هۆکارەکانی هەڵئاوسانی گەدە


خەندان لایف-

هەڵئاوسانی گەدە کێشەیەکی تەندروستی باوە، کە دەبێتەهۆی بێزارکردن و تێکدانی باری دەروونی ئەو کەسە، بەڵام پێویستە هۆکارەکەی بزانیت و چارەسەری بکەیت بە راوێژی پزیشک.

بەگوێرەی هەواڵێکی پزیشکی rotana ئەو هۆکارانەی دەبێتەهۆی هەڵئاوسانی گەدە:

1-ئەو کەسانەی زیاد لە ماوەی پێویست کاردەکەن و دادەنیشن و دەمێنەوە لەسەر کارەکانیان، بەگوێرەی زانیارییەکان مانەوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر دەبێتەهۆی هەڵئاوسانی گەدە و کۆبوونەوەی غازاتێکی زۆر، هەر بۆیە ئامۆژگاری دەکرێن کە بجوڵێن تا سوڕی خوێنیان چالاک بێت تووشی هەڵئاوسان نەبن.

2-پەیڕەویکردنی ژەمی خۆراکی ناتەندروست ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە هەڵئاوسانی گەدە و کۆبوونەوەی غازاتدا، هەوڵبدە هەموو ژەمەکانت خواردنی قورس و چەور و پڕ لە شەکر نەبێت، ژەمەکانت بەشێوەیەکی یەکسان دابەش بکە و زیاد لە پێویست مەخۆ.

3-جگەرەکێشان هۆکارێکی تری هەڵئاوسانی گەدەیە، هەر بۆیە ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت کە دووربکەونەوە لە جگەرەکێشان تا تووشی هەوکردنی گەدە و هەڵئاوسانی نەبن.

4-توێژینەوەکان جەخت لەوەدەکەنەوە خواردنی هەندێک دەرمان دەبێتەهۆی هەڵئاوسانی گەدە بەهۆی کارلێککردنەوە، کاتێک هەست بەو حاڵەتە دەکەیت هەوڵبدە سەردانی پزیشک بکەیت بە زووترین کات.

5-پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ تێکدانی تەندروستی گەدە، دەبێتەهۆی هەڵئاوسانی کۆڵۆن و کۆبوونەوەی غازات، هەر بۆیە هەوڵبدە خۆت لەو پەستانە دەروونییە ڕزگار بکەیت بە چوونە دەرەوەیەک یان هەر کارێکی تر کە ئارامت دەکاتەوە.

ئه‌م بابه‌ته 10050 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP