هەندێک رێنمایی گرنگ بۆ خانمانی دووگیان

خەندان لایف-

بەشێوەیەکی گشتی لەرووی تەندروستیەوە کاتێک خانمێک دووگیان دەبێت، دەروونی نائارام دەبێت و میزاجی تێکدەچێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەردوو هۆڕمۆنی "پرۆجیسترون و ئیسترۆجین"، بەڵام دەکرێت بەچەند رێگایەکی ئاسان رووبەرووی ئەم حاڵەتە ببیتەوە.

1-هەوڵبدە لەو ماوەیەدا زیاتر بایەخ بە خەو بدە و بحەوێرەوە، بەتایبەت شەوانە لەکاتی خۆیدا، یان زوو زوو دەتوانیت سەرخەوێک بشکێنیت، بەم شێوەیە مێشک ئارام دەبێتەوە و چالاکدەبیت.

2-وازبهێنە لە تەنیایی، دەتوانیت لەگەڵ هاوڕێکانت یان هاوسەرەکەت بچیتەدەرەوە، بۆ نمونە بۆ سینەما یان بازاڕکردن، بەوشێوەیە دووردەکەویتەوە لە دڵەڕاوکێ و دەروونت ئارام دەبێتەوە.

3-سیستمی خۆراکی تەندروست پەیڕەوبکە، چونکە هەندێک جۆری خۆراک وزە دەبەخشێت بە لەش و مێشک ئارامدەکاتەوە، بۆ نمونە مۆز یان شوکوڵاتەی تۆخ یان سەوزەوات وەک تەماتە و سپێناخ.

4-ئەگەر وەرزش ناکەیت، دەکرێت رۆژانە بەپێ بڕۆیت بۆ ماوەیەک، لایەنی کەم هەفتەی دووجار، چونکە مێشک ئارامدەبێتەوە و لە بیرکردنەوەی سلبی بەدووردەبیت، جگە لەوەی کرداری هەرس و هەناسەدانت چالاک دەبێت.

5-بەپێی راوێژی پزیشک کە بۆتی دیاریدەکات دەتوانیت ئەو خواردنەوە رووەکیانە هەڵبژێریت کە سروشتین و زیانت پێ ناگەینن، وەک ئاوی لیمۆ یان گوڵەبەیبون، بەڵام پرسی پزیشک بکە پاشان ئەو هەنگاوە بنێ.

ئه‌م بابه‌ته 7349 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP