10 ڕێگای خێرا بۆ كەمكردنەوەی سەرئێشە

خەندان-

بەپێی لێكۆڵینەوەكان بە نزیكەیی نیوەی دانیشتوانی زەوی لە پێگەیشتوان لە ساڵێكدا لایەنیكەم جارێك  تووشی سەرئێشەدەبن، سەرئێشەش زۆرجۆری هەیە لەوانە "شەقیقە یان ئەو سەرئێشانەی بەهۆی فشاری دەروونی و كێشەكانی چاو و بینین و جیوبەوە توشماندەبن"

بەشێوەیەكی گشتی ئەو سەرئێشانەی بەهۆی فشارەوەیە زیاتر بەربڵاوە و كاریگەری هەیە لەسەر نزیكەی 1.6 ملیار كەس، چونکە سەرئێشە پێشوەخت ئاگادارت ناكاتەوە لە هاتنی و لەوانەیە لە هەر كاتێكدا تووشببیت.

 دەتوانیت سوود لەم 10 ڕێگایە وەربگرێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی:

1-چارەسەركردن بە كۆنترۆڵكردنی پلەی گەرمی جەستە
خۆشتن بە ئاوی گەرم ماسولكە گرژەكان دەكاتەوە و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی سەرئێشە، لەوانەیە هەموو كاتێك نەتوانیت خۆتبشۆیت، هەربۆیە دەتوانیت سوود لەبەكارهێنانی پەستانی گەرم وەربگریت.

2-زەیتی لاڤێندەر 
زەیتی لاڤێندەر لەسەر ناوچەوانت دابنێ و بەهێواشی مەساجی پێبكە، ئەگەر لەوكاتەشدا لە ژورێكی بێدەنگی تاریكدابیت و پاڵبكەویت یارمەتیدەرتدەبێـت بۆ كەمكردنەوەی سەرئێشەکەت.

3-خواردنەوەی ئاو
كەمی ڕێژەی ئاو لە لەشدا هۆكارێكی سەرەكیە بۆ سەرئێشە، بۆ ئەوەی لەو جۆرە ژانەسەرە بەدووربیت، رۆژانە رێژەیەكی باش ئاو بخۆرەوە، بەڵام وریابە زۆرخواردنەوەی ئاویش لەوانەیە ببێتە هۆی كەمبوونەوەی سۆدیۆمی جەستە، بەهۆی توانەوەی سۆدیۆمە كاتێك رێژەی ئاو زیاد لە پێویست دەبێـت، دیسانەوە سەرئێشە و گێژبوونی لێدەكەوێتەوە.

4-چارەسەری سروشتی
زەنجەبیل بەدرێژایی زیاتر لە سەدەیەك بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەركردنی ژانەسەر بەتایبەتی شەقیقە، لێكۆڵینەوە نوێیەكانیش دەریانخستووە كە سوودی زۆری هەیە بۆ چارەسەری سەرئێشە، لەكاتی ژانەسەردا دەتوانیت كەوچكێكی چا لە زەنجەبیلی كوتراو بخەیتە ئاوەوە و بیخۆیتەوە.

5-مەساجكردنی ئەم ناوچەیەی دەست
بۆماوەی 10 چركە بەتوندی فشاربخەرە سەر ئەو خاڵەی دەستێكت و بەشێوەیەكی بازنەیی بە ئاراستەی میلی كاتژمێر مەساجی بۆ بكە، دواتریش بۆماوەی 10 چركە بە پێچەوانەی میلی كاتژمێر هەمانكار دووبارە بكەرەوە، دواتر هەمانكار بۆ دەستەكەی دیکەت ئەنجامبدە.

6-فشارخستنەسەر ئەم ناوچەیەی قاچ
ئەو شوێنە دەكەوێتە چوارپەنجە سەرووتری بەرزترین خاڵی جومگەی پێیەكانەوە، بە پەنجەگەورەی دەستەكانت بۆ ماوەی 4-5 چركە، فشارێكی توند بخەرەسەر ئەو جێگایە و مەساجی بۆ بكە، ئەم كردارە فشاری دەروونی كەمدەكاتەوە و كاریگەری لەسەرخۆبوونەوەی هەیە لەسەر مێشك.

7-فشارخستنە سەر ناوچەی ئاگاداری مێشك 
دەكەوێتە چاڵاییەكەی نێوان ماسولكەی مل لەپشتەوە و ژێر كەلـلەی سەر، بە بەكارهێنانی دووپەنجەی دەستەكانت بە توندی فشاربخەرە سەرهەردوولا بۆ ماوەی 10 چركە، پاشان دوای 10 چركە دەستپێبكەرەوە.

8-شێلانی نێوان لوت و چاوەكان
ئەو جێگایە كەوتووەتە هەردوو دیوی لووتەوە، بە بەكارهێنانی پەنجەی هەردوودەست دەتوانیت فشاربخەیتە سەر هەردوولا بە بەردەوامی بۆ ماوەی 10 چركە، پاش 10 چركە دەتوانیت دووبارە دەستپێبكەیتەوە.

9-شێلانی نێوشانەكان
دوو خاڵی نێوان شانەكان خوار پشتی مل، بە پەنجەگەورەی دەست بەشێوەیەكی بازنەیی لای چەپ بشێلە، بۆ ماوەی 1 خولەك، پاشان بە هەمانشێوە بۆ لای راستت دووبارەبكەرەوە.

10-هەردوولای كۆتایی چاوەكان
پەنجەكانی دەستت بە هێواشی و نەرمی بەسەر هەردوولای كۆتایی چاوەكانتدا بهێنە هەتا دێیتەوە سەرخۆ، ئەم كردارە یارمەتی كەمكردنەوەی ئازاری شەقیقە دەدات.



 

ئه‌م بابه‌ته 21120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP