زۆرترین خوێنراو
 
Loading
وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا چوار بڕیاری‌ نوێ راده‌گه‌یه‌نێت
PM:02:30:28/08/2012
خه‌ندان - ئاڤان فارس

وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا چوار بڕیاری‌ گرنگی‌ راگه‌یاند، كه‌ بۆ ئه‌مساڵی‌ تازه‌ی‌ خوێندن كاریان پێده‌كرێت و جێبه‌جێده‌كرێن. بڕیاره‌كانیش بریتین له‌: (گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و قوتابیانه‌ی‌ ناویان سڕابووه‌وه‌ له‌ زانكۆ (ته‌رقین قه‌ید)، پلانی‌ خوێندنی‌ ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان،  كردنه‌وه‌ی‌ خوێندنی‌ ئێواران بۆ مامۆستایانی‌ میلاكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، كردنه‌وه‌ی‌ سێ‌ زانكۆی‌ پۆلی‌ ته‌كنیك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان).

كاتژمێر 12ی پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی‌ ئاب د.عه‌لی‌ سه‌عید، وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا چوار بڕیاری‌ گرنگی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یانی‌ راگه‌یاند بۆ ساڵی‌ تازه‌ی‌ خوێندن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

بڕیاری‌ یه‌كه‌می‌ وه‌زاره‌ت بریتییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و قوتابیانه‌ی‌ كه‌ له‌زانكۆكان ناویان سڕاوه‌ته‌وه‌(ته‌رقین قه‌ید كراون)، به‌مه‌رجێك به‌هۆی‌ غه‌ش و بڕیاری‌ چاودێری‌ لیژنه‌كانی‌ تاقیكردنه‌وه‌وه‌ نه‌بووبێت‌و پێشووتر سوودمه‌ند نه‌بووبێت،  ئه‌و بڕیاره‌ هه‌موو ئه‌و قوتابیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2005 -2010 ناویان له‌ زانكۆكانی‌ كوردستان سڕاوه‌ته‌وه‌، دووباره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خوێندن له‌ زانكۆكان.

یه‌كێكی‌ تر له‌و بڕیارانه‌ی‌ له‌ میانه‌ی‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ خڕایه‌ڕوو، ره‌خساندنی‌ ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ی له‌سه‌ر میلاكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ن‌و له‌كاتی‌ خۆی‌ شه‌شه‌می‌ ئاماده‌ییان ته‌واوكردووه‌‌و ده‌رفه‌تیان نه‌بووه‌ بۆ خوێندنی‌ زانكۆ. له‌م باره‌یه‌وه‌ وه‌زیری خوێندنی‌ باڵا وتی‌: "بڕیارماندا به‌ كردنه‌وه‌ی‌ خوێندنی‌ ئێواران بۆ چواربه‌ش ئه‌وانیش: زانستی‌ گشتی‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌، زمانی‌ ئینگلیزی‌، عه‌ره‌بی‌".

وتیشی: ده‌رچوانی‌ ئاماده‌یی‌ وێژه‌یی‌ و زانستی‌ ده‌گرێته‌وه‌، ته‌نیا بۆ مامۆستایانی‌ سه‌ر به‌ میلاكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌یه‌، ناوه‌ندی‌ وه‌رگرتن ناگرێته‌وه‌، مه‌به‌ستیش له‌و بڕیاره‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌رزركردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ مامۆستایان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو  لیژنه‌یه‌كی‌ پسپۆڕ له‌ وه‌زاره‌ت پلان و به‌رنامه‌و مه‌رجه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ دابینكردنی‌ كورسی‌ خوێندن نییه‌ له‌ زانكۆكانی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ و بنیاد، ئه‌و كورسیانه‌ش هه‌ر ده‌مێنن.

بڕیاری‌ سێیه‌م، راگه‌یاندنی‌ پلانی‌ خوێندنی‌ ماسته‌ر له‌ زانكۆكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوو به‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارییه‌وه‌، به‌ڕای‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا ئاسانكارییه‌كی‌ زۆر كراوه‌ له‌ خوێندنی‌ ماسته‌ر‌و وتی‌: "به‌پێی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ زانكۆكان پێشكه‌شیان كردووه‌، بڕیاردرا به‌كردنه‌وه‌ی‌ خوێندنی‌ ماسته‌ر له‌سه‌رجه‌م كۆلێژه‌كان، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌رگای‌ پێشكه‌شكردن كراوته‌وه‌".

وتیشی: "مه‌رجه‌كانی‌ توانستی‌ زانستی‌ و ته‌مه‌ن و لێهاتوویی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ و تاقیكردنه‌وه‌كانیش گۆڕانكاریی‌ تێدا كراوه‌‌و مه‌رجه‌كانی‌ دیكه‌ش وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌".

بڕیاری‌ چواره‌م، كردنه‌وه‌ی‌ سێ‌ زانكۆی‌ پۆلی‌ ته‌كنیك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ و دهۆك بوو. له‌م باره‌یه‌وه‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا،  ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ دوای‌ وه‌رگرتنی‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، بڕیارماندا به‌ رێكخستنی‌ خوێندن له‌ ده‌سته‌ی‌ فێركردنی‌ ته‌كنیكی‌ و سلێمانی‌ و گۆڕینیان بۆ زانكۆی‌ پۆلی‌ ته‌كنیك،  هه‌رسێ‌ زانكۆكه‌ش بڕوانامه‌ی‌ دیبلۆم و به‌كالۆریۆس ده‌به‌خشن.
ئه‌م بابه‌ته 17350 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.