بەپەلە

گۆڕان، پەرلەمان کارابکەوە!

کاوسێن بابەکر - 24-08-2017 - 3262 جار خوێندراوەتەوە

 قوفڵەکانی پەرلەمان، زەمینەیەکی باشتری بۆ گەندەڵی و ناشەفافی ڕەخساند،چاودێری پەرلەمان لەخراپترین حاڵەتدا ڕوناکیەک بوو بۆ ڕەواندنەوەی تاریکایی سەر کارەکانی حکومەت وکەمێک سڵەمینەوە لە دەستبردنی بێ منەتانەبۆھەمووشتێک.لەوکاتەوە دەبینین ناشەفافیەت ونەبوونی زانیاری و ڕاپۆرتی مانگانەی وەزاڕەتی سامانە سروشتیەکان وشەلەل بوونی چاکسازیەکان وکاتی چاونەخشاندنەوە بە پاشەکەوتی مووچە، زۆر زیاتر بووە.

ئێستا کە پارتی ھەموو کۆسپەکان و مەرجەکانی ھەڵگرتووەو یەکێتی زۆر پەرۆشانە بەردەوامە لە زەمینەخۆشکردن بۆ ڕێکەوتنی گۆڕان وپارتی بۆ دەربازکردنی دۆخەکە، گۆڕان لەوسەرەوە بەکۆمەڵیک مەرج کەخۆی بەمەرجیان نازانێ لەگەڵ وەفدی پارتی دادەنیشێ!

لەدانوستاندا ناکرێ تۆ باشترین و گەرەوترین داوا بخەیە سەر مێز، ھەر بۆئەوەی خەڵک دەستخۆشیت لێ بکەن، بەڵکو گونجاوترین داوا پێشکەش دەکەی و زەمینەش ساز دەکەی بۆ ئەوانی تر لەھەنگاوەکانی دواتردا، بۆئەوەی ئەم دۆخە بگۆڕی کە ژیانی خەڵکی قورس کردووە، کارا کردنەوەی پەرلەمان لەسەر تۆ وەستاوە،بەم کارە کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان دێنی لەوانە؛ بواری یاسادانان دەست پێدەکرێتەوەو ئەو یاسایانەی تەواو نەکراون تەوایان دەکەی،لەسەرووی ھەموویانەوە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم کەدایکی سەرجەم کێشەکانە،یاسایەک بۆ ڕیفڕاندەم دەردەکرێ ،پاشان پرۆژە یاسای دیکەی زەرووری تر ھەیە پێویستە پێشکەش بکرێ،لیژنەکانی پەرلەمان چالاک دەکرێنەوەو چاودێری دام ودەزگاکان دەست پێدەکاتەوە.

ھەموو ئەوانە دەبنە دەستکەوتی حزبی بۆ خۆت ولەھەڵبژاردنەکاندا کەڵکیان لێوەردەگری،نەک سووربوون لەسەر چەند داوایەک کە ڕاستە داوای باشن وپەیوەستن بەژیانی خەڵکەوە بەڵام خۆشتان دەزانن ئەم داوایانە ھی حزبەکانی تریشە،بەڵام دەبێ کاریان بۆ بکرێ،وا بەئاسانی نەپارتی دێتە ژێر بارو ڕەنگە ھەندێکیشیان پێویستی بەکاتی زیاتر ھەبێ.شکاندنی قوفڵەکانی پەرلەمان دۆخێکی نوێ بۆ پەیوەندیەکی نوێ لەنێوان سەرجەم پارتەکانی نێو پەرلەمان دەڕەخسێنێ ویەکڕیزی دێتەکایەوە،کارای بکەونەوە،ھۆڵی پەرلەمان چاوەڕێی ئەو یاساو مەسەلە نیشتمانیانە دەکات گفت وگۆیان لەسەر بکرێ وبەمەش شکۆو حورمەت بۆ یاساو بۆ ئەندامانی پەرلەمان وپەرلەمان دەگەڕێتەوە لەوێشەوە حکومەت وھەرێمەکەمان ڕێزی ناوخۆو دەرەکی زیاتر دەبێ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP