دوای سەدەیەک ژانی لە دایک بوونی دەوڵەت لە ۲٥ ئەیلول

سەپان ئەنوەر - 27-08-2017 - 1984 جار خوێندراوەتەوە

بنچینەی دروست بوونی دەوڵەت خیلافی زۆری لەسەرە،  هەندێک لە موفەکرین دروستبوونی دەوڵەت دەگەرێنەوە بۆ چەند لایەن هۆکارێک ئەوانیش هۆکاری دین و فەلسەفە و کۆمەڵایەتی و لایەنی مێژوویی یە. 

یەکەم دروست بوونی دەوڵەت لە سەر بنچینەی دینی، واتا کەسەکان دەبنە بریکارو راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ شەرعیەت لە خواوە وەردەگرن و پیرۆزیەک دەدەن بەدەوڵەت . کورد نەیتوانیوە سود لە لایەنی ئاینی وەگرێت بۆ دروست کردنی دەوڵەت. چونکە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرێکی نەبووە و پەیامی ئاینی بەزمانی کوردی لەڕێگەی وەحیەوە بۆدابەزیبێت و لەلایەکی ترەوە لاوازبووە لەبەکارهێنانی ئاینی ئیسلام بەناڕاستەوخۆ بۆدروستکردنی دەوڵەت . وەک ئاینی جولەکە و مەسیح و ئیسلام کە عەرەب ئەوەندەی وەک ئامرازێک بەکاری هێنا بۆ دروستکردنی دەوڵەت ئەوەندە بۆ پەرستن وەک خۆی پەیڕەوی نەکردوە. 

دووەم لایەنی فەلسەفی یە، ئەویش دەکری بنچینەیەک بێت بۆ دروستبوونی دەوڵەت،هەندێک لە فەیلەسوفەکان بیرۆکەی جیاوازیان بووە، وەک ڕۆسۆ و هۆبز ولۆک، بەگشتی مەبەستی رووئیای ئەم فەیلەسوفانە، بەستنی گرێبەستێکە لە نێوان خەڵک، خۆیان کەسێک هەڵبژێرن وەک سەردار (حاکم) یان وەک دەستەیەک لە ژێر ناوی (ئیرادەی گشتی گەل) بۆئەوەی ڕزگاریان بکات لە حالەتی نائارامی و ناجێگیری، پارێزگاریشیان لێ بکات لە مەترسی و دەستدرێژی ناوەخۆیی و دەرەکی، وە هەڵبستێ بەئەرکی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکان پە پێی یاسا و لەسەربنەمای چەسپاندنی داپەروەری و یەکسانی و دابینکردنی ئازادیەکان و پاراستنی بەرژەوەندی کۆی تاکەکانی کۆمەڵگە بەهەموو جیاوازیەکانی ڕەنگ و زمان کلتورو داب نەریت و جیاوازی ئاین و رەگەز، لە ژێر چەتری دەوڵەت. بەمەش کۆمەڵگەی کوردی لە ڕابردوو بەهۆی ئەوەی بەردەوام گەلێکی ژێردەستەو داگیرکراو بووە،  هیچ دەرفەتێکمان نەبووە بۆبیرکردنەوە تابتوانین لە نێو خۆمان پرۆسەی گرێبەست و هەڵبژاردنی کەسێک یا دەستەیک ئەنجامبدەین کە خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی دەوڵەت و هەڵبژاردنی دامەزراوەکان دەبینێتەوە.

سێیەم دەکرێت لایەنی کۆمەڵایەتی بکەینە بنچینەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لە ڕێگەی توندو تیژی هەروەکو نوسەری ئەڵمانی کۆبنهایمەر و شارل بیدان نوسەری فەرەنسی وای دەبینن کە دروست بوونی زۆربەی دەوڵەتان زادەی توندو تیژیە، ئەوەش لە ڕێگەی خۆسەپاندن بە زەبری هێز لەلایەن  تاک یان کۆمەڵێک جێ بەجێکراوە، بەڵام کورد بەردەوام لە ژێر هێزی دەرەکی و فشاری دەوڵەتانی داگیرکەران بووە ،نەیتوانیوە ببێتە خاوەن هێزێک بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لەڕێگەی شەرو جەنگەوە قەلەمڕەوی بکات و هەم پارێزگاری لە خۆی بكات و هەم ببێت بە دەوڵەت. 

چوارەم لایەنی مێژوویی فاکتەرێکی ئێجگار گرنگە بۆ دروست بوونی دەوڵەت ، مێژووی هەر میللەتێک بە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی  بە ندە بەخۆیەوە، چونکە لە ناو مێژوودا هەموو فاکتەرەکان لە خۆ دەگرێت و تەنهاپشت بەیەک لایەن نابەستێت، هەروها مێژوو هۆکارێکە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە و کارلێکردنی فاکتەرە جیاوازەکان بەمەش تاکی کۆمەڵگە لەدەوری هۆکارەکان کۆدەبنەوە و دەبێتە هۆی لەدایک بوونی ئیرادەی گشتی وبڕیاردان لە چارەنوسی خۆیان لە بەرامبەر گۆرانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە سەردەکێشی بۆ دروست بوونی دەوڵەت. بەڵام کورد بەردەوام لە ژێر هێرشی دەڵەتانی سەفەوی و عوسمانی و عەرەب بووە، هەمیشە هەوڵیان داوە مێژووی کورد بشێوێنن لەڕێگەی تەعریب و تەتریک کردن و سڕینەوەی کلتور و زمان و  بەگشتی هەوڵیان داوە کۆی سەقافەتی میللەتی کورد لەناو بەرن، کەئەمەش تاڕادەیەک بووە هۆکارێک بۆ  دواکەوتنی دەوڵەتی کوردی. 

ئەگەر بێین پێناسەیەکی دەوڵەت بکەین،کە "پێک دێت لە کۆمەڵە خەڵکێک لەسەر پارچە هەرێمێکی دیاریکراو لە ژێر سیستمێکی سیاسی" واتا بوونی (خاک و خەڵک و دەسەڵات)، دوو رەگەزی یەکەم  لە کوردستان لە دێرزەمانەوە بوونی هەبووە بەڵام بۆ رەگەزی سێیەم کورد لەدوای ڕاپەرینەوە وەک قەوارەیەکی سیاسی بە زەقی دەرکەوتووە کە تەواوکەری دوو رەگەزەکەی یەکەم و دووەم بوو ، بۆیە وەک مافێکی سروشتی گەلی کورد، هەموو ئەو فاکتەرو کالێکراوانەی کە لە پێشتر باسمکرد سەداسەد لە واقعی ئەمڕۆمان بوونی هەیە و ژینگەیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەباریش ڕەخساوە بۆ بەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی کوردستان بۆیە میللەتی کورد زیاتر لە سەدەیەکە ژانی گرتووە بۆ لەدایک بوونی دەوڵەتی کورد، پشت بەخوا و گەل بۆ یەکەمجار لە مێژووی میللەتی کورد لە ڕۆژی ۲٥ ئەیلول ئەم خەونە دێتە دی .
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP