ئەکتەرێک چاوەڕوانی سۆز و خۆشەویستی سێلینا گۆمێز دەکات


خەندان لایف-

بارودۆخی ئێستای ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی سێلینا گۆمێز هەوادارانی خەمبارکردووە، بەڵام نازانرێت کەی دەگەڕێتەوە و ئەکتەرێکی گەنجیش چاوەڕوانی خۆشەویستی لێدەکات.

پاش چەند جارێک دروستکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان سێلینا و گۆمێز و جاستن بیبەر و جیابوونەوە، دواجار جاستن بیبەر ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا، لەدوای ئەم گۆڕانکاریانە سێلینا گۆمێز بەهۆی ناجێگیر بارودۆخی دەروونیەوە بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، لەوبارەیەوە دەنگۆی جیاواز هەبوو کە هۆکاری ئەو حاڵەتەی سێلینا چییە؟ ئایا جاستن بیبەر هۆکارە؟

هەفتەی رابردووش پاش وەرگرتنی چارەسەر و دەرچوونی لە نەخۆشخانە، لە رێکلامێکی تەلەفیزۆنیدا بۆ مارکەیەکی بەناوبانگی وەرزشی دەرکەوتەوە، ئەمەش هەوادارانی دڵخۆش دەکات و بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی کاری نوێی هونەری لێدەکەن.

نوح سێنتینو، کە یەکێکە لە ئەکتەرە لاوەکانی ئەمەریکا و 22 ساڵە، لەسەر وێنەیەکی سێلینا گۆمێز لەگەڵ دەرهێنەرێکی ناسراو لە کۆمێنتێکدا دەڵێت "ئەو زۆر نایاب و باشە".

بەهۆی ئەوەی ئەمە یەکەم وەسفی ئەم ئەکتەرە نییە بۆ سێلینا گۆمێز، کاردانەوە و لێکدانەوەی جیاوازی لەناو میدیاکان و هەوادارانی لێدەکەوێتەوە، هەندێک  دەڵێن ئەو گەنجە هەستێکی تایبەت و خۆشەویستی بۆ سێلینا هەیە و هیوای هەیە کە سێلیناش وەڵامێکی هەبێت.

سێلینا گۆمێزی، تەمەن 26  ساڵ، هونەرمەندێکی دیاری بواری میوزیکی پۆپە، چەندین کاری ناوازەی هەیە، سەرەتا وەک ئەکتەر دەستیکرد بە کاری هونەری، پاشان لە بواری میوزیکدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، چەندین خەڵاتی جیهانی پێ بەخشراوە، لەوانە خەڵاتەکانی MTV و ئاڵما و AMA.

 

ئه‌م بابه‌ته 25717 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP