بەوێنە.. ئەکتەرێکی کورد لەپێناو ڕۆڵەکەی کێشی خۆی زیاددەکات


خەندان لایف-

ئەکتەری شانۆیی ناسراو زەریا سامی، لەپێناو بەرجەستەکردنی رۆڵەکەی بەشێوەیەکی باشتر بڕیاردەدات کێشی زیادبکات.

زەریا سامی، یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە لەم ساڵانەی دوایدا توانی بەتەکنیک و شێوازی نواندنی بینەرانی شانۆ سەرسام بکات، ئەو لەپاڵ ئەو ئامادەبوونە پڕ وزەیەی کە لەسەر شانۆ هەیەتی هەرجارێک لە کارێکی شانۆی بەشدار دەبێت، وادەکات بینەرانی بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی بکەن.

لە کاری ئەمجارەیاندا بۆ ڕۆڵەکەی لە ناو شانۆیی "بەردەرگای جەهەنەم"، لەماوەی کەمتر لە 72 ڕۆژ توانیویەتی زیاتر لە 15 کیلۆگرام لە کێشی زیادبکات، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان لایف، زەریا ڕایگەیاند"من بۆ هەر کارێک کە دەیکەم، بۆ ئەوەی بتوانم بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی بینەرەکانم ببمەوە، هەرشتێک پێویست بێت ئەنجامیدەدەم، بۆ نمونە بۆ بەرجەستەکردنی کارەکتەری نەورەس لە شانۆیی ( بیردەچیتەوە وەک ئەوەی هەر نەبووبیت) نزیکی چوار مانگ خولی موزیکم بینی بۆ فێربوونی ئامێری باڵەبان.

پاشان بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵی یوسف لە شانۆیی (ملوانکەی پچڕاو) خۆم فێری جگەرە کرد و نزیکی شەش کیلۆ لە کێشی خۆم دابەزاند، ئەم جارەش بۆ کارەکتەرەکەم لە شانۆیی (بەردەرگای جەهەنەم لە کەمتر لە دوو مانگدا 15 کیلۆ لە کێشم زیاد کردووە)".

شانۆیی "بەردەرگای جەهەنەم"  لە نوسینی کاروان سۆفی و دەرهێنانی محەمەد مستەفایە، لە ڕۆژی 17ی مانگی تشرینی یەکەمی 2018 و ڕۆژانی دوایی لە تەلاری هونەر کاتژمێر 4:30 خولەکی دوا نیوەڕۆ نمایشدەکرێت.

ئه‌م بابه‌ته 61471 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP