک نمایشکاری دیکەی نەخۆشی داون هەن، بەڵام مادلین بە جوانترینیان ناسراوە، دەرگایەکیش بوو بەو ئەو منداڵانەی دیکە کە تووشبووی نەخۆشی داونن و فەرامۆشدەکرێن، چونکە کاریگەری لەسەر خێزانەکان هەبوو، بۆ ئەوەی پشتیوانیان بکەن.

ئه‌م بابه‌ته 22485 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP