بۆچی گۆڕان و پارتی رێکنەکەوتن؟

نەبەز گۆران - 24-08-2017 - 10924 جار خوێندراوەتەوە

لەم قۆناغەدا، بەم مۆدێلی سیاسەتەی پارتی پەیرەوی دەکات، پێناچێت بزوتنەوەی گۆڕان بتوانێت ئامادەی رێککەوتنبێت لەگەڵی. ئەم ئامادەنەبوونەی بەشێکی پەیوەندی بە نەبوونی متمانەوە ھەیە، بەشەکەی دیکەی پەیوەندی بەو فۆڕمەی سیاسەتەوە ھەیە پارتی گرتویەتییە بەر. پارتی وێنەیەکی کێشاوە، ھەموو رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەو جۆرە دەبینێت بیانخاتە ناو ئەو وێنەیەوە کە خۆی کێشاویەتی، ھەر رەنگ و دیدگایەکی جیاواز لە دەرەوەی وێنەکەی بە کۆسپ دەزانێت! کاتێک ھەوڵدەدات بۆ رێککەوتن لەگەڵ ھێزەکانی دیکە، لەسەر ئەو بنەمایە ھەوڵدەدات ئەویتری دەرەوەی خۆی بھێنێتە ناو وێنە کێشراوەکەوە، نەک وەک خۆی قبوڵی بکات! لەرووی سیاسییەوە ئەمە رێککەوتن نییە، بەڵکو ھێنانی ئەویترە بۆ ناو وێنە کێشراوەکە. 

ئەم سەرنجە دەکەمە بیانوێک بۆ قسەکردن لەسەر دواکۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و پارتی. لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوولا بەراشکاوی سەرنجەکان و دیدگای خۆیان خستووەتە روو. بزوتنەوەی گۆڕان خاڵەکانی ناو بەیاننامەکەی کردوە بە بنەوانی گفتوگۆکان، ئەو خاڵانەش راستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی خەڵکی و کۆی سیستەمەکەوە. (ھەڵبەت بۆ ھەموولایەک بەیاننامەکە و خاڵەکان روونن و من دووبارەیان ناکەمەوە)

بەڵام داواکانی پارتی، وەک ھەمیشە داواگەلێک بوون دور لە گوتاری واقیع. پارتی داوای لە گۆڕانکردوە بەبێ ھیچ ھەڵوەستە لەسەرکردنێک بگەرێتەوە بۆناو پەرلەمان و حوکومەت! بێگومان گۆڕان متمانەی نییە. بەبێ ھەڵوەستە لەسەرکردنیش نایەوێت بگەرێتەوە و، نایەوێت لەم کۆتایی خولەدا ببێتە بەشێک لە شکستەکانی حوکومەت. شاندەکەی گۆڕان لە کۆبوونەوەکەدا بەبێ رتوش لەم بارەوە وەڵامی پارتییان داوەتەوە.

خاڵی دووھەم: پارتی داوایکردوە بزوتنەوەی گۆڕان بێتە ناو کەمپینی ریفراندۆمەوە. شاندەکەی گۆڕانیش بەپارتیان راگەیاندوە، ریفراندۆم پرسێکی نیشتیمانییە و ئەرکی حیزب نییە بریاری لەسەر بدات، ئەرکی پەرلەمانە و دەبێت لەرووی یاسایی و نیشتیمانییەوە پەرلەمان لەو بارەیەوە پرسەکە تاوتوێ بکات.

شاندەکەی پارتی بەشێوەیەکی رژد خواستوویانە بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە پاڵپشتی ئەم کابینەیەی حوکومەت و بەرگری لێبکات! بزوتنەوەی گۆرانیش لەوەڵامدا قسەی لەسەر ئەوەکردوە، کاتێک پێویستە پاڵپشتی حوکومەت بکەین، داھاتی ناوخۆ، داھاتی نەوت تێواربێت و، کێشەی موچەی فەرمانبەران و کێشە ئابوورییەکان بەشێوەیەکی روون یەکلایی ببنەوە و دەستی حیزب لە داھاتەکاندا کورتبکرێتەوە و حوکومەت ببێتە حوکومەتی ھاونیشتیمانیان. 

بۆ مەسەلەی گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی لەم سیستەمەوە بۆ سیتەمی پەرلەمانی، پارتی نارازییە و بەرگری لەم سیستەمەی ئێستا دەکات. بزوتنەوەی گۆڕانیش پێی وایە: ئەم سیستەمە نە بەکەڵکی ئەم قۆناغە دێت و نە توانای بەرێوبردنێکی تەندروستی ھەیە( ئەزمونەکەش دەریخستووە) بۆئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت پێویستە دەسکاری سیستەمەکە بکات. (ئەمە تەکیدکردنەوەی بۆچوونەکانی نەوشیروان مستەفایە لەلایەن شاندەکەی گۆڕانەوە بۆ شاندەکەی پارتی)

گەرچی شاندەکەی پارتی بێھوانەبوون و ئارەزویانکردوە کۆبوونەوەی دیکە بکرێت، بەڵام شاندەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دیدگای خۆی بەروونی خستوەتە بەردەم پارتی وتوویەتی: دیدگاکانی گۆڕان بۆ سیستەم و ئابووریی و ژیانی خەڵک روونن، ئەوەی کێشەیە لەبەردەم ئەم دۆخەدا پارتییە، ھەرکاتێک پارتی ئامادەبوو بەھاوکاری گۆڕان و لایەنەکانی دیکە دەستبکەن بە گۆڕینی سیستەمەکە و باشکردنی دۆخی ئابووریی خەڵک  و موچەخۆران، کۆبوونەوەی دیکەی دەکەین، ئەما کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە ناکەین. ئەم بریارەی شاندەکە وەڵامێکی دروستی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پارتی کە گۆڕان نایەوێت کات بکوژێت و سەرقاڵی کۆبوونەوەبێت. لەتەنیشت ئەوەشدا جۆرێکە لەسەرپشککردنی پارتی بۆئەوەی لەگەڵ ھەرلایەنێکی دیکە رێکبکەوێت بۆ کودەتای دووھەم بەسەر دامەزراوەی پەرلەمان و حوکومەتدا. (وەستاندنی کۆبوونەوەی بێ بەرھەم، بڕوابوونە بە سیاسەتی کردەیی)

ئەم جیاوازییە بنەرەتییانە بۆ سیستەم، بۆ خۆ بەرێوەبردن، بۆ دۆسیە گرنگەکانی سیاسەت و ژیانی خەڵک، لە کۆبوونەوەی ھەردوولادا بەباشی دەرکەوتووە. ئەو وێنەیەی پارتی کێشاوییەتی وێنەیەکە بزوتنەوەی گۆڕان ناتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە، ئەو وێنەیەش بزوتنەوەی گۆڕان دەیکێشێت بۆ ئایندەی سیستەم و ئەم ھەرێمە، وێنەیەکە بۆ پارتی قورسە بتوانێت قبوڵی بکات، چونکە لە وێنە نوێیەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ھێزی بنەرەتی حوکومەتی ھاونیشتیمانی و دامەزراوە یاساییەکانن، نەک حیزب. جیاوازییەکان زۆرن، ئەما گەر تێگەیشتنێکی دروست ھەبێت بۆ ئایندەی ئەم ھەرێمە، جیاوازییەکان دەبنە بونیادێک بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دروست. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP