کاریگەرییەکانی سەیرکردنی تەلەفیزۆن لەسەر منداڵ


خەندان لایف-

لە ئێستادا کاتێک منداڵ لەدایکدەبێت، چاوی بە کۆمەڵێک ئامێری تەکنەلۆژیا دەکەوێت لە دەوروبەری وەک تەلەفیزیۆن و کۆمپیوتەر و مۆبایل و کۆمەڵێک ئامێری دیکە.

بوونی ئەم ئامێرانەش لەنێو ماڵدا ئاساییە و بەشێوەیەکی گشتی بۆ چێژ وەرگرتن و بەڕێکردنی کاتە، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەبین بەسەربردنی ماوەیەکی زۆر بەدیار ئەم ئامێرانەوە زیانی هەیە بۆ گەورە و بچوک، بەڵام بێگومان بۆ منداڵان زیاتر.

زۆرکات بۆ سەرقاڵکردنی منداڵەکە و دوورخستنەوەی لەخۆت بۆ ئەوەی دەست نەگرێت، بەهۆی ئەوەی کارت هەیە، بۆ ماوەیەکی زۆر بە تەلەفیزیۆن یان کۆمپیوتەر یان مۆبایل سەرقاڵی دەکەیت، بێ ئاگا لەوەی ئەم ئامێرانە چ زیانێک بە منداڵەکەت دەگەیەنێت.

بەگوێرەی هەواڵەکەی hayatouki زیانەکانی زۆر سەیرکردنی تەلەفیزۆن و کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی دیکەی هاوشێوە بۆ منداڵان چین؟

1-سێ ساڵی سەرەتا (1-3) منداڵ مێشکی گەشەدەکات و کاریگەر دەبێت بەهەر شتێک لە چواردەوریدایە،  ئەوەی لە شاشەکاندا دەبینرێت تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازە لە ڕاستی، بەڵام منداڵ هەست بەوەناکات تەنها سەرنج دەداتە ڕەنگەکان و جوڵەکان و کاریگەر دەبێت بە ڕووداوەکان و تووشی جۆرێک لە شەڕەنگێزی دەکات و کار لە گەشەی مێشک دەکات کاتێک بەو بچوکیە سەیری دەکات.

2-توێژینەوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆر سەیرکردنی شاشەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی کاریگەری سلبی لەسەر ژیری و ئەقڵی ئەم منداڵە و سەرنجی کەمدەکەنەوە، بەڵام زانایانی ئەمریکا ڕایان جیاوازە، چونکە بەپێی توێژینەوەیەک %25-33 دایکان و باوکان پێیان وابووە تەلەفیزیۆن یارمەتیداون تا منداڵەکانیان فێربێت.

3-بەشێک لە پرۆفیسۆران و توێژەران جیاوازیان کرد لەنێوان منداڵانی قۆناغی شەش و کردیانن بو دوو بەشەوە، بەشێک لەدەرەوە یاریان دەکرد و بەشێکی دیکە بەردەوام لەماڵەوە بەدیار شاشەکانەوە بوون، دەرکەوت جیاوازیەکی زۆر هەیە، چونکە نمرەی ئەو خوێندکارانەی دووربوون لە شاشە و کەمتر سەیریان دەکرد زۆر بەرزتربوو، ئەمەش مانایی وایە کار لە زیرەکیان دەکات.

4-منداڵ بە سروشتی خۆی وایە کاریگەر دەبێت بە کەسایەتیەکی نێو کارتۆنەکان، ڕەنگە زۆر کات سەرسام بێت بەیەکێک لە کەسایەتیە سەرکێش و شەرانگێزەکان، ئەمەش تووشی ڕەفتاری توڕە و شەرانگێزی دەکات، واتە هەڵبژاردنی ئەو کارتۆنەی سەیری دەکات زۆر گرنگە.

4-سەیرکردنی فیلم و کارتۆنی خراپ و ترسێنەر و شەرانگێزانە، دەبێتەوە بە خەو بۆ منداڵ و کاریگەری زۆری لەسەر دروست دەکات و وایلێدەکات خەوی ناخۆش ببینێت.

لەکۆتایدا هەموو ئەم خاڵانە ئەوە دەگەیەنێت، کە پێویستە پێش تەمەنی دیاریکراو ڕێگە نەدەین منداڵ نزیک بێتەوە لەو ئامێرانە و لەهەمانکاتدا کاتیان بۆ دیاریبکەین و ئاگاداری هەڵبژاردنی جۆری ئەو فیلم و کارتۆن و یاریە ئەلکترۆنیانە بین کە ئەنجامیدەدەن و سەیری دەکەن، ئەگەر سەیری پڕۆگرامێکی فێربوونی زمان بکات، بێگومان سوودی دەبێت و فێردەبێت.

ئه‌م بابه‌ته 18813 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP