خه‌ونی بنگۆریۆن و خه‌ونی بارزانی

دانا مەنمی - 25-08-2017 - 3079 جار خوێندراوەتەوە

حایم وایزمان و داود بنگۆریۆن سه‌رباری جیاوازییه‌كانیان له‌ ناو فه‌زایه‌كی پر له‌ كێشمه‌كیش و ناكۆكی و دژایه‌تی عه‌ره‌بدا ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل داده‌مه‌زرێنن و له‌ كاردانه‌وه‌ی هیچ ده‌وڵه‌تێك ناترسن و ده‌وڵه‌تی خۆیان ده‌پارێزن ، له‌ ناو جوله‌كه‌دا دیدێك ئاماده‌گی هه‌بوو هه‌ندێك پییان وابوو كه‌ ( حایم وایزمان ) نه‌خشه‌ داڕێژه‌ری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌و ( داود بنگۆریان )  بنیاتنانی ده‌وله‌ته‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌  ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ردوكیان جیاوازی زۆر له‌ دیدو تیروانینی سیاسیی و بیركردنه‌وه‌یان بۆ ژیان هه‌بوو ، به‌ڵام بۆ ناسیۆنالیزمی جووه‌كان هه‌میشه‌ یه‌كێكیان نه‌خشه‌داڕێژه‌ر بووه‌ و ئه‌ویتریان وه‌ستای جێبه‌جێكار بووه‌ ، به‌ڵام هه‌ندێك ڕۆژگاریش هه‌بووه‌ كه‌ هه‌ردوكیان زۆر له‌ یه‌كدی دور بوون ، هاوكات هه‌ردوكیان جوله‌كه‌ بوون و له‌ ڕوسیا له‌ دایك بوون ، هه‌ردوكیان ژیانیان بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ته‌رخان كردبوو .

"حایم وایزمان " پیاوێكی باریكه‌له‌ی باڵابه‌رز بوو ، هێنده‌ باڵا به‌رز بوو كه‌ ده‌چووه‌ هه‌ر شوێنێك خه‌لك خۆرسكانه‌ بێ ئه‌وه‌ی بیناسن له‌به‌ری هه‌ڵده‌ستان ، له‌ دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیدا سه‌ری ڕوتابویه‌وه‌ و سمێلێكی كورت و ردینێكی ڕه‌شی هه‌بوو ـ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ نیمچه‌ شه‌یتانێك ده‌چوو ، وایزمان پیاوێكی ئه‌ریستۆكراتیانه‌ بوو ، پیاوێكی له‌سه‌رخۆ و هێور بوو كه‌سێكی هه‌ستیار بوو ، حه‌زی له‌ ژه‌مه‌ خواردنی به‌ پێز بوو به‌ زمانێكی دیپلۆماتیانه‌ی فه‌ره‌نسی وه‌ك پاریسییه‌كی راسته‌قینه‌ قسه‌ی ده‌كرد ، وایزمان له‌به‌رلین و سویسرا خویندنی ته‌واو كردبوو ، هه‌لگری چه‌ندان پله‌ی باڵای خوێندن بوو ، له‌ ماڵباتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو ده‌وڵه‌تمه‌داره‌كانی وه‌كو ( لۆرد بلفۆر ، ژه‌نه‌راڵ سموتس  ، لیۆن بلوم ، لۆرد سێسیل ، گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رانی وه‌كو لۆرانس و ئۆرده‌و وینگێت و ته‌نانه‌ت وینستۆن چه‌رچڵ ) له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌ناسی و هاوڕێی بوون ، هاوكات دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ پاشای ئیتالیا زۆربه‌ی ولاتاندا هه‌بوو ، كه‌سێكی پڕ گوماناوی و تاكتیوانێكی شارستانی بوو زۆر متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بوو ئارامگرو به‌ حه‌وسه‌ڵه‌ ئه‌ریستۆكراتێكی لیبرال بوو .

"داود بنگۆریۆن " له‌ ڕوسیا له‌ دایك بووه‌ و وه‌ستای بنیاتنه‌رانه‌ی نه‌خشه‌كه‌ی "وایزمه‌ن " بوو كه‌ ده‌وله‌تی ئیسرائیلی له‌سه‌ر دامه‌زرا ، پیاوێكی باڵا كورت و بچوك بوو ، شانازی به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ مرۆڤێكی ساده‌یه‌ و له‌ ناو خه‌ڵكدایه‌ ، بنگۆریۆن حه‌زی له‌ ئاهه‌نگێران نه‌بوو له‌بۆنه‌كانیشدا ده‌چووه‌ گۆشه‌یه‌كی بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كان و له‌سه‌ر كورسییه‌ك داده‌نیشت ، بنگۆریۆن كه‌م به‌ فه‌ره‌نسی قسه‌ی ده‌كرد ، زیاتر له‌ له‌نده‌ن بووله‌ شه‌قامی (چارینگ كرۆس رۆد ) كه‌ پڕبوو له‌ كتیبفرۆش ، خانوه‌كه‌ی بنگۆریۆن هیچ جیاوازییه‌كی نه‌بوو له‌ ته‌لئه‌بیب له‌گه‌ل سه‌دان خانووی ده‌وروبه‌ری ، بنگۆریۆن خۆی خۆی پیگه‌یاندبوو پله‌ی دكتۆرای شانازی پێبه‌خشرابوو خاوه‌نی هیچ بروانامه‌یه‌كی تری خویندنی باڵا نه‌بوو ، بنگۆریۆن له‌ خانه‌واده‌یه‌كی مامناوه‌ند بوو تا له‌ ژیانیشدا بوو دوو هاورێی هه‌بوو ، به‌ده‌گمه‌نیش به‌ كه‌یفسازی ده‌بینرا و هه‌میشه‌ له‌ ناخه‌وه‌ بیری ده‌كرده‌وه‌ ، به‌ڵام كه‌سێكی توڕه‌و حه‌وسه‌ڵه‌ بچوك بوو .

( حایم وایزمان ) پیاوێكی تیۆری و ( بنگۆریۆن) یش ئاسایی و كرده‌یی بوو ، وایزمان بڕوای وابوو كه‌ بنگۆریۆن كه‌متر بایه‌خ به‌ڕای گشتی جیهان ئه‌دات ، بنگۆریۆنیش پێیوابوو كه‌ وایزمه‌ن زۆر خۆی به‌ رای گشتی جیهانه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ ، له‌ ژیاننامه‌ی خۆیدا وایزمان له‌ كۆی (482 ) لاپه‌ره‌ی ژیاننامه‌كه‌ی به‌ئاسته‌م ناوی بنگۆریۆنی هێناوه‌ ، به‌ڵام بنگۆریۆن جوامیرانه‌تر بوو له‌ وایزمه‌ن ، خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوانیان هه‌م له‌لایه‌ن خۆیان و هه‌میش له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ئاشكرا بوو ، به‌ڵام هه‌دوكیان سه‌رباری ئه‌م هه‌موو جیاوازییه‌ له‌ ره‌فتارو ئاكارو ماهیه‌ت و دیدو بیركردنه‌وه‌یان بۆ سیاسه‌ت و ژیان  ، ته‌نها و ته‌نها هاوهه‌ڵویست و یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیز بوون بۆ دروستكردنی بنیاتنانی كیان و قه‌واره‌و ده‌وڵه‌تێك بۆ جووه‌كان ، دوای چه‌ندین ساڵ له‌ هه‌وڵوكۆشش سه‌ربه‌خۆی خۆیان به‌ ده‌ستهیناو كاتێكیش په‌رله‌مان "وایزمان " ی به‌سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌ڵبژارد ، ئه‌ویش داوای له‌ "بنگۆریۆن " كرد كه‌ كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنیت .

خه‌ونی كاك مسعود بارزانی و خه‌ونی (وایزمان و بنگۆریۆن) هه‌مان خه‌ونه‌و هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌، چونكه‌ بارزانی خه‌ونی دروستكردنی ده‌وله‌تی كوردی هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌م خه‌ونه‌یش خه‌ونی بارزانی باوك و قازی محه‌مه‌د و شیخ مه‌حمودی حه‌فید بووه‌ ، ئیستا هه‌وڵ و كۆششی كاك مسعود بارزانی بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مووان به‌ جیاوازی ئایدۆلۆژیاو دیدو تێروانینمانه‌وه‌ له‌ ژێر چه‌تری ڕیفراندۆم و هه‌نگاو نان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆی كوردستان كۆبكاته‌وه‌ ، له‌ئیستادا ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ هه‌مان بیت كه‌ نیمانه‌ ، هوشیاری و ئیراده‌یه‌ ، واده‌بینم هوشیاری و ئیراده‌ی به‌شێك له‌ جه‌ماوه‌ر به‌هۆی خویندنه‌وه‌ی پارادۆكس و دیماگۆجی  حزبیه‌وه‌ زیندانی كراوه‌ ، ئازادی به‌ كۆی ڕه‌هه‌ندو ماناكانیه‌وه‌ له‌ هاونیشتمیانیان زه‌وت كراوه‌ ، سه‌روه‌ری مرۆڤ كه‌ سه‌روه‌رییه‌كی خۆرسكه‌ له‌ ده‌ستدراوه‌ ، خودی ئازادی كه‌ به‌ دیوێك له‌ دیوه‌كان مانا ده‌دات به‌ ژیان و چه‌مكی مرۆڤبوون ، مانای له‌ ده‌ست داوه‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازێكه‌ بۆ پرو پاگه‌نده‌و موزایه‌داتی سیاسی ، سه‌ربه‌خۆی كوردستان خوانێكه‌ كه‌ هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه‌ ، سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌ قوڵای مێژومان كلتورمان فه‌رهه‌نگ و شۆرش و ڕاپه‌رینه‌كانماندا رۆچووه‌ته‌ خواره‌وه‌ ، ئه‌فسوس ئه‌وه‌ خۆمانین ئه‌و ڕه‌گانه‌ به‌ قوڵاییه‌كانه‌وه‌ ده‌بڕینه‌وه‌ .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP