نازو نیعمەت
ڕەنج و زەحمەت

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 23-08-2017 - 3681 جار خوێندراوەتەوە

1

نازو نیعمەتی بوون بە ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکان
قەت:
وشەی قەیران تەنیا لە مێدیاوە دەبیستی...کوا قەیران؟ کوا نەبوونی؟
بێ لانە و کاشانە و خانوو کۆشک وتەلار نابی
بێ ئاو نابی
بێ کارەبا نابی
بێ پارە نابی
بێ پاسەوانی تایبەتی ماڵ و بەردەرگاو سەر شەقام نابی
بێ بەردەست نابی
گەرمات نابێ
سەرمات نابێ
برسی نابی
بێ ریزە دوکان و پشکی ئابوری و داھاتی لابەلا نابی
داماو نابی
دڵتەنگ نابی
خەمبار نابی
بێ سەفرەو گەشتو گوزاری ئەم سەرو ئەوسەری دونیا نابی
بێ ڤیزا نابی
بێ ڕیزە ئوتومبێلی دوا مۆدێل و گولەنەبڕ نابی
بێ بزەی سەرلێوو قاقای پێکەنینی بەردەم کامیراو سوور ھەڵگەڕانی بەزمی شادی وخۆشی، لە کاتی کۆڕوکۆبوونەوەکان نابی
رووت و ڕەجاڵ نابی
بێ بەنزینی موحەسەن نابی
بێ بیمەی ژیان نابی
بێ خزمەتکاری ناوماڵ و ناو حەشەو سەربان نابی
قەتا وقەت بێ ژن نابی و تەنانەت لە تەمەنی ھەشتا ساڵیشدا ژن دێنی
منداڵەکانت تا ھەتایە ژیانیان مسۆگەر دەبێ
بێ چارە و سەرگەردان نابی 
لە گێڕانەوەی قسەی دانسقە و نوکتە و خۆش مەشرەبی، ناکەوی


٢
کە مردیشی
ناوت بە گەورە سەرکردەی نیشتیمان پەروەرو کۆڵنەدەر دێت
یادەوەری ڕۆژی شەھید بوون و مردنت بۆ دەکرێتەوە
بە گەورەیی ناوت دێت
ڕۆژانی خەبات و بەرخودان وتێکۆشانت ھەر ھەمووی بە سەروەری بۆ لە قەڵەم دەدرێت و تەنانەت کاتەکانی پشوودانیشت بە خەباتی ژێر زەمینی بۆ دەژمێردرێت
خانەنشینیەکەت دانسقە دەبێ و مووچەکەشت نایاب
شەقام و کۆڵان و بینایە و شوێنە گشتیەکانت بە ناوەوە دەکرێت
ماڵ و منداڵەکانیشت لە خێرو بێری بوون بە ئەندامی سەرکردایەتیەوە بەھرەمەند دەبن و لە نازو نیعمەتی بێ بڕانەوەدا دەژین
کەس پرسیار لە سەر بڕوانامەکەت ناکەت، ھەر بە لاشیانەوە گرینگ نیە


٣
کە ڕووت وڕەجاڵ بووی، خەباتگێڕێکی ئاسایی و دوونیا نەویست و خاکی و دڵسۆزو پاک و مەرد و دلێر بووی:
تا گەیشتن بە سەری مانگ، بەدیار تەلەفزیۆنەوە چاوەڕێی ھەواڵە دڵتەزێنە بە ( پەلە) کانی
شەرمەندەی ماڵ و مناڵی
شەرمەندەی دۆست و جیرانی
خەجاڵەتی دۆست و براو ئەحباب و دوکانداری سەری کۆڵانی
رووت و ڕەجاڵ و داماوی
قەرزداری
بێ ئاوی
بێ سەیارەی و تەنانەت جاری واھەیە بێ پارەی تەکسیشی
بێ کارەبای
بێ نەوت و سووتەمەنی
بێ بزەی
بێ روح و دڵ بەخەم ودڵگرانی
ڕۆژێک بە دەست ژانی فەقەراتەوە بە ئازاری
شەوێک بەدەست ژانی ئەژنۆوە، خەفەری
لە نەخۆشی شەکرەو چەوری خوێن و دڵ و گورچیلە ش ھەر مەپرسە
سالانی خەباتت!!!! لێیان مەپرسە، نە کەس بیری ماون نەکەسیش تاقەتی خوێندنەوەیانی ھەیە!!!
کەی بووی بە پێشمەرگە؟ کەس بیری نایەت! ئەسڵەن بۆ بووی بە پێشمەرگە؟ گرینگ نیە! گرینگ ئەوەیە ئێستا لە سەردەمی جیھانگەرایی و پۆست مۆدێرنیزم و پاشەکشەی سۆسیالیزم و چەکەرەی لیبراڵیزم و دارووخانی ئەخلاقیزما، لە دۆخی نیمچە سەربەخۆییدا چەند ریزە دوکان و کۆمپانیاو کۆشک وتەلار و ڤیلاو سەیارەی دوا مۆدێلت بە ناوە؟ دڵنیام ھیچ!
ئەسلەن ئەزانی، پۆست مۆدێرنیزم چیە؟ عەولەمە کەی ھاتۆتە دونیاوە، شەری سارد و ململانێی بلۆکی ڕۆژئاواو ڕۆژھەڵات چیە و دیواری بەرلین کەوتۆتە کوێوە؟ یا پێت وایە پۆست مۆدێنیزم جۆرێکە لە شلەی باینجان لە ڕۆژانی جەژنا ئەیخۆن!!

٤
تۆکە مردی:
داماوترین و بێ کەس ترینی کە سەکانی
لە یەکێک لە گۆرستانە لابەلا و لاتەریکەکاندا و بە ئامادە بوونی ژن ومناڵ و خزمە نزیکەکانت و مەلایەک، بە بێ دەنگیەوە ئەنێژرێی.
نەک بینایە و کۆچە وکۆڵان و پرۆژە، تەنانەت پەنجەرە داڕزیوەکەی مزگەوتە کۆنەکەی گەڕەکیش بەناوتەوە ناکرێت.

مووچەی خانەنشینیەکەت بخەیتە بەردەم پشیلە داماوو برسیەکانی گەڕەکیش، لێتی وەرناگرن و لێت زیز دەبن.

ماڵ و منداڵ و خاوو خێزانیشت لە قرچەی گەرمای تاقەت پڕۆکێنی ھاوین و بێ کارەبایی و سەرماو سۆڵەی پڕ لە لەرزە لەرزی زستاندا، بە دیار فانوسی نەوت لێبڕاوو ژەنگ گرتووی بە قەرز کڕاوی ماڵەوە، ھەڵئەلەرزن و بە دیار ھەواڵە ( بە پەلە) کانی دابەش کردنی خێرو سەدەقەی دوو مانگ جارێکا، چاوەڕوانی توانەوەی ئاوی ناو تانکیە ژەنگ گرتووەکەی سەربانن، تا بەڵکو دەست نوێژێ ھەڵگرن و لە خوا بپاڕێنەوە، بەڵکو ئەوە خوایە ئەو دۆخە بە خێر بگێرێتەوە و وەتەن ئاوا کات و کێشە کەڵەکە بووەکانیش چارەسەر.

تۆ کە مردی، ھەر زوو لە بیر ئەکرێی، پەراوێز ئەخرێی و تە نانەت لە نووسنیەوەی دیرۆکی سەروەریەکانیشدا بە ڕێکەوتیش ناوت نایەت و کەس یادت ناکاتەوەو کۆڵێک خەم و پەژارەو جیھانێک دڵتەنگی و بارێک خەفەت، بۆ خێزان ومناڵەکانت جێ ئەھێڵی.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP