زۆرترین خوێنراو
 
Loading
سلێمانی‌ به‌ جوانترین و خۆشترین شار هه‌ڵبژێردرا
PM:07:39:24/03/2012
شه‌قامی سالم (سه‌هۆڵه‌كه‌) له‌شاری سلێمانی - فۆتۆ: سه‌ربه‌ست مه‌نمی
خه‌ندان -
بۆ هه‌موو كه‌سێك سلێمانییه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌ی‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نییه‌ و به‌"پاریسی عیراق" ده‌ناسرێت. ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌قسه‌ نا به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ ده‌بینیت چ گۆڕانێكی‌ نه‌وعی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بينیوه‌. به‌ پێی‌ دوایین راپرسیش كه‌ گۆڤاری‌ لڤینی‌ نوێ‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ سلێمانی‌ به‌ جوانترین و خۆشترین شار هه‌ڵبژێردراوه‌.

گۆڤاره‌كه‌ له‌ دواژماره‌ی خۆیدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ سلێمانی‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م هاتوه‌ به‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌ڕووی جوانی و خۆشیی و ناوازه‌ییه‌وه‌.

سلێمانی له‌ده‌روازه‌ی‌ شاره‌وه‌ به‌ دوو كامپی‌ گه‌وره‌ی‌ قه‌شه‌نگ پێشوازی‌ له‌ میوانه‌كانی‌ ده‌كات. لای‌ چه‌پ كامپی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ و لای‌ راست كامپی‌ زانكۆی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ عیراق.

له‌ناوشاریش چه‌ندین تاوه‌ری‌ به‌رز به‌رز ده‌بینرێن كه‌ پرۆژه‌ی‌ نێشته‌جێبون و هۆتێلی‌ برانده‌ له‌وانه‌ هۆتێل گراند ملینێۆم.

هه‌روه‌ها له‌ سلێمانی‌ پرۆژه‌ی‌ هه‌واری‌ شار كه‌ گه‌وره‌ترین پاركه‌ له‌ عیراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ خاوه‌نی‌ رووبه‌رێكی‌ فروانی‌ سه‌وزاییه‌.

پرۆژه‌ی هه‌واری شار به‌چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێت، قۆناغی یه‌كه‌م كه‌له‌ساڵی 2010 ه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ بریتیه‌ له‌ ڕواندنی دره‌خت و گوڵ و چیمه‌ن و سه‌وزایی، دواتر قۆناغی دووه‌م كه‌ بریتیه‌ له‌ دروستكردنی ڕێگاكان و شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان، و دواتر قۆناغی سێیه‌م دێت كه‌ بریتیه‌ له‌ دروستكردنی پرۆژه‌كانی مه‌له‌وانگه‌كان و گازینۆكان و باخچه‌كانی ئاژه‌ڵ و شاره‌كانی یاری و به‌گوێره‌ی ماسته‌رپلانی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌كه‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ناو پاركه‌كه‌ به‌ مواسه‌فاتی جیهانی پێشكه‌وتوو ده‌بێت.

ڕووبه‌ری گشتی پرۆژه‌كه‌ به‌ چوار هه‌زار دۆنم ده‌خه‌مڵێنرێت، و نیوملیۆن دره‌خت و 650 هه‌زار مه‌تری چوارگۆشه‌ چیمه‌ن و سه‌وزایی هه‌مه‌جۆری تێداده‌ڕوێنرێت، و هه‌روه‌ها چه‌ندین هۆتێل و چێشتخانه‌ و گازێنۆ و شاری یاری تێدا دروستده‌كرێت و به‌كرێ ده‌درێته‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی و بیانی.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا سایتی (زه‌ ناشناڵ)ی ئیمارات ڕاپۆرتێكی سه‌باره‌ت به‌ شاری سلێمانی بڵاوكردۆته‌وه و به‌ "پاریسی عیراق" وه‌سفی ده‌كات‌ و ئاماژه‌ده‌كات به‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ پایته‌ختی كلتوری هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ به‌خێرایی گه‌شه‌ده‌كات.

سایته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن خه‌ڵكی تێدا ده‌ژی، به‌هۆی شێوازی ژیانی لیبراڵانه‌ و دیمه‌نه‌ كلتوریه‌كان و ئاو و هه‌وای خۆشی شاره‌كه‌وه به‌ "پاریسی عیراق" ده‌ناسرێت‌. ڕونیشیكردۆته‌وه‌ له‌م شاره‌دا چه‌ندین مۆزه‌خانه‌ و گه‌له‌ری هه‌یه‌ و جێگای له‌دایكبوونی ژماره‌یه‌كی زۆر گۆرانیبێژ و شاعیر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و سیاسه‌تمه‌دارانی به‌ناوبانگی كورده‌.

هه‌روه‌ها ئاشكرایكردووه‌: دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق چه‌ندین باڵه‌خانه‌ی به‌رز و هۆتێلی نوێ و مۆڵ و چێشتخانه‌ كراونه‌ته‌وه‌ و له‌مساڵدا ده‌كرێنه‌وه‌، و له‌كاتێكدا له‌زۆربه‌ی به‌شه‌كانی عیراقدا ئه‌مریكیه‌كان وه‌كو داگیركه‌ر سه‌یرده‌كرێن، له‌ سلێمانی به‌ ڕزگارکەر له‌ قه‌ڵه‌میانده‌ده‌ن.

سایته‌كه‌ به‌دورودرێژی باسی شوێنه‌ گشتیه‌كانی شاری سلێمانی له‌وانه‌ش شه‌قامی سالم و جیهانی كه‌له‌پور و مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی و كتێبخانه‌ی گشتی و شه‌قامی مه‌وله‌وی و شه‌قامی كاوه‌ و چایخانه‌ی شه‌عب و چێشتخانه‌ی داوا و ناوچه‌ی سه‌رچنار و ناوبازاڕ و مزگه‌وتی گه‌وره‌ و مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌سووره‌كه‌ و چه‌ندین شوێنی تر ده‌كات.



ئه‌م بابه‌ته 18866 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.