ئەگەر توانیت 40 جار شناو بکەیت، دڵێکی تەندروست هەیە


خەندان لایف-

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی نوێ، ئەنجامدانی 40 شناو بەبێ وەستان، هێمایەکە بۆ دڵێکی تەندروست دوور لە نەخۆشی.

ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکان بۆ لەشێکی تەندروست،  لایەنی کەم هەفتانە سێجار ئەنجامبدرێت، چونکە جگە تەندروستیەکی باش، لەهەمانکاتدا لە پەستانی ژیانی رۆژانە دووردەخاتەوە و دەروون ئارامدەکاتەوە.

بەپێی هەواڵەکەی پێگەی dwی ئەڵمانی، پسپۆڕان پاش چەندین توێژینەوە دڵێکی تەندروست پەیوەست دەکەن بە ئەنجامدانی 40 شناوەوە، ئاماژەبەوەدەن "ئەو پیاوانەی تەمەنیان هەیە و ناتوانن لە 10 شناو زیاتر بکەن بەسەریەکەوە، مانای وایە تەندروستی دڵیان باش نییە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشیەکان زیاترە".

لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی "هارڤارد" لە ئەمەریکا لەنێوانی ساڵانی 2000-2007 ئەنجامدراوە لەسەر 1000 پیاو، کە تەمەنیان لەنێوان 21-66 ساڵدا بووە، لە کۆتایدا ئەوەدەخەنەڕوو، ئەو کەسانەی دەتوانن 40 جار بەسەریەکەوە شناو بکەن، خاوەن دڵێکی تەندروستن و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیە مەترسیدارەکانی دڵ لە 96٪ کەمترە.

ئه‌م بابه‌ته 14269 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP