زۆرترین خوێنراو
 
Loading
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ داهاتووه‌وه‌ راوه‌ماسی قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت
11:32:24/02/2013
خه‌ندان ـ

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتیی سامانی ئاژه‌ڵ‌و ڤێتێرنه‌ری، هاوڵاتییان ئاگادارده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتووه‌وه‌ راوكردنی‌ ماسی قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت.  

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 24ی‌ شوبات) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی بۆ (خه‌ندان) نێردراوه‌، هاتووه‌: "به‌مه‌به‌ستی پاراستنی سامانی ماسی له‌ له‌ناوچوون و كه‌مبوونه‌وه‌، وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ماسی له‌م كات و ساته‌ی ساڵدا خه‌ریكی زاووزێ و گه‌را دانانه‌، به‌پێی یاسای ژماره‌ (48 ی ساڵی 1976) قه‌ده‌غه‌كردنی راوی ماسی له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین له‌ 15/3/2013 تا 31/5/2013".
 
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "گشت راوچی و ماسیگره‌كانی (قولاب و تۆڕ و ڕێگاكانی تر) ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی دیاریكراوی سه‌ره‌وه‌دا راوی ماسی قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانی ڕاوكردن، له‌ ده‌ریاچه‌ و روبار و  رووبه‌ره‌ ئاویه‌كان، هه‌روه‌ها راوكردنی ماسی به‌رێگای (تۆری كون ورد و كاره‌باو ژه‌هر و ماده‌ كیمیاوی و ته‌قه‌مه‌نیه‌كان) له‌هه‌موو كات و ساتێكدا قه‌ده‌غه‌یه‌‌و هه‌ركه‌سێك سه‌رپێچی بكات خۆی به‌رپرسیار ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌یاسای ژماره‌ (48 ی ساڵی 1976) و به‌وپێیه‌ سزاده‌درێت".

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، د.ئازاد خۆشناو،پزیشكی ڤێتێرنه‌ری ڕاوێژكار‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێتێرنه‌ری ده‌ڵێت:  "داواكارین له‌ گشت داموده‌زگا حكومییه‌كان و قایمقامیه‌ت و پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی دارستان، كه‌ هاوكاری به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتییه‌كه‌مان بكه‌ن بۆ پاراستنی ئه‌م سامانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌".
 
ئه‌م بابه‌ته 331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌