سه‌ربازێك حه‌وت هاوڕێی‌ كوشت

خه‌ندان –

له‌ بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی ناوه‌ڕاستی‌ تونسی‌ پایته‌خت، سه‌ربازێك ته‌قه‌ به‌ناو بنكه‌كه‌دا ده‌كات و له‌ ئه‌نجامدا حه‌وت سه‌رباز كوژران و 10ی‌ تریش برینداربوون.

وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ تونس له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ریاگه‌یاند كه‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ناو بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی ناوه‌ڕاستی‌ تونسی‌ پایته‌خت، سه‌ربازێك ته‌قه‌ی‌ له‌ هاوڕێكانی‌ كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ حه‌وت سه‌ربازی‌ هاوڕێی‌ كوشت و 10ی‌ تری برینداركرد و دواتر خۆشی‌ كوژرا.

موقه‌ده‌م بلحه‌سه‌ن ئه‌لوه‌سلاتی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ تونس له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ وتی‌: "سه‌ربازێك به‌ چه‌قۆ هێرشی‌ كردوه‌ته‌سه‌ر هاوڕێیه‌كی‌ و ده‌ستی‌ به‌سه‌ر چه‌كه‌كه‌یدا گرتووه‌ و دواتر ده‌ستڕێژی‌ له‌ هاوڕێكانی‌ كه‌ سه‌رقاڵی‌ هه‌ڵكرنی‌ ئاڵا بوون، كردووه‌".

وتیشی‌: "ئه‌و سه‌ربازه‌ كێشه‌ی‌ خێزانی‌ هه‌بووه‌ و تێبینی‌ كراوه‌ ره‌فتاره‌كانی‌ گونجاو نه‌بوون و به‌وهۆیه‌وه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌ سوپای‌ نیشتمانی‌ كه‌ هه‌ستیار نییه‌ و له‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌ك به‌خشراوه‌".

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ تونس جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ تائێستا هۆكاری‌ پشت رووداوه‌كه‌ نه‌زانراوه‌ و چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌نجامی‌ لێكۆڵنه‌وه‌كانن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د عه‌لی‌ ئه‌لعروی‌ وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ تونس ره‌تیكرده‌وه‌ رووداوه‌كه‌ كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌ بێت.


سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بیه‌


ئه‌م بابه‌ته 4262 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نیشانە کردن

‌‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Design by AVESTA GROUP , programming and database by KURDSKY.COM