سه‌رۆك كۆمار: پشتیوانی‌ چاكسازییه‌ك ده‌كه‌م كه‌ بناغه‌كه‌ی‌ ده‌ستوور بێت


خەندان -

به‌بۆنه‌ی‌ هاتنه‌وه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قوربانی‌ پیرۆزه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار په‌یامێكی‌ پیرۆزبایی ئاراسته‌ی‌ گه‌لانی عیراق ده‌كات و جگه‌ له‌ پیرۆزبایی و هیوای‌ سه‌ركه‌وتن و كامه‌رانی‌ بۆ گه‌لانی عیراق، پتشگیر خۆی‌ بۆ ئه‌و چاكسازییه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌ستیپێكردووه‌.

د.فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق له‌ په‌یامی‌ پیرۆزباییه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "پشتیوانی بڕیار و رێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت له‌ بواری‌ چاكسازییدا ده‌كه‌م، داواشم وایه‌ كه‌ چاكسازیی زیاتر بكرێت".

سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق پشتگیرییكردنی‌ چاكسازی‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ كه‌: "مافی هاوڵاتیان بپارێزرێن و رێزیان لێ بگیرێت و رێز له‌ ده‌ستووریش بگیرێت و بكرێته‌ بناغه‌ و بنه‌مای هه‌ر بڕیار و رێوشوێنێك".


ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك كۆمار
به‌ناوی په‌روه‌ردگاری به‌خشنده‌ و میهربانه‌وه‌
ئه‌ی گه‌لی عیراقی نه‌به‌ز
سڵاوی خواتان لێ بێت

له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی پیرۆزی قورباندا، له‌كاتێكدا ملیۆنان مسوڵمان به‌ جیاوازیی نه‌ژاد و ره‌نگیانه‌وه‌ به‌گیانی یه‌كگرتوویی برایه‌تییه‌وه‌ له‌ كێوی عه‌ره‌فه‌ وه‌ستاون، گه‌رمترین و جوانترین پیرۆزباییتان پێشكه‌ش ده‌كه‌م به‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌ و داوای  ئاشتی و خۆشی بۆ ته‌واوی مسوڵمانان و مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌م، داوای شكۆمه‌ندیی و یه‌ك گوتارییش بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌م، له‌ یه‌زدانی مه‌زنم داوایه‌ هه‌رچی زووتره‌ ئه‌م جه‌ژنه‌ بكاته‌ ده‌ستپێكی خێر و خۆشی بۆ  وڵاته‌كه‌مان و سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی نزیكی گه‌له‌كه‌مان به‌سه‌ر تێرۆریستان و تێپه‌ڕاندنی هه‌موو ئاسته‌نگه‌ سیاسیی و ئابوورییه‌ نائاساییه‌كان كه‌ ئێستا رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا گه‌له‌كه‌مان شێلگیرانه‌ هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و بنیاتنانی سیستمێكی سیاسیی دیموكراسیی فیدراڵیی دادپه‌روه‌ران و شكۆی هه‌موو عیراقییه‌كانی تیایدا پارێزراو و زامن بێت.

له‌م  بۆنه‌ پیرۆزه‌دا له‌كاتێكدا ده‌ستی نزا بۆ شه‌هیدانی نه‌مری گه‌له‌كه‌مان به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌نرخترین شتی خۆیان كه‌ گیانیانه‌ له‌پێناوی عیراقدا به‌خشی، داوای هه‌رچی زووتری چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌ قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌ین و سڵاو له‌ خانه‌واده‌ی هه‌موویان ده‌كه‌م.

 له‌كاتێكدا گه‌رمترین هه‌ستی پێزانین و سڵاو درده‌بڕم بۆ رۆڵه‌ قاره‌مانه‌كانمان له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌ جیاجیاكانمان و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌ و خۆبه‌خشه‌كانی تر له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ دژی چه‌ته‌ تێرۆریسته‌ تاوانباره‌كان، هه‌ست و سۆزی هاوكاریی و پێزانینیشمان به‌ تایبه‌تیی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ملیۆنان ئاواره‌ بوو و كۆچپێكراو و له‌ په‌روه‌ردگار ده‌پاڕێینه‌وه‌ یارمه‌تیده‌رمان بێت له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئارام و سه‌ربه‌رز بۆیان و هه‌رچی زووتر كۆتاییهێنان به‌ مه‌ینه‌تییه‌كانی دانیشتوانی ناوچه‌كانی بن ده‌ستی چه‌ته‌ تێرۆریسته‌كان.

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سڵاو له‌ رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌م به‌ هه‌موو پێكهاته‌ و چین و توێژه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا به‌ گیانێكی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه‌ داوای ریفۆرم و قه‌ڵاچۆكردنی گه‌نده‌ڵییان كرد، هاوكات پشتیوانیی بڕیار و رێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌م له‌م بواره‌دا، داواش ده‌كه‌م چاكسازیی زیاتر بكرێت و مافی هاوڵاتیان بپارێزرێن و رێزیان لێ بگیرێت و رێز له‌ ده‌ستووریش بگیرێت و بكرێته‌ بناغه‌ و بنه‌مای هه‌ر بڕیار و رێوشوێنێك، متمانه‌ی ته‌واویشمان هه‌یه‌ به‌ توانای گه‌له‌كه‌مان له‌ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیبوون و یه‌كسانیی له‌ مافه‌كان و پێشكه‌وتندا.

جه‌ژنێكی پیرۆز و په‌روه‌ردگار هه‌موو رۆژه‌كانمان پڕ بكات له‌ خۆشی و ئاشتی و خۆشه‌ویستی و خۆشگوزه‌رانی.
هه‌موو ساڵێك هه‌ر له‌ خۆشیدابن.
 
فوئاد مه‌عسوم
سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق

ب.د


ئه‌م بابه‌ته 583 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM