زۆرترین خوێنراو
 
Loading
پێشمه‌رگه‌ی كه‌م ئه‌ندام به‌ ئیمتیازی تایبه‌ت خانه‌نشین ده‌كرێن
AM:10:57:16/04/2013
خه‌ندان ـ

به‌ پێی رێنمایی ژماره‌ (9) ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، خانه‌نشینی بۆ كه‌مئه‌ندامانی پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و چه‌ند ئیمتیازێكی تازه‌شیان پێده‌درێت.

رۆژنامه‌ی‌ (باس) ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ (16ی نیسانی 2013) چه‌ند رێنماییه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای خانه‌نشینی كه‌مئه‌ندامی پێشمه‌رگه‌خستوه‌ته‌ڕوو، كه‌ له‌ ساڵی 2007 ده‌رچووه‌ و له‌ ساڵی 2011 په‌یڕه‌وی بۆ ده‌ركراوه‌.

به‌ پێی رێنماییه‌كان پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌ندام به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیدا توشی كه‌مئه‌ندامی بووه‌.

له‌ رێنماییه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆكراوه‌: ئه‌گه‌ر هاتوو پێشمه‌رگه‌ تووشی په‌ككه‌وتن بوو به‌ رێژه‌ی 50% ئه‌ویش به‌ پێی راپۆرتی لیژنه‌ی پزیشكی تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ "جگه‌ له‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ ئه‌ندامێكی دیاری له‌شی له‌ ده‌ست بدات ئه‌وه‌ خانه‌نشین ده‌كرێت به‌ده‌ر له‌ رێژه‌ی په‌ككه‌وتنه‌كه‌ی".

له‌ خاڵی چواره‌می رێنماییه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌: پێشمه‌رگه‌ی  كه‌مئه‌ندام خانه‌نشین ده‌كرێت به‌هه‌مان موچه‌ و ده‌رماڵه‌ كه‌ وه‌ریده‌گرێت له‌ كاتی خزمه‌تكردنیشدا له‌گه‌ڵ پێدانی ده‌رماڵه‌یه‌كیش به‌ ناوی كه‌مئه‌ندامی ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ش به‌ پێی رێژه‌ی كه‌م ئه‌ندامیه‌كه‌ی دیاریی ده‌كرێت.

له‌گه‌ڵ خانه‌نشینكردنی پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌ندام موچه‌ی 18 مانگی وه‌كو پاداشت بۆ خه‌رج ده‌كرێـت.

به‌پێی رێنماییه‌كان ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌یدانی جه‌نگ  دووچاری كه‌مئه‌ندامی بێت و رێژه‌ی په‌ككه‌وتنه‌كه‌ی 50% بێت، ئه‌وه‌ پله‌یه‌كی به‌رزتری پێده‌درێت و پاشان خانه‌نشین ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێژه‌ی په‌ككه‌وتنه‌كه‌ی 100% بێت، ئه‌وه‌ دوو پله‌ی به‌رزتری پێده‌درێت و موچه‌ی خانه‌نشینكردنه‌كه‌ی له‌ سه‌ر پله‌ی نوێی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت پاشان خانه‌نشین ده‌كرێـت.

له‌ خاڵی شه‌شه‌می رێنماییه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو كه‌ له‌ كاتی مردنی پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌ندام دۆسیه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ماف و ئیمتیازی شه‌هیدانی پێ ده‌درێت به‌ پێی یاسای ماف و ئیمتیازی كه‌سوكاری شه‌هیدان.

بۆ ئه‌و په‌ككه‌وتوانه‌ی كه‌ رێژه‌ی په‌ككه‌وتنیان 100% ئه‌وه‌ یارمه‌تیده‌رێكیان بۆ داده‌مه‌زرێت به‌ موچه‌ی 200 هه‌زار دینار.

له‌ رێنماییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو: یاسای خانه‌نیشینی كه‌مئه‌ندامانی پێشمه‌رگه‌ ژماره‌(34) ی ساڵی 2007 له‌ رێكه‌وتی ده‌رچوونی ئه‌و رێنماییه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت له‌ 17/3/2013. لیژنه‌یه‌كیش له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێكبهێنرێت بۆ پێداچونه‌وه‌ی دۆسییه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ نایانگرێـته‌وه‌، هه‌وه‌كو جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌م یاسایه‌ نایانگرێته‌وه‌ موچه‌ی خانه‌نشینیان بگوازنه‌وه‌ بۆ سه‌ر خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌.

زیاتر له‌ 9 هه‌زار پێشمه‌گه‌ی كه‌مئه‌ندام له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون.

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌فته‌نامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌: رێنماییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان بۆ ره‌وانه‌كراوه‌، رونیشیكرده‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی لیژنه‌كانیانه‌وه‌ به‌ پێی رێنماییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی یاسای خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

سه‌لمان سه‌ڵاح پێشمه‌رگه‌یه‌كی  كه‌مئه‌ندام رایگه‌یاند:  به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی  یاسا و رێنماییه‌كانی  پێشوو   ئه‌و رێنماییه‌ تازه‌ ده‌ركراوه‌،

وتیشی: "زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان له‌ كوله‌ مه‌رگیدا ده‌ژین  و له‌ خانوی كرێدان و موچه‌كانیان زۆر كه‌مه‌، وه‌كو په‌ككه‌وته‌ ئاوڕمان لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ و مافه‌كانمان ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای تایبه‌ت به‌ موچه‌ی خانه‌نشینیمان دوو ئیداره‌یی په‌یره‌وكراوه‌ له‌ سلێمانی خه‌رجكراوه‌ له‌ هه‌ولێر نه‌كراوه‌".

ئه‌م بابه‌ته 679 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.