زۆرترین خوێنراو
 
Loading
ئاژه‌ڵێكی كێویی ده‌گمه‌ن له‌كوردستان
PM:02:11:21/02/2012
وێنه‌ی ئاسكه‌ ده‌گمه‌نه‌كه‌، كه‌ له‌لایه‌ن فۆتۆگرافه‌ر ئه‌نوه‌ر هۆستانی-ه‌وه‌ گیراوه‌
خه‌ندان - ده‌ڤه‌ری بارزان
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌خه‌ندان گه‌یشتون، ئاژه‌ڵی كێوی (شفر)، كه‌ جۆرێكی ئاسكه‌ له‌كوردستان به‌دی كراوه‌ و له‌لایه‌ن فۆتۆگرافه‌رێكی بواری ژینگه‌ی سروشتییه‌وه‌ وێنه‌ی گیراوه‌، شاره‌زایه‌كی بواری ژینگه‌ی سروشتیش ئاژه‌ڵه‌كه‌ به‌ "ده‌گمه‌ن" له‌سه‌ر ئاستی عیراق و كوردستان وه‌سف ده‌كات.

ئاژه‌ڵی (رۆودیر) كه‌ له‌ناوچه‌ی بارزان به‌ (شفر) ناسراوه‌، جۆرێكی زۆر ده‌گمه‌نی ئاسكه‌ و له‌ساڵی 1960ه‌وه‌ له‌توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانی بواری سروشتدا له‌عیراقدا به‌دی نه‌كراوه‌ و ناوی له‌تۆماری ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانی ناو سروشتی عیراقدا  نه‌هاتووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرترین هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی له‌سه‌ربووه‌ و راوكراون.

ئه‌نوه‌ر هۆستانی، رۆژنامه‌نوس و فۆتۆگرافه‌ری بواری ژینگه‌ی سروشتی، كه‌ هه‌فته‌ی پێشوو چه‌ند وێنه‌یه‌كی (شفر)ه‌كه‌ی گرتبوو، له‌ لێدوانێكدا بۆ خه‌ندان، وتی: "یه‌ك هه‌فته‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو سه‌ردانی ناوچه‌ی بارزان-م كرد بۆئه‌وه‌ی بتوانم وێنه‌ی ئه‌و شفر-ه‌ بگرم كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه‌ زانیارییم له‌باره‌ی هه‌بوونیانه‌وه‌ وه‌رگرتبوو".

ئه‌نوه‌ر رایگه‌یاند: ئاژه‌ڵی شفر- هه‌روه‌ك له‌ وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت زۆر هه‌ستیاره‌ و كه‌مجار ده‌توانرێت وێنه‌ی بگیرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زوو هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كانی چوارده‌وری ده‌كات و هه‌ڵدێت، هه‌ر بۆیه‌ كاتێكی زۆری ویست تا توانیم چه‌ند وێنه‌یه‌كی بگرم.

هانا ره‌زا، توێژه‌ر له‌ رێكخراوی سروشتی عیراق، به‌ "خه‌ندان"ی راگه‌یاند: ئه‌و ئاسكه‌ كێوییه‌ی وێنه‌ی گیراوه‌ (شفر) ناوی رۆودیر-ه‌، كه‌ به‌ئاسكی ئه‌وروپیش ناسراوه‌، سه‌ر به‌خێزانی (سێرڤیدی)ه‌ و له‌سه‌ر ئاستی كوردستان وعیراق ده‌گمه‌نه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی روبه‌ڕووی له‌ناوچوون بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێش ساڵه‌كانی (1950) له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌ سلێمانی و ره‌واندوز و مێرگه‌سوور و حه‌ریر ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنیان هه‌بووه‌.

هانا وتیشی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی گیراوه‌ تازه‌ترین داتایه‌ كه‌ تۆماركرابێت له‌ كوردستاندا.

له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌ی بارزان و كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی حكومه‌ت له‌و ناوچانه‌دا قه‌ده‌غه‌كراوه‌ راوی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌ كێوییه‌كان بكرێت و ده‌ستكاری سروشت بكرێت و دارو ده‌وه‌نه‌كان ببڕدرێته‌وه‌، تادێت ژینگه‌ی سروشتی ناوچه‌كه‌ له‌ گه‌شه‌كردندایه‌ و بووه‌ته‌ جێگای سه‌رنجی لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی بواری ژینگه‌ی سروشتی.






ئه‌م بابه‌ته 10979 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەواڵ

وەرزش

رادیۆ

خزمەتگوزاری

سەبارەت

رێکلام

Copyright 2014. Xendan for Publishing and Broadcasting. All Rights Reserved.