خوێندكارانی‌ گوندێك هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن


خه‌ندان- راماڵ قه‌سره‌یی

خوێندكاران و كه‌سوكاری‌ خوێندكارانی‌ گوندی‌ بۆكریسكان له‌بناری‌ قه‌ندیل، داوا له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ رواندز ده‌كه‌ن، خوێندنگاكه‌یان فراوان بكات و  چه‌ند پۆلێكی‌ تریان بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له ‌خوێندنی‌ ئه‌مساڵ بێبه‌ش نه‌بن.

میدیا حوسێن خوێندكارێكی‌ گوندی‌ بۆكیسكانه‌ رایده‌گه‌ینێت، به‌هۆی‌ بۆردومانه‌كانی‌ فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ توركیا خوێندنگای‌ گوندی‌ زارگه‌ڵی،‌ كه‌ زۆر ‌ له‌ گوندی‌ بۆكریسكان نزیكه‌، له‌ رابردوودا خوێندكارانی‌ پۆلی‌ حه‌وت و هه‌شت و نۆ له‌ بۆكریسكانه‌وه‌ روویان له‌و خوێندنگایه‌ ده‌كرد، به‌لاَم به‌هۆی‌ بۆردومان فڕۆكه‌كانی‌ توركیاوه‌، ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ داخراوه‌ به ‌ناچاری‌ ده‌بێت خوێندكارانی‌ ئه‌و پۆلانه‌ روو له ‌شاره‌كان بكه‌ن، یان ده‌بێت واز له‌خوێندن بهێنن، ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ خوێندكاران و كه‌سوكاری‌ خوێندكاران.

میدیا حوسێن وتیشی‌: داوامان له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ رواندز كردوه‌، كه‌ پۆلی‌ حه‌وت و هه‌شت و نۆ له‌ خوێندگای‌ بۆكریسكان بكه‌نه‌وه‌.

سه‌عید ره‌قیب به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ رواندز به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: لیژنه‌یه‌كمان له‌باره‌ی‌ داواكاری‌ خوێندكارانی‌ گوندی‌ بۆكریسكان دروستكردووه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ جێبه‌جێ كردنی‌ داواكارییه‌كانیان، به‌پێی‌ یاسا و رێنمایه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ و وه‌ هه‌ركاتێكیش رێژه‌ی‌ خوێندكاران گه‌یشته‌ ئاستی‌ پێویست،  ئه‌و پۆلانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ داوایان كردوه‌.

مامۆستا سه‌باح مینه‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ خوێندنگای‌ بۆكریسكانی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ به‌خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: بۆردومانی‌ فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی‌ توركیا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ره‌وشی‌ په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌ و وایكردوه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك خانه‌واده‌ی‌ گونده‌كه‌ ئاواره‌ی‌ شوێنه‌كانی‌ تربن و خوێندكاره‌كانیشیان له‌مساڵدا تاكو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ بچنه‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن.

به‌رێوه‌به‌ری‌ قوتابخانه‌ی‌ بۆكریسكان وتیشی‌: بیناكه‌مان گونجاوه‌ و ده‌تواندرێت پۆلی‌ زیاتری‌ تێدا بكرێته‌وه‌ و خوێندكاری‌ زیاتر تێیدا بخوێنێت.  
ا. ی‌


ئه‌م بابه‌ته 753 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM