دھۆك.. پلانی رۆژانی جه‌ژن راگه‌یه‌ندرا


خه‌ندان_ ره‌ڤه‌ند گوھه‌رزی

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دھۆك پلانی ئه‌منی شاره‌كه‌ی بۆ رۆژانی جه‌ژنی قوربانی راگه‌یاند، به‌پێی پلانه‌كه‌ش تیمه‌كانی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نی له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانی شاره‌كه‌ بڵاوه‌یان پێده‌كرێت، به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیان.

رائید هێمن سلێمان، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پۆلیسی پارێزگای دھۆك تایبه‌ت به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "بۆ ھه‌ر بۆنه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دھۆك پلانی توكمه‌ی خۆی ھه‌یه‌ بۆ كونترۆڵكردنی بارودۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌".

وتیشی: "بۆ رۆژانی جه‌ژنی قوربان پۆلیسی پارێزگای دھۆك به‌شی نه‌ھێشتنی تاوان به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نی له‌ شوێنه‌ جیاجیاكی شاره‌كه‌ بڵاوه‌یان پێده‌كرێت ".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد :"پۆلیسی فریاكه‌وتنیش له‌سه‌ر بیست و پێنج خاڵ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و تیمه‌كانمان هاتووچۆی ناو شار ده‌كه‌ن و پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانیش به‌سێ مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت له‌ ئه‌ركدا ده‌بن و ھێزێكی تایبه‌تیش بۆ ھه‌ر رووداوێكی له‌ ناكاو له‌ ئاماده‌باشیدا ده‌بێت".

سلێمان، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "له‌ ته‌واوی بنكه‌و نووسینگه‌كانی پۆلیسی نه‌ھێشتنی تاوان له‌ سنووری پارێزگای دھۆك پۆلیس و ئه‌فسه‌ره‌كان بیست و چوار كاتژمێر له‌ ئه‌ركدا ده‌بن بۆ پاراستنی سه‌روماڵی هاڵاتیان".

راشیگه‌یاند: "ئه‌م پلانه‌ی ئێمه‌ بۆ رۆژانی جه‌ژنی قوربان له‌ ته‌واوی قه‌زاو ناحییه‌كانی سه‌ر پارێزگای دھۆك به‌رده‌وام ده‌بێت و جێبه‌جێ ده‌كرێت، هاوڵاتیانیش له‌كاتی بینی هه‌ر رووداوێكدا یان بۆ هاوكاری ده‌توانن به‌م ژماره‌ خزمه‌تگوزارییه‌ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بكه‌ن: ٠٦٢١٠٤ و ٠٦٢١٤٠ ".

پ.ز


ئه‌م بابه‌ته 307 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM