هەواڵی ئەمڕۆ

نەخێر لەبەردەم یاسادا!

کاوسێن بابەکر - 22-08-2017 - 2576 جار خوێندراوەتەوە

گەورەترین ڕوداو کە چارەنوسسازترینیشە لەدوای هەگیرساندنەوەی شۆڕش وراپەڕینی ئازاری ٩١ ئەم ڕێفڕاندۆمەیە، دڵنیاشم هیچ کوردێک نییە ڕیفڕاندۆم ودەوڵەتی کوردستانی سەر بەخۆی لەسەر دڵی دانەنابێ، ئەو نەخێرانەش جگە لەڕقی کاتی بەرانبەر بە حکومەت ودەستەڵاتداران شتێکی تر نییە، بەڵام لەناو ئەم نەخێرانەدا کەسانێکی بازرگان و عاشق بەخۆی تازە پیاکەوتوو هەن کە ئەم نیگەرانییە ی خەڵکی سادە دەقۆزنەوە بۆ مەرامی خۆیان.

هەموو کەسێک ئازادە لە گوتنی نەخێر یان بەڵێ، بەڵام ئایا لەکوێی دونیادا بووە گەلێک، ووڵاتێک دوای سەدان ساڵ داگیرکاری وزوڵم زۆرو ئەنفال و کیمنابارانکردن، هاوڵاتیانی  بێن و کەمپین دژی سەربەخۆبوون بکەن! گەلێک کەتا ئێستاش خوێنی لەبەردەڕوات سوکایەتی پێ دەکرێت و، کەسانێک جورئەت بکەن بێن وپروپاگەندە دژی ڕیفڕاندۆم وسەربەخۆیی بکەن بەبیانووی جیاجیاو لەژێر دروسمی جیاجیادا گوایە ئازادن ڕای خۆیان دەربڕن، ئایا ئەوە سزای گەورەی لەسەر نییە بەپێی ماددەی ١٥٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ١١١ ساڵی ١٩٦٩،بەڵی ئەمە تاوانە دژ بە بەرژەوەندی گشتی ودەکەوێتە بابی تاوانی زیانگەیاندن بە ئەمنی دەوڵەتی دەرەکی (نەتەوەیی نیشتمانی)،ماددەکە بەدەق دەڵێ {بە ئیعدام سزادەدەرێ هەرکەسێک بە ئەنقەست تاوانێک بکات بەنیازی زیانگەیاندن بە سەربەخۆیی ووڵات ویەکێتیەکەی یان سەلامەتی خاکەکەی ئەگەر کارەکە لەباریدا هەبێ ببێتە هۆی ئەو کارە}.

 خەڵکە ڕەشۆکیەکە بەئەنقەست واناکات و دڵی پاکەو توڕەیە، بەڵام کەسانێک هەن کەمپین دەکەن وکەناڵی سەربەخۆ بۆ ئەم مەبەستە دادەنێن زۆر باش دەزانن چی دەکەن بۆ دەیەکەن؟! دەسەڵاتدارانیش بێدەنگن، ئەو بێ دەنگیەش لەدووخال بەدەر نییە؛یان خۆیان هێندەیان یاسا پێشێلکردووە لەڕوویان نایەت لەو جۆرە کەسانە بپێچنەوە کە ڕەنگە کەسانی دەستەڵاتداریشیان لە پشتەوەبێ! یان وەک  بەرەی نەخێر دەڵێن جدی نین وئامانجیان دەوڵەتی سەربەخۆ نییە!

دەوڵەتی سەر بەخۆ خەونی لەمێژینەو تاقە بیانووی دەیان شۆڕش و راپەڕینەو، ئەو خوێن و ئازارو قوربانییەش لەسەدان ساڵی رابردوودا دراوە، بۆ هیچ نەبووە جگە لەسەربەخۆیی، هەرکەس و لایەنێکیش، لەم پێناوەدا کەم تەرخەمی بکات، تاوان دەکات و مێژوو ڕەحمی پێناکات، دواخستنیشی جگە لەناجدی بوون،  بەتاڵکردنەوەی ئەو سۆزو خوێنگەرمی و فیداکاریەیە کە تائێستا لەپێناو سەربەخۆییدا کراوە و هیچ پاساوێکیش هەڵناگرێ!  
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP