بەپێی گروپی خوێنەکەت خواردنەکانت هەڵبژێرە


خەندان لایف-

بەشێوەیەكی گشتی چوار جۆر گروپی خوێن هەیە، كە بریتین لە (AB,A,B,O) بە دوو شێوەی جیاواز (زائد و ناقس)، زاناكانیش دەڵێن لەرێگای زانینی گروپی خوێنەکەتەوە دەتوانیت بزانیت کام خواردنە بۆتۆ باشە و گونجاوە.

بەگوێرەی توێژینەوەکان جۆری گروپی خوێنەكەت كاریگەری هەیە لەسەر هەرسكردنی خۆراك لە كۆئەندامی هەرسدا، هەربۆیە بەپێی هەر یەكێك لە گروپەكانی خوێن دەتوانرێت پێشنیاری خواردنی تایبەت بكرێت، تا بە باشترین شێوە ژەمەكانی رێكبخات.

جۆری A
بۆ ئەو كەسانەی لەم گروپەی خوێنەن، خواردنی سەوزە و میوە باشترینە، هەڵگری ئەم جۆرە خوێنە ئاستی ترشی لە گەدەیاندا كەمە و ناتوانن بە باشی چەوری و پرۆتینی ئاژەڵ هەرسبكەن، بۆیە پێشنیاریان بۆ دەكرێت میوە و سەوزەی زۆر بخۆن لەگەڵ پاقلەمەنیەكان، گرنگە كە ئەو خواردنانەش بە شێوەیەكی سروشتی و فرێش بخۆن بەبێ ئەوەی تێكەڵی هیچ شتێكی دیكەیان بكەن.

جۆری B
هەڵگرانی ئەم گروپی خوێنە بە "هەمەخۆر" دادەنرێن، واتا دەتوانن خواردنی جۆراوجۆر بخۆن، هەرچەندە خواردنەكانی وەكو تەماتە و گەنم و گەنمەشامی و فستق دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی كێش و شەكەتی و كەمبوونەوەی رێژەی شەكری خوێن. 

جۆرێكیتر لەو خواردنانەی كە هەڵگرانی گروپی B دەبێـت خۆیانی لێبەدووربگرن مریشكە، هەرچەندە ژەمێكی سوكە، لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتە و نارێكی سیستەمی بەرگری لەشیان، واباشترە بیگۆڕن بە گۆشتی بەرخ و بزن و كەروێشك.

جۆری AB
ئەم گروپە دەگمەنترین و تازەترین گروپی خوێنە، تایبەتمەندیەكانی گروپی A و B هەڵگرتووە، هەڵگرانی ئەم گروپی خوێنە هاوشێوەی گروپی A ڕێژەی ترشەڵۆكی گەدەیان نزمە، بەڵام توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ گۆشتدا هاوشێوەی گروپی Bە، خواردنە دەریاییەكان و هێلكە و سەوزەی گەڵاییەکان بۆ ئەم جۆرە گروپە بەسودە، پێشنیاریان بۆدەكرێـت كەمخۆرێكی بەردەوامخۆربن، چونكە بەمشێوازە هەرسیان چالاکدەبێت

جۆری 0 
ڕێژەی ترشەڵۆكی گەدەیان بەرزە و توانایەكی زۆرباشیان هەیە لە هەرسكردنی پرۆتین و چەوری گۆشتی ئاژەڵ، خواردنی ڕێژەیەكی زۆر لە گۆشت و ماسی و سەوزە و میوە سودێكی زۆریدەبێـت، بەشێوەیەكی گشتی و بە ئاسانی كاربۆهایدرەیتەكانی وەك پاقلە و دانەوێڵە و پاقلەمەنی لەشێوەی چەوری لە جەستەیاندا هەڵدەگیرێت، هەربۆیە واباشترە لەوجۆرە خواردنانە دوربكەونەوە.

ئه‌م بابه‌ته 71056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP