زۆرترین خوێنراو
 
Loading
له‌ گوندێكی‌ ناوچه‌ی‌ باڵه‌كایه‌تی‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ ترسناك بڵاوده‌بێته‌وه‌
AM:11:59:27/09/2012
خه‌ندان ـ راماڵ قه‌سره‌یی

له‌گوندی‌ مێرگه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ باڵه‌كایه‌تی‌ له‌ سنو‌وری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر نه‌خۆشییه‌كی‌ ترسناك بڵاوده‌بێته‌وه‌و زیاتر له‌ 50 سه‌ر ئاژه‌ڵ له‌ناوده‌بات، چه‌ندین گوندنشین و ئاژه‌ڵداریش دووچاری‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ده‌بنه‌وه‌. لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش رایده‌گه‌یه‌نن هه‌موو توانای‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ كۆنترۆڵكرنی‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌.

ساڵح ره‌سوڵ‌ به‌ خه‌ندان-ی‌ راگه‌یاند: ساڵانه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ له‌وه‌ڕاندنی‌ ئاژه‌ڵه‌كانم له‌ ناوه‌ڕاستی‌ وه‌رزی‌ به‌هار تاكو كۆتایی‌ وه‌رزی‌ پایز رووده‌كه‌مه‌ كوێستان و گونده‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ باڵه‌كایه‌تی‌. وتیشی‌: به‌به‌راورد به‌سالاَنی‌ رابردوو، ئه‌مساڵ ساڵێكی‌ شوم بوو، چونكه‌ ماوه‌ی‌ بیست رۆژه‌ ئاژه‌ڵه‌كانم دوو چاری‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ ترسناك بوون، كه‌ دوای‌ ماوه‌یه‌ك له‌ له‌رزین و كه‌وتن راسته‌وخۆ ده‌مرن، ئێمه‌ش له‌سه‌ره‌تادا به‌ شتكێكی‌ ئاساییمان وه‌رگرت و بۆ خواردن نزیكه‌ی‌ ده‌ سه‌ر ئاژه‌ڵمان سه‌ربڕی، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ند سه‌ردانی‌ ڤێرته‌رنه‌ری چۆمان و سۆران و ئاكرێمان كرد، ئه‌وانیش ده‌رمانیان پێداین و پێشیان راگه‌یاندین كه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌هۆی‌ نه‌كوتانه‌وه‌ بووه‌و مه‌ترسیداریشه‌، بۆیه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گۆشتی‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ بخۆن، به‌ڵام باسی‌ نه‌خواردنی‌ شیریان نه‌كرد، بۆیه‌ ئێمه‌ تائێستا شیره‌كه‌ی‌ ده‌خۆین.


د.ئه‌یاد، به‌رپرسی‌ بنكه‌ی‌ ڤێرته‌رنه‌ری‌ چۆمان، به‌ (خه‌ندان)ی‌ راگه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئاژه‌ڵدارێكی‌ گوندی‌ مێرگه‌وه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ ئاژه‌ڵه‌كانی‌ دووچاری‌ نه‌خۆشی‌ بوون‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌مرن، ئێمه‌ش هه‌ستاین به‌ پشكنینی‌ ئاژه‌ڵه‌كانی، له‌ پشكنینه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ناوی‌ (anthrax) كه‌ به‌كوردی‌ پێی‌ ده‌گوترێت (كه‌وانه‌ پیسه‌) كه‌ نه‌خۆشیه‌كی‌ بڵاوه‌و ترسناكه‌، ده‌گواسترێته‌وه‌ بۆ مرۆڤیش.

دكتۆر ئه‌یاد وتیشی‌: ساڵانه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ وه‌رزی‌ به‌هار هه‌ڵمه‌تی‌ كوتانی‌ ئاژه‌ڵه‌كانی‌ سنوره‌كه‌مان ده‌ستپێده‌كه‌ین هه‌موو ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌كانمان ده‌كوتین بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوو چاری‌ هیچ نه‌خۆشیه‌ك نه‌بن، به‌ڵام له‌كۆتایی‌ وه‌رزی‌ به‌هار كۆچه‌رانی‌ ناوچه‌كانی‌ تر روو ده‌كه‌نه‌ كوێستان و گونده‌كانی‌ سنوره‌كه‌مان كه‌ زۆربه‌یان ئاژه‌ڵه‌كانیان نه‌كوتراوه‌و دووچاری‌ نه‌خۆشی‌ بوون، بۆیه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ناوه‌ڕاستی‌ وه‌رزی‌ هاوین هه‌ڵمه‌تێكی‌ ترئه‌نجام ده‌ده‌ین‌و ئه‌و ئاژه‌لاَنه‌ ده‌كوتین كه‌ نه‌كوتراون.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی‌ كه‌ له‌گوندی‌ مێرگه‌وه‌ دووچاری‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ ترسناك بوون، به‌رپرسی‌ ڤێرته‌رنه‌ری‌ چۆمان رایگه‌یاند: ئه‌و ئاژه‌ڵداره‌ خه‌ڵكی‌ سنوری‌ قه‌زای‌ ئاكرێیه‌و له‌كۆتایی‌ وه‌رزی‌ به‌هار هاتۆته‌ سنوره‌كه‌مان، ئێمه‌ش ئاگاداری‌ هاتنی‌ نه‌بووین‌و خۆشی‌ هیچ رۆژێك سه‌ردانی‌ ئێمه‌ی‌ نه‌كرد تاكو بزانین له‌سنوری‌ ئێمه‌یه‌، بۆیه‌ شوێنه‌كه‌مان پێنه‌زانیوه‌و هه‌ڵمه‌تی‌ كوتانیش ئاژه‌ڵه‌كانی‌ نه‌گرتۆته‌وه‌.

ناوبراو وتیشی‌: له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنه‌وه‌مان سه‌ر‌ووی‌ خۆمان ئاگادار كرده‌وه‌و لیژنه‌یه‌كیش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هات به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردن و پشكنینی‌ ئاژه‌ڵه‌كان نموونه‌ی‌ گۆشت و خوێنی‌ ئاژه‌ڵه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ له‌ئێستاشدا چاروه‌ڕوانی‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌وانین.

به‌رپرسی‌ ڤێرته‌رنه‌ری‌ ئاشكراشیكرد: كه‌ به‌نوسراوی‌ ره‌سمی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شاره‌وانی‌ و قایمقامی‌ قه‌زای‌ چۆمانیان ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه‌ لاشه‌ی‌ ئه‌وئاژه‌لاَنه‌ دوای‌ سوتاندنیان له‌شوێنێكی‌ دوور له‌ئاوه‌دانی‌ ژێر خاك بكرێن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌سوتێندرێن و ژێر گڵ نه‌كرێن ئه‌وه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

دكتۆر ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، به‌رێوه‌به‌ری‌ ته‌ندروستی‌ چۆمان به‌خه‌ندان-ی‌ راگه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشیه‌كی‌ ترسناك له‌گوندێكی‌ سنوره‌كه‌مان بڵاو بۆته‌وه‌، خۆم سه‌ردانی‌ گونده‌كه‌م كردو له‌نزیكه‌وه‌ چاوم به‌ نه‌خۆشه‌كان كه‌وت، كه‌ چوار له‌نه‌خۆشه‌كان ئه‌ندامی‌ یه‌ك خێزانن یه‌كێكیش ئه‌ندامی‌ خێزانێكی‌ تره‌، وتیشی‌: نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌هۆی‌ خواردنی‌ گۆشت و به‌رهه‌مه‌ سپیاییه‌كانی‌ ئاژه‌ڵی‌ نه‌خۆشه‌وه‌ بووه‌، نه‌خۆشیه‌كه‌ش سه‌ره‌تا له‌پێست ده‌بێت دوای‌ ته‌شه‌نه‌كردنی‌ بۆشوێنه‌كانی‌ تر چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت.

دكتۆر ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر مه‌ڕدارێكی‌ تری‌ سنوره‌كه‌یان دووچاری‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بوویه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و نه‌خۆشه‌ خێرا خرایه‌ ژێر چاودێری‌ دكتۆری‌ تایبه‌ت هه‌رزوو چاك بوویه‌وه‌، ناوبراو راشیگه‌یاند: ده‌بێت كه‌سانی‌ تووشبوو به‌و نه‌خۆشیه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك نه‌چنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ ئاژه‌ڵی‌ لێیه‌و وه‌ ده‌بێت له‌ژوورێكی‌ تایبه‌ت بخرێنه‌ ژێر چاودێری‌ دكتۆر و به‌رده‌وام برینه‌كه‌یان پاكبكرێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ته‌ندروستی‌ چۆمان ئاشكراشیكرد، كه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌هه‌ولێره‌وه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌وگونده‌ ده‌كات و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ نه‌خۆشه‌كان بگوازنه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك و بیانخه‌نه‌ ژێر چاودێری‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ زووه‌ چاكببنه‌وه‌و نه‌خۆشیه‌كه‌ش په‌ره‌نه‌سێنێت.





ئه‌م بابه‌ته 4497 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.