به‌غدا پاره‌ی جوتیارانی كه‌ركوكی نارد

خه‌ندان - حه‌سه‌ن جومعه‌

به‌غدا دوای ساڵ پاره‌ی جوتیارانی شاری كه‌ركوكی نارد، به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆی كه‌ركوكیش رایده‌گه‌یه‌نێت، داوایان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق كردووه‌ پاره‌ی زیاتر ره‌وانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شی رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ جوتیارانی شاره‌كه‌ ده‌كات.

دڵشاد شه‌عبان، به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆی كه‌ركوك تایبه‌ت به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "حكومه‌تی به‌غداد دوای دوو ساڵ حه‌ڤده‌ ملیارو نۆسه‌د و هه‌ژده‌ ملیۆن دینار پاره‌ی جوتیارانی شاری كه‌ركوكی نارد".

وتیشی: "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ به‌غداد بۆ جوتیارانی كه‌ركوكی ناردووه‌ به‌شی رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌ جوتیارانی كه‌ركوك ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ داوامان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق كردووه‌ پاره‌ی زیاتر بۆ جوتیارانی كه‌ركوك ره‌وانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ ناردوویانه‌ له‌ 20% پاره‌ی جوتیارانه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هه‌ر بۆیه‌ دواكه‌وتنی پاره‌ی جوتیارانی كه‌ركوك وایكردووه‌ به‌شێك له‌ جوتیاره‌كان گه‌نم و جۆ و دانه‌وێڵه‌كانیان له‌ بازاڕی ره‌شدا بفرۆشن".

عه‌لی جاف، یه‌كێك له‌ جوتیاره‌كانی كه‌ركوك به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "له‌ بازاڕی ره‌شدا بڕی یه‌ك ته‌ن گه‌نم ته‌نها 500 هه‌زار دینار ده‌كات، حكومه‌تی به‌غداش به‌ 700 هه‌زار دینار لێمان وه‌رده‌گرێت، به‌لاَم چونكه‌ پاره‌ی حكومه‌ت دواده‌كه‌وێت ناچارین گه‌نم و دانه‌وێڵه‌كانمان له‌ بازاڕی ره‌شدا بفرۆشن".

پ.ز


ئه‌م بابه‌ته 345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM