نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ چاره‌ی ستراتیژی

سلێمان عەبدوڵا یونس - 5-10-2016 - 13500 جار خوێندراوەتەوە

سلێمان عه‌بدوڵا یونس

نه‌خشه‌ڕێگای ڕاست بۆ ده‌سته‌به‌ری مافی خه‌ڵك‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ حكومه‌ت، گۆڕینی جۆری هاوپه‌یمانێتیه‌ ته‌قلیدیه‌كانی نێوان حزب‌و ماڵباته‌كانه‌. كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی پێكدادانی چه‌كداری حزبه‌كان‌و جێگیركردن‌و هاوسه‌نگی پشكی ماڵباته‌ سیاسیه‌كان دروست بوون.

ئه‌وه‌ی زیاتر له‌چانسێكی زێڕینی هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ ماڵباتی‌و ته‌قلیدیه‌ له‌ڕیشه‌وه‌ بگۆڕێت، نه‌وشیروان مسته‌فا بوو. به‌ڵام به‌هه‌ر هۆكارێك بوو، ئه‌ویش یه‌ك به‌دوای یه‌ك‌و به‌ویست و ده‌ستی خۆی، چانسه‌كانی ئه‌و ئه‌كشنه‌ حه‌یاتیه‌ی كانسڵ كرده‌وه‌.

ئێستا كه‌ ورده‌ ورده‌ سه‌رده‌می دوای نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستپێده‌كات، ئیتر كرده‌یه‌كی ئاوا چیتر تاكه‌ كه‌سی نیه‌. به‌ڵكو كرده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌‌و پێویستی به‌ته‌رحكردنی هاوپه‌یمانێتی نوێ و گۆڕینی روخساری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌ له‌هاوپه‌یمانێتی دوو قۆڵی و به‌رژه‌وه‌ندی جووتماڵباتیه‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتی فراوان و به‌ره‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی میللی.

ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی ئاڵتونی ده‌سته‌جه‌معی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان و ناوه‌ندی بڕیار و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، هاوپه‌یمانێتیه‌كی نوێ دروست بكه‌ن و له‌ژێر چه‌تری ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌شه‌وه‌، بچن له‌گه‌ڵ پارتی رێكه‌وتنێكی نوێی دوور له‌دووژمنكاری شه‌سته‌كان و له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك و متمانه‌ بۆ حكومه‌ت و ستراتیژی ده‌وڵه‌تی كوردستان، بنیاتبنێن. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی نه‌هاته‌دی، با هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێیه‌كه‌، ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز بێت و له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتودا، به‌ده‌نگی خه‌ڵك و به‌ئیراده‌ی خۆی، دیفاكتۆی پۆستحوكمڕانی ماڵباته‌كان جاڕ بدات.

 

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP