سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ ته‌نها لایه‌نێك ناكرێت

هانا قاسم
یه‌كێ له‌ باس و خواسه‌ گرنگه‌كانی ئه‌مڕۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی بوونی باشوری كوردستانه‌ ، نه‌ك ته‌نها له‌ نێوخۆی كوردستان به‌ڵكو له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاردانی جیهانیش ، ئه‌م پرسه‌ كه‌ له‌ ئێستادا گرنگییه‌كی زۆری پێ ده‌درێت له‌ ڕابردوودا باس كردنی قه‌ده‌غه‌ و قبوڵ نه‌كرا بوو ، خۆش به‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كات و سه‌رده‌مێ زیاتر ده‌رفه‌ت هاتووه‌ته‌ پێش بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ .  

 ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ی گه‌لی كورد كه‌ به‌ درێژایی مێژوو خه‌باتی بۆ كردووه‌ هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا هه‌زاران گه‌نجی جوانه‌مه‌رگ خوێنی بۆ ڕشتووه‌ ، ئه‌وه‌تا هێزی پێشمه‌رگه‌ سنوره‌كانی كوردستانیان به‌ قاره‌مانێتی دیاری كردووه‌ و ده‌یپارێزن ، له‌ هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندیه‌ دیبلوماسییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ زل هێزه‌كانی دنیا ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌ره‌و پێش ده‌چێت بۆ باشتر ، هه‌روه‌كو گۆڕانكاریه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ‌و نزیك بونه‌وه‌ی كۆتایی هاتنی رێكه‌وتنی ( سایكس بیكۆ ) و داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورده‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش كه‌ره‌سته‌ی باش و پێویسته بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان .

به‌ڵێ له‌ ئێستادا كێشه و قه‌یرانی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ململانیه‌كی قورس و نا ته‌ندروست له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بونی هه‌یه‌ ، به‌ڵام ناكرێت ئه‌م هۆكارانه‌ ڕێگر بێت تا‌ ببینه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ .
 
له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌رفه‌تێكی باش هاتووه‌ته‌ پێش سه‌یره‌ كه‌سانێك به‌ بیانوی لاوه‌كی و لاواز و به‌هۆی بونی كێشه و قه‌یران‌ و ململانی‌ حزبی دژی دروست كردنی ده‌وڵه‌ت كوردی بن ، به‌ڵام ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ نه‌كرێت كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌ خوێنی ڕوڵه‌كانمان جیهان‌ سه‌رسام و پشتگیرمانه‌ .

هه‌روه‌ك پێویست و گرنگه‌ پێش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كان هه‌وڵی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی نێوماڵی خۆمان بده‌ن ، پاشان چاكسازییه‌كی ڕیشه‌یی له‌ حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن ، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش باش بزانین كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ ته‌نها لایه‌نێك ناكرێت ، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌و كاره‌ پیرۆزه‌ بنێین .

ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

, , , ,
Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM