هەندێک ئامۆژگاری بۆ پابەندبوون بە سیستمی خۆراکی تەندروست


خه ندان لایف-

لەپێناو تەندروستیەکی باش و دوور لە نەخۆشی، یان زیادبوونی کێش پێویستە پشت بە خواردنی تەندروست ببەستیت، واتە گرنگە ژەمەکانت هەمەجۆر بێت و پێویستییەکانی جەستە پڕبکاتەوە بە هاوسەنگی، ناکرێت بە تەنها چەوری بخۆیت و بایەخ بە ڤیتامین و میوەکان نەدەیت، ئەمە سیستمێکی هەڵەیە.

هەندێک رێنمایی بۆ رێکخستنی سیستمی خۆراکیت:

1-پرۆتینەکان
یەکێک لە باشترین رێنماییەکان هەڵبژاردنی خواردنی پرۆتینەکانە لە سیستمی خۆراکی رۆژانەدا، بەشێوەی رووەکی بێت یان ئاژەڵی، بۆ ئەوەی جەستە سوود لە ترشە ئەمینیەکان وەربگرێت، کە دەبێتەهۆی پێدانی وزە بە لەش و لە تەمبەڵی و خەواڵووی دووردەخاتەوە.

2-سەوزە و میوە
گرنگە لە سیستمی خۆراکی رۆژانەدا بایەخ بە سەوزە و میوە بدەیت، بۆ ئەوەی جەستەت سوود لە ڤیتامینەکان وەربگرێت، بەتایبەت ڤیتامین سی کە زیاتر لە میوە ترش و سەوزە گەڵاکاندا هەن، وەک سپێناخ و کەلەرم، لەلایەکی دیکەوە بوونی پێکهاتەی کالسیۆم و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم و ئاسن لە سەوزە و میوەکاندا، کاریگەری لەسەر پاراستنی لەش هەیە لە نەخۆشیەکان و رێگا لە کۆبوونەوەی چەوری دەگرێت.

3-ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندە بە نیشاستە و کاربۆهێدرات
بەشێوەیەکی گشتی ئەم جۆرە خواردنانە رێژەی ریشاڵی زۆرە کە وادەکات کرداری هەرس بپارێزێت و چالاکیەکانی ریخۆڵە و گەدە رێکدەخات، لەهەمانکاتدا زوو تێرتدەکات و لە زۆر خواردن دووردەکەویتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی تەندروست بیخۆ بۆ نمونە برنج سپی بگۆڕە بۆ بۆر، یان سەمون و نانی جۆ بخۆ، بۆ ئەوەی کێشت زیادنەکات.


4-بەهارات
بێگومان ئەم جۆرە پێکهاتانە لە ئامادەکردنی خواردندا بەکاردەهێنرێت، کە یاریدەی چالاکبوونی کرداری هەرس دەدات و لە ژەهراوی بوون و میکرۆب دەتپارێزێت، جگەلەوەی تام و بۆنێکی خۆشی هەیە، لەهەمانکاتدا یارمەتیدەرەی بۆ دابەشکردنی بەها خۆراکیەکان بۆ تەواوی بەشەکانی جەستە و خانەکان، وەک ئاڵەتی رەش کە سوڕی خوێن چالاکدەکات.


5-خواردنەوە تەندروستەکان
ئاشکرایە کە جۆرەها خواردنەوە هەیە رۆژانە دەیخۆینەوە وەک چا، بەڵام گرنگە بایەخ بە خواردنەوە تەندروست و بەسوودەکانی بدەین گەرم بێت یان سارد، وەک شەربەتی میوەکان بەشێوەیەکی فرێش، بۆ نمونە خواردنەوەی پەرداخێک شەربەتی پرتەقاڵ بەیانیان یارمەتیدەرە بۆ پاراستنت لە نەخۆشیەکانی ئەنفلۆنزا و سەرمابوون، هاوکات خواردنەوە رووەکیەکان وە زەنجەبیل و چای سەوز و گوڵە بەیبون، کە هۆکارە بۆ پاراستنی کرداری هەرس و کەمکردنەوەی چەوری لەش.

ئه‌م بابه‌ته 6404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP