زۆرترین خوێنراو
 
Loading
نوێترین زانیاریی‌ له‌باره‌ی‌ قه‌ره‌بو‌وكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتوانی‌ ده‌ستی‌ به‌عس
PM:03:49:12/01/2012
خه‌ندان، ئیسماعیل حه‌مه‌ره‌حیم ـ
 
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاماری‌ سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌ره‌بووی‌ 10 ملیۆنی‌ ماده‌ی‌ (140)ی‌ ناوچه‌ راگوێزراوه‌كان جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌ركه‌سێك بتوانێت بیسه‌لمێنێ‌ كه‌ له‌ به‌رواری‌ دوای‌  هاتنه‌ سه‌ر حوكمی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسه‌وه‌ تو‌وشی‌ زیان بو‌وبێت ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ ده‌یگرێته‌وه‌.

مه‌حمود عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاماری‌ سلێمانی‌، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌شه‌ كه‌ بۆ قه‌ره‌بو‌وی‌ هاوڵاتیان پێكهاتووه‌، به‌ سایتی‌ "خه‌ندان"ی‌ راگه‌یاند: ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ راسته‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ئازاده‌ كه‌ پڕی‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام مه‌رج ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ زیانمه‌ندبووه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسدا.

له‌ ئێستادا فه‌رمانگه‌كانی‌ حكومه‌ت  قه‌ره‌باڵغییه‌كی‌ زۆری‌ پێوه‌دیاره‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ هاوڵاتیان سه‌رقاڵی‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و فۆرمه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ره‌گه‌زنامه‌و باری‌ شارستانی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند، كه‌ سوره‌تقه‌ید نه‌ماوه‌و با كه‌س بۆ مه‌به‌ستی‌ وه‌رگرتنی‌ سوره‌تقه‌ید سه‌ردانیان نه‌كات تا ئه‌وكاته‌ی‌ سوره‌تقه‌یدیان به‌ده‌ست ده‌گات.

 مه‌حمود عوسمان ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، هاوڵاتیان با په‌له‌ نه‌كه‌ن و ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگ دانراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ زانیارییه‌كان و ئه‌و فۆرمه‌، بۆیه‌ هه‌موو كه‌س فریاده‌كه‌وێت ئه‌و زانیارییانه‌ پڕبكاته‌وه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ ئه‌و فۆرمه‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌ بیسه‌لمێنن له‌ به‌رواری‌ دوای‌ هاتنه‌ سه‌ر حوكمی به‌عسه‌وه‌ توشی‌ زیان بوون، چونكه‌ به‌پێی‌ رێنماییه‌كان قه‌ره‌بووه‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵانی‌ (1968 تا 2003) تو‌وشی‌ زیان بوون.

وه‌ك ئاشكرایه‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گوندنشین بوون و گونده‌كانیش هه‌مو‌وی‌ توشی‌ وێرانكاریی‌ بوون و سوتێنراون به‌ده‌ستی‌ به‌عس، یان هه‌ندێك كه‌سی‌ ئه‌و گوندانه‌ به‌ ئاره‌زووی‌ خۆیان هاتو‌ونه‌ته‌ ناو شاره‌كان،به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاماری‌ سلێمانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌م قه‌ره‌بووه‌ ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ رێنماییه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ دانیشتو‌وی‌ گوند بوون و ئێستا له‌ناو شاره‌كانن یان شوێنی‌ نیشته‌جێبو‌ونیان گۆڕدراوه‌.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ سایتی‌ خه‌ندان، رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو نوێنه‌ری‌ باڵای‌ ماده‌ی‌ 140 دێته‌ شاری‌ سلێمانی‌ و جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كۆده‌بنه‌وه‌، كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیش سازده‌كه‌ن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌وپرسیارانه‌ی‌ كه‌هاوڵاتی‌‌و راگه‌یاندنه‌كان هه‌یانه‌ له‌سه‌ر چۆنێتی‌ ئه‌م فۆڕم و قه‌ره‌بووه‌.

ئه‌م بابه‌ته 10027 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.