خه‌ندان ـ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند ئێران به مه‌رج ئاماده‌یه پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست به‌رزی 20% له وڵاته‌كه‌ی رابگرێت.
ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاشكرایكرد ئێران ئاماده‌یی خۆی راگه‌یاندووه ئه‌گه‌ر یۆرانیۆمی 20% وڵاته‌كه‌ی له لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه دابین بكرێت، ئاماده‌یه پرۆسه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی 20% له ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی رابگرێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتیشی: "دابینكردنی یۆرانیۆمی پێویستی ئێران و راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی 20% له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌توانێت سه‌ره‌تایه‌كی باش بێت بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ئه‌ڵمانیا ".
شایانی باسه چه‌ند رۆژ پێش ئێستا حكومه‌تی ئێران نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم كردووه و تێدا رایگه‌یاندوه وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه به بێ مه‌رج دانوستانه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ست پێ بكاته‌وه.