بەپەلە

ھۆکارەکانی زۆربوونی تاوانە کۆمەڵایەتیەکان.

ئارام قادر حەمەسور - 21-08-2017 - 5162 جار خوێندراوەتەوە


بێگومان تاوانە کۆمەڵایەتیەکان بریتین لەو تاوانانەی کە بەرامبەر تاک و کۆمەڵگا دەکرێت یان تاک بەرامبەر خۆی دەیکات و دەبێتە ھۆی دروستبوونی کوشتن یان خۆکوشتن و برینداربوون و دروستبوونی توندوتیژی، تاوانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرن و زۆر جار کۆمەڵگا توشی شۆک دەکەن، دەبنە مەترسی و فۆبیا بۆ سەر تاکەکان و سایکۆلۆجیای تاک ناسەقامگیر دەکەن، کۆمەڵگا دواکەوتوو و ناسەقامگیرو ئاڵۆزەکان تاوانەکۆمەڵایەتییەکانیان تێدا زۆرە، بەردەوام ئاسایشی کۆمەڵایەتیان لەمەترسیدایە، چونکە تاوانەکۆمەڵایەتیەکان دەرئەنجامی چەندین ھۆکاری کەڵەکەبوون یان بەبەرنامە ئەم جۆرە تاوانانە بۆناو کۆمەڵگا زیاد دەکرێن، بۆ ئاڵۆزی تاکەکان و جێبەجێکردن مەرامە سیاسی و ئابوریەکان.

زانستی کۆمەڵناسی بەردەوام زیادبوونی تاوانەکۆمەڵایەتییەکانی بەستۆتەوە بە ھۆکارەکان، تا ھۆکارەکان دیارینەکرێن و چارەسەر نەکرێن ئەم نەخۆشیەکۆمەڵایەتییە مەترسیدارە چارەسەر ناکرێت، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان تاوانە کۆمەڵایەتیەکان زۆربوون و بەرەو بەدیاردەبوون(سۆشیال فینۆمینا) دەچن و سەرنجی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان ڕاکێشاوە، لێرە گرنگترین ھۆکارەکانی زیادبوونی تاوانەکۆمەڵایەتیەکان دیاریدەکەین لەھەرێمی کوردستان؛

١-ھۆکاری سیاسی/ بێگومان لە کوێ تاوانە کۆمەڵایەتیەکان زۆربوون لەوێش دەسەڵاتی سیاسی فاشیل بوونی ھەیە، واتا حیزب و حکومەت لێرە دەتوانن تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زیادبکەن لە پێناوی مەرام و کارنامە سیاسیەکانیان، چونکە لێرە حکومەت لە خزمەتی حیزبدایە! ئێستا حیزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتی (یەکێتی و پارتی) لەڕێگەی دروستکردنی قەیرانە سیاسیەکانەوە مەجالی زیادبوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانیان داوە، سیاسەتی برسیکروون و بڕینی موچە کەبەرگێکی سیاسی ھەیە ھۆکاری زیادبوونی تاوانەکانن، سیاسەتی پراگماتیزمی جوتحیزب ھۆکارێکی گرنگی زیادبوونی تاوانەکۆمەڵایەتیەکانن. 

٢-ھۆکاری ئابوری/ ئابوری باش کۆمەڵگای تەندروست دروستدەکات، خراپی باری ئابوری تاکەکان توشی بێئومێدی دەکات و پەنا دەبەنە بەر تاوانەکان، چونکە جوڵەی ڕۆژانەی ژیان بە پارەیە کەواتە لەنەبوونی پارەدا ترس دروستدەبێت و دەرئەنجام تاوانێکی کۆمەڵایەتییە، ئێستا ئێمە لە قەیرانسازی دارایدان، تاکەکان لەنێوان پێداویستی ڕۆژانەو نەبوونی داھاتی تەواو توشی باری خراپی سایکۆلۆجی بوون، ئەمەش تاکەکان بەرەو خەمۆکی و خۆکوشتن و تاوانی دزیکردن و مامەڵەی ماددەھۆشبەرەکان دەبات،  لێرە دا ھۆکاری سیاسی و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەبیانوی نەبونی داھات ئەم قەیرانسازییە داراییەیان دروستکردووە، لەکاتێکدا ھۆکارەکە سیاسی و کورسی پەرستیە، ئێمە ئێستاش داھاتێکی زۆرمان ھەیە، لێرەشدا کۆمەڵگا  بۆتە قوربانی سیاسەتی سەقەتی جوتحیزب ، بۆ قەرەبووی داھاتەکەی تاوانەکان ئەنجام دەدات. زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق بەھۆی لاوازی داھات بەنمونە.

٣-ھۆکاری کۆمەڵایەتی/ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لەناو خێزانی کوردیی بونی ھەبووەو سەرچاوەو ھۆکارێکی تری تاوانە کۆمەڵایەتیەکانە، ئەمەش پەیوەندی بە نەریت و کولتووری پەروەردەی خێزانی کوردییەوە ھەیە، شەپۆلی بەجیھانی بوون(گلۆبالیزەیشن) لەلایەک و کولتوری خێزانی کوردی لەلایەکی ترەوە لە ململانێدان، زۆرجار بۆتە ھۆی کوشتن و تەڵاقدان و خۆکوشتن لەناو خێزانەکان بەتایبەتی ژنان و منداڵان قوربانی گەورەن، کێشە خێزانییە بچوکەکان زۆر جار بە کوشتن و خۆکوشتن و برینداری کۆتاییان ھاتووە.بەڵاکانی مۆبایل وەک نمونە.

٤-ھۆکاری ڕاگەیاندن/ ڕاگەیاندنی کوردی بەگشت جۆرەکانی لەقەیراندایە، بۆئاڕاستەکردنی پەیامەکانیان ھیچ پێوەر و فلتەرێکی سۆسیۆڵۆجی و سایکۆلوجیان نیە،  بەردەوام ڕاگەیاندن تاوانەکانی ئاسانکردووە و ترسی زیادکردووە، ئەفلامە بێ مەعریفیەکان بۆماندەردەخەن ڕاگەیاندنی کوردی چەند لاواز و خراپە، ئەفلامەکان کێشە خێزانیەکانیان زیادکردووە بەتایبەتی لەناو ھەرزەکاران، توندوتیژیان فێری منداڵانی کورد کردووە و ڕۆژانە لەسەر شەقام توندوتیژی و جنێوی ناو ئەفلامەکان پڕاکتیک دەکەن، ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەندەی ڵە خەمی زیادبوونی بینەرو بیسەرو خوێنەرە ئەوەندە لەخەمی ئارامکردنەوەی سایکۆلۆجیای تاکی کورد نییە، زۆرکات ڕاگەیاندن تاکی شڵەژاندووەو بەرەو ئاڵۆزی و تاوانەکان ئاڕاستەی کردووە.

دیمەنی چۆنیەتی خۆ کوشتن بەحەبل و دەرمان بەنمونە.
٥-یاسا سەروەرنەبون/ نەبوونی سەروەری یاسا تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی زیادکردووە، کەسانی حیزبی دەسەڵاتدارو خزم و ئەندامانیان دەتوانن تاوانی گەورە بکەن بەبێ ئەوەی سزابدرێن، بەبێ ئەوەی ئاشکرا بکرێن، ئەمە کردنی تاوانی ئاسانکردووە چونکە ئەوتاکە بەھۆی پاڵپشتی حیزبی و نەبونی یاسا ناترسێت و بەردەوام تاوانەکان دووبارە دەکاتەوە، دزینی داھاتی نیشتمانی و لێدان لە دەنگەئازاکان و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان بەنمونە.

جگە لەم ھۆکارانە چەندێن ھۆکاری تر ھەیە، دەرچونی لێبوردنی گشتی لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە بۆ تاوانباران مەترسیدارە، زۆرجار لەم ڕێگەوە تاوانباری مەترسیدار ئازاد دەکرێت، یان سوڵحی کۆمەڵایەتی کەزۆر جار لە گەورەی تاوانەکان کەمدەکاتەوە و وادەکات تاوانبار بەبێ ترس بەھۆی بونی پاڵپشتی عەشایەری تاونەکە دووبارە بکاتەوە، نەبونی ھۆشیاری یاسایشی ھەندێ جار وادەکات تاک تاوانبکات، چونکە شارەزای جۆری تاوان و سزای تاوانەکان نییە.

ھەمو ھۆکارەکان دەکرێت ببەستینەوە بەدەسەڵاتی سیاسی فاشل، لەماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابردوو دەسەڵات نەیتوانیوە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاکەکان دروست بکات، گەر یاسا سەروەر بوبایە تاوانەکان ئەوەندە زۆر نەدەبون، بەڵام دەسەڵات بەسیاسەتی مەشغوڵبکەو زاڵببە کاری کردووە، ئاشی دەسەڵات لەناو ئاڵۆزبونی تاک و کۆمەڵگادا گەڕاوە، ھەمیشە تاکی بەرەو خەمە شەخسیەکان ئاڕاستەکردووە تا ھۆشیاری سیاسی لاوازبێت و بیر لە کاری گشتی و دەسەڵات و سیاسەت نەکاتەوە، ھەمیشە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان کۆمەڵگایان پڕکردووە لەتاوانی کۆمەڵایەتی تا بەربەست بۆ مەرامەسیاسییەکانیان دروست نەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP