زۆرترین خوێنراو
 
Loading
مه‌زاری‌ خالیدی كوڕی‌ وه‌لید بۆمباران ده‌كرێت ‌و گۆڕه‌كه‌شی‌ هه‌ڵده‌درێته‌وه‌
PM:09:06:22/07/2013
خه‌ندان -
له‌لایه‌ن رژێمی‌ سوریاوه‌ بۆمبارانی‌ مزگه‌وت و مه‌زاری‌ یه‌كێك له‌ هاوڵانی‌ پێغه‌مبه‌ر (د. خ) ده‌كرێت، دواتریش له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ به‌ره‌ی‌ نه‌سره‌وه‌ گۆڕه‌كه‌ی‌ هه‌ڵده‌درێته‌وه‌ ‌و روفاته‌كه‌ی‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ دیكه‌، وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌و كاره‌ ئیدانه‌ ده‌كات ‌و به‌ كارێكی‌ نامرۆڤانه‌ ‌و دژ به‌ ئاینی ئیسلامی داده‌نێت.
 
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئیدانه‌ی‌ بۆمبارانكرنی‌ مه‌زار و مزگه‌وتی‌ خالیدی كوڕی‌ وه‌لید، كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ هاوڵانی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلام (محه‌ممه‌د) دروودی‌ خوای‌ له‌سه‌ر بێت، ده‌كات كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری‌ حومس له‌لایه‌ن رژێمی‌ سوریاوه‌ بۆمبارانكراو و دواتر له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ به‌ره‌ی‌ نه‌سره‌، گۆڕه‌كه‌ی‌ تێكدراوه‌.
 
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ به‌پێی زانیاریی سایته‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مڕۆ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌ر به‌ ئه‌سه‌د مزگه‌وت و مه‌زاری‌ خالیدی كوڕی‌ وه‌لیدی‌ بۆمباران كراوه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا رژێمی‌ سوریا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ گۆڕی‌ ئه‌و هاوه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ به‌ره‌ی‌ نه‌سره‌وه‌ تێكدراوه‌، وتیشی: "باس له‌وه‌ش ده‌كرێت گوایه‌ به‌ره‌ی‌ نه‌سره‌ وتوویانه‌ ئێمه‌ روفاته‌كه‌ی‌ ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیپارێزین".
 
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، وتیشی: "تێكدانی‌ مه‌زار و گۆڕی‌ كه‌سایه‌تی‌‌و زانا ئاینییه‌كان، ته‌نها له‌ كلتووری‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ و گروپه‌كانی‌ سه‌ر به‌ قاعیده‌دا هه‌یه‌، له‌ مێژووی‌ ئیسلامدا نه‌بووه‌ گۆڕی‌ مردوو تێكدرێت، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می‌ كۆنیشدا گۆڕی‌ فیرعه‌ونه‌كان ده‌ستكاری‌ نه‌كراوه‌".
 
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كه‌ پێشتریش له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ناوچه‌كانی‌ بیاره‌ و ده‌وروبه‌ری‌ گۆڕی‌ پیاوانی‌ ئاینی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ ئه‌نسار ئیسلامه‌وه‌ هه‌ڵدرانه‌وه‌‌و دواتر روفاته‌كانیان گواسته‌وه‌ بۆ شوێنی‌ دیكه‌، به‌ڵام دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ هه‌موویان هێنرانه‌وه‌ بۆ شوێنی‌ پێشوویان.
 
ته‌ئكیدیشكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ی‌ سوریا دروست بێت به‌وه‌ی‌ گۆڕی‌ ئه‌و هاوڵه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ر (د. خ) ده‌رهێنرابێت: "ئه‌وه‌ كارێكی‌ زۆر نامرۆیی و دژ به‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامییان كردووه‌ ‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئیدانه‌ی‌ ده‌كه‌ین".



ئه‌م بابه‌ته 3019 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.