خه‌ندان - زۆربه‌ی خوێندكارانی قۆناغی دوانزه‌یه‌می ناوه‌ندی گیرۆده‌ی ده‌ستی وانه‌كانن و پێشیانوایه كه مامۆستاكانیان له قوتابخانه‌دا به باشی وانه‌كانیان پێ ناڵێنه‌وه،ئه‌مه‌ش خوێندكارانی ناچاركردووه په‌نا بۆ مامۆستای تایبه‌ت ببه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكی تر پێیان وایه به‌شێك له خوێندكاران خۆیان كه‌م ته‌رخه‌من له‌كاتی ده‌وامی ئاسییدا بۆیه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر گرتنی مامۆستا بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ی تایبه‌تیان پێ بڵێنه‌وه.
مامۆستاكان وه‌ك پێویست نین
چاوان فه‌لاح، 20 ساڵ خوێندكاری قۆناغی دوانزه‌یه‌می ئاماده‌ییه‌و وتی: "له قوتابخانه مامۆستاكان به‌باشی وانه‌كانمان بۆ شی ناكه‌نه‌وه، هه‌ركاتێكیش پرسیار بكه‌ین وه‌ڵامێكی ته‌واومان ده‌ست ناكه‌وێت و ناشتوانین دووباره پرسیار بكه‌ین، چونكه له‌ناو خوێندكاره‌كاندا سووكایه‌تیت پێده‌كه‌ن و به ته‌مبه‌ڵ له‌قه‌ڵه‌مت ده‌ده‌ن".
ئه‌و وتیشی: "مامۆستای وامان هه‌یه ته‌نها به‌قسه‌ی خۆش و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی وانه‌كه كۆتایی پێدێنێت، ته‌نها له 10 خوله‌كی كۆتایی وانه‌كه‌دا نه‌بێت چه‌ند وشه‌یه‌كمان ده‌رباره‌ی وانه‌كه پێده‌ڵێت، ئێمه‌ش به‌وماوه كه‌مه ناتوانین تێبگه‌ین و نه‌ئه‌شتوانین پرسیار ده‌رباره‌ی شتێك بكه‌ین كه ڕوون نه‌بێت لامان، چونكه كاته‌كه‌مان كۆتایی دێت و له‌پاشانیشدا ده‌بێت بڕه پاره‌یه‌كی زۆر بده‌ین به هه‌مان مامۆستا تا وانه‌ی تایبه‌تمان پێبڵێته‌وه".
(900) هه‌زار دینار
یاداشت ڕه‌حیم، 21ساڵ خوێندكاری تری قۆناغی دوانزه‌یه‌می ئاماده‌ییه و وتی: "له‌وانه‌كانی كیمیا و بیركاریدا نمره‌كانم زۆركه‌م بوو، په‌نام بردۆته‌به‌ر مامۆستای تایبه‌ت و بڕی 900 هه‌زار ده‌ده‌مه مامۆستای هه‌ر وانه‌یه‌ك، هه‌رچه‌نده هه‌مان مامۆستایه كه له خوێندنگه وانه‌ی پێده‌وتمه‌وه، به‌ڵام له‌ماڵه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ڕوونتر وانه‌كانم بۆ شیده‌كاته‌وه و هه‌ر جۆره پرسیارێكی لێبكه‌م به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش بۆم ڕوونده‌كاته‌وه".
یاداشت پێیوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره ده‌دات به مامۆستاكه‌ی بۆیه به‌وشێوه‌یه وانه‌كانی بۆ شیده‌كاته‌وه و وتی: "نازانم بۆ ئه‌و مامۆستایانه هه‌تا پاره‌یان نه‌ده‌یتێ وانه‌كانت به‌ڕوونی تێناگه‌یه‌نن؟"، چونكه هه‌روه‌ك خۆی وتی: "هه‌مان مامۆستای خوێندنگه‌یه كه وانه‌ی تایبه‌تم پێده‌ڵێته‌وه، به‌ڵام واهه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ر پێدانی بڕه پاره‌یه‌كی زۆردا نه‌بێت مامۆستاكان ئاماده‌نین زۆرترین زانیاریت ده‌رباره‌ی وانه‌كان پێبڵێن".
خوێندكاری كه‌مته‌رخه‌م
فاتیح كه‌مال، مامۆستای وانه‌ی كیمیایه و وتی: "ئه‌و خوێندكارانه خۆیان داوای وانه‌ی تایبه‌ت ده‌كه‌ن تا پێیان بڵێینه‌وه، چونكه له خوێندنگه به‌باشی گوێت بۆ ناگرن و خۆیان به‌شتی بێ ماناوه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن".
ئه‌و وتیشی: "زۆر خوێندكار هه‌یه له‌هه‌مان پۆلدا بووه كه ئێمه وانه‌مان پێوتوونه‌ته‌وه و توانیویانه به‌بێ وانه‌ی تایبه‌ت نمره‌ی باش به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی باشه و ده‌ریده‌خات كه ئه‌و خوێندكارانه‌ی داوای مامۆستا و وانه‌ی تایبه‌ت ده‌كه‌ن، خۆیان له خوێندنگه كه‌م ته‌رخه‌مبوون و ده‌یانه‌وێت به‌وانه‌ی تایبه‌ت قه‌ره‌بووی ئه‌و كه‌م ته‌رخه‌مییه‌بكه‌نه‌وه".
مامۆستا فاتیح، ڕوونیشیكرده‌وه "ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی له خوێندكارانی وه‌رده‌گرین، به‌مافی خۆمانی ده‌زانین و به‌ری ڕه‌نج و ماندوبوونی خۆمانه".
مه‌لزه‌مه‌ی قه‌ده‌غه‌كردووه
ئیسماعیل به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، تایبه‌ت به ئاسۆ وتی: "وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ناتوانێت ڕێگربێت له‌و مامۆستایانه كه‌وانه‌ی تایبه‌ت به‌خوێندكاران ده‌ڵێنه‌وه، چونكه خوێندكاره‌كان خۆیان داوای ده‌كه‌ن و مافی خۆشیانه، به‌ڵام زیاتر ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ویژدانی مامۆستاكان بۆ وه‌رگرتنی بڕه پاره‌كه".
ڕوونیشیكرده‌وه كه "خوێندكاران ده‌توانن ڕووبكه‌نه ئه‌و خوێندگایانه‌ی ته‌رخانكراون بۆ وانه‌ی تایبه‌ت و مامۆستاكان به‌بڕێك پاره‌ی كه‌م وانه به خوێندكاران ده‌ڵێنه‌وه".
هه‌روه‌ك ناوبراو وتی: "ئیستنساخكردنی مه‌لزه‌مه‌مان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌كردووه، چونكه به یه‌كێك له كاره بازرگانییه‌كان داده‌نرێت كه به سه‌رشانی خوێندكارانه‌وه ده‌یكه‌ن، بڕیاریشه كه‌ناڵی ئاسمانی نه‌ورۆز كه له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه، ته‌رخانبكرێت بۆ خوێندن و خوێندكاران و ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه توانای وتنه‌وه‌ی وانه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه ده‌توانن له‌و كه‌ناڵه‌وه وانه‌كان به‌و خوێندكارانه بڵێنه‌وه كه توانای گرتنی مامۆستای تایبه‌تیان نییه و كه‌م ده‌رامه‌تن".
سلێمانی له‌پێش پارێزگاكانی تره‌وه‌یه
شێخ حسێن مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، تایبه‌ت به ئاسۆ وتی: "هیچ ڕێگه‌یه‌ك و یاسایه‌ك نییه تابتوانین ڕێگربین له‌و مامۆستایانه‌ی كه وانه‌ی تایبه‌ت به خوێندكاران ده‌ڵێنه‌وه، چونكه ئه‌وه مافی خوێندكار و مامۆستاشه".
ناوبراو ڕوونیشیكرده‌وه "22 هه‌زار و 136 خوێندكاری قۆناغی دوانزه‌یه‌می وێژه‌ی و زانستی له پارێزگای سلێمانیدا داخڵ بووه، له‌و ڕێژه‌یه‌ش 232 خوێندكار به هۆكاری نادیار نه‌چووه‌ته هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌وه و 18 هه‌زار و 373 خوێندكار چوونه‌ته ناوهۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه و 7 هه‌زار و 849 خوێندكار بۆ ساڵی ئاینده خۆی هێڵاوه‌ته‌وه".
به‌پێی هه‌مان ئامار ده‌ركه‌وتووه كه 5 هه‌زار و 710 خوێندكار وانه‌كانیان بۆ ده‌وری دووه‌م هه‌ڵگرتۆته‌وه و ڕێژه‌ی ده‌رچووانیش له پارێزگای سلێمانی 56% بووه و 45 خوێندكارییش له قۆناغی دوانزه‌یه‌می وێژه‌یی و زانستی پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ست هێناوه.
هه‌مان ئاماریش ده‌ریده‌خات كه پارێزگای سلێمانی له‌پێش هه‌رسێ پارێزگاكه‌وه‌یه بۆ به‌رزی ڕێژه‌ی ده‌رچووانی خوێندكارانی قۆناغی دوانزه‌یه‌می ئاماده‌یی.
یونس عه‌لی، ئابووریناس له زانكۆی سلێمانی، ده‌ڵێت: "گرتنی مامۆستای تایبه‌ت بۆ خوێندكاران له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه زیانی ئابووری به‌دواوه‌یه بۆ سه‌ر خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ش، چونكه چه‌ند خێزانێك بڕه پاره‌یه‌كی زۆر ده‌ده‌ن به‌و مامۆستایانه‌ی كه وانه‌ی تایبه‌ت به خوێندكاره‌كانیان ده‌ڵێنه‌وه و زۆرجاریش وا له خێزانه‌كان ده‌كات په‌نا ببه‌نه‌به‌ر قه‌رزكردن".
ڕێكان غه‌فور