ئەگەر منداڵەکەت باڵای کورتە، ئەم رێنماییانە پەیڕەوبکە


خەندان لایف-

وه‌ستانی گه‌شه‌ی باڵای منداڵ و هەرزەکاران بابه‌تێکی هه‌ستیاره‌ و دەگەڕێتەوە بۆ کێشه‌یه‌کی ته‌ندروستی،  کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵان هەیە بەتایبەت لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، لەمبارەیەوە پسپۆڕی زانستی خۆراک و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی، هاوکات ئه‌ندامی کۆلیژی ئه‌مریکی بۆ زانستی خۆراک د.کامەران رەسول ژاژڵەیی باس هۆکارەکانی دەخاتەروو، هاوکات هەندێک رێنمایی دەدات.

1-کورتی باڵا واتە باڵای مرۆڤ که‌متر بێت له‌ باڵای ئاسایی به‌ گوێره‌ی ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و کێش و ده‌توانرێت ده‌ستنیشان بکرێت، بەشێوەیەکی گشتیس باڵای مرۆڤ له‌ ته‌مه‌نی 25 ساڵەوە ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام زۆرینه‌ی کچان له‌ 17 ساڵ و نیو و کوڕان له‌ 18 ساڵ و نیو دا گه‌شه‌ی باڵایان دەوەستێت.
 
2- باڵای هه‌موو که‌سێک کاریگه‌ری بۆماوه‌یی له‌سه‌ره‌ و پزیشک ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی باڵای چاوه‌ڕوانکراو و ئاسایی ئه‌و که‌سه‌ له‌ کاتی پێگه‌شتتن دا به‌ چه‌ند هاوکێشه‌یه‌ک ده‌ستنیشان بکات، که‌ پشت به‌ باڵای باوک و دایکی منداڵه‌که‌ ده‌به‌ستێت .

3- پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشک بکات بۆ ده‌ستنیشانکردنی هۆکاری کورتی باڵا و چاره‌سه‌رکردنی ئه‌گه‌ر بکرێت. 

4- ئه‌و پشکنینانەی پێویسته‌ بکرێن:

*پشکنینی هۆرمۆنی گه‌شه‌، که‌ پێویسته‌ لەنێوانی یەک کاتژمێردا دووجار خوێن وەربگیرێت، له‌گه‌ڵ هۆرمۆنی گه‌شه‌ی له‌ ئه‌نسۆلین چوو .

* پشکنینی غوده‌ی ده‌ره‌قی
* پشکنینی ڤیتامین دی 
* تیشکی ئێسک بۆ ده‌ستی چه‌پ 

* پشکنینی دیکە به‌ گوێره‌ی حاڵه‌تی منادڵه‌که‌ ئه‌گه‌ر پێویست بکات، بەڵام بێگومان پزیشک بڕیاڕ ده‌دات. 

ئایا دەرمانێک هەیە گەشەی باڵا زیادبکات و پزیشک دیاریبکات؟ چونکە رۆژانە رێکلامی جیاواز دەبینین بۆ دەرمانی زیادکردنی باڵا؟
دەرمانێک کە لەلایەن پزیشکەوە دادەنرێت تایبەتە بە هۆرمۆنی گه‌شه‌، کە له‌ ڕێگا‌ی ده‌رزیه‌وە، یان حەب و قه‌تره‌ و سپرای هه‌یه‌ ، بەڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی زانستیم نه‌دیوه‌ له‌ سەر ئەو دەرمانانەی رێکلامی بۆ دەکرێت و له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کان پزیشکه‌کان به‌کاریناهێنن و ڕێگاپێنەدراوە، ئەگەر کەسێک بەکاریهێنا، باشترە رەچاوی ئەم خاڵانە بکات:

1-پێش به‌کارهێنان سه‌یری مێژووی به‌سه‌ر چوونی ده‌رمانه‌که‌ بکە.

2-سه‌یری ناوی پێکهاتووه‌کانی ناو ده‌رمانه‌که‌ ، ئه‌گه‌ر ناوێکی نه‌ناسراوی تێدا بوو له‌ ئینتەرنێت بگه‌ڕێ به‌ دوایدا.
 
3-هەرگیز به‌ ته‌له‌فۆن و له‌ ڕێگه‌ی ئینتەرنێتەوە مەیکڕە، بەڵکو لە نزیکەوە ببینە پاشان بڕیاربدە.

4-پرسیاربکە لە فرۆشیارەکە، ئایا پزیشکی پسپۆڕ یان پزیشکی ده‌رمانسازیان هەیە یان ده‌رمانخانه‌ی ڕێگه‌ پێداراویان هه‌یه‌.

5-دەکرێت بپرسیت ئایا تووشی هیچ نەخۆشیەکت ناکات، ئەگەر تووشبوویت قەرەبووی هەیە؟

6-گژوگیا و ده‌رمانی ڕووه‌کی مه‌رج نیه‌ سه‌لامه‌ت و بێ زیان بێت، یان بۆ هەموو کەسێک گونجاوبێت.

ئه‌م بابه‌ته 33896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP