ھەڵبژاردن دەکرێت؟

رێبوار کەریم وەلی - 21-08-2017 - 4536 جار خوێندراوەتەوە


(١)

ئەگەرچی ھەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی سەربەخۆی! ھەڵبژاردنەکان و ریفراندۆم، بە جیاوازیی یەک دەنگ کە ئەویش بە زەبری کوتەک دەستەبەرکرابوو (نوێنەرەکەی یەکێتی سەرەتا لەگەڵدا نەبوو، دوایی دەنگی بەڵێی دا) فەرمانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی لە ٢٥ی ئەیلول و ھەڵبژاردنی گشتی و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە یەکی تشرینی دووەم پەسەند کرد، بەڵام ئەو بڕیارەی کۆمیسیۆن تەنھا بۆ ئەنجامدانی گشتپرسییە و پێناچێ بۆ ھەڵبژاردنەکانی دیکە بێت. 

لە سەرەتای پڕۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە فەرمانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆن لەژێر گوشاری پارتی و گۆڕاندا (کە تەنھا خاڵی ھاوبەشی ئەو دوو حیزبەیە) وای دانابوو کە بڵێ کۆمیسیۆن ھەموو ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی و ھەڵبژاردنەکان کردووە، نوێنەرانی گۆڕان لە پێناوی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، بە ھەردوو تاریخەکەی سەرۆکی ھەرێم رازی بوون، بەڵام دوایی وەرەق ھەڵگەڕایەوە و بێ مەیلیی یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بووە ھۆی ئەوەی کۆمیسیۆن نەڵێ ئامادەکاریی تەواوی کردووە، بەڵکو بڵێ "ئامادەکاری دەکات" کە ئەوە مانای وایە رەنگبێ پێی نەکرێت.

یەکگرتوو و یەکێتی و تەنانەت پارتیش نایانەوێ ھەڵبژاردن بکرێت. پارتی مەسەلەی ھەڵبژاردن وەکو کارتێکی گوشار بۆ دوو مەبەست بەکاردێنێ. یەکەمیان ئەوەیە کە پارتی باش دەزانێ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوپەڕی دوو کورسی زیاد دەکات یان لە باشترین حاڵەتدا لە ٣٨ کورسییەوە دەبێتە ٤٢ کورسی کە ئەوە بەرزترین کێرڤی پارتییە، بەڵام یەکێتی و یەکگرتوو، بەو حاڵەی ئێستایان بەرامبەر گۆڕان )ھاوکات لیستی دکتۆر بەرھەم ساڵح) و کۆمەڵ تووشی لەدەستدانی کورسی دەبن ئەگەر دەرفەتی زیاتریان پێ نەدرێت. بۆیە پارتی ئەو خاڵە لاوازەی ئەوانی دۆزیوەتەوە، دەنا پارتیش ھیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی لە ھەڵبژاردندا نییە.

دووەمیان ئەوەیە کە مەعقول نییە پارتی رابەرایەتی پڕۆسەی سەربەخۆیی بکات، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە گشتپرسیدا بەشدار بکات و ئینجا بێت سنووری حوکمڕانیی کوردستان دووبارە بەرێتەوە بۆ نێو ماددەی ١٤٠! بۆیە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بە تایبەتیش کە ھێشتا ھیچ چارەیەک بۆ یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم نەدۆزراوەتەوە، کارێکی ئەستەمە و دواخستنی بۆ ساڵێکی دیکە یەکێکە لە باشترین بژارەکان و تێکدانی نەخشەی سیاسیی ئێستای کوردستان لە قازانجی پارتی نییە.

دەستە پۆڵایینەکەی یەکێتی

(٢)
بەشێک لەو تەنگەتاوییەی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای راگەیەندراوە پێنج خاڵییەکەی تووشی بوو، پەیوەست بوو بە بێمنەتیی پارتی، چونکە ھەرچەندی کردیان نەیانتوانی ئەوە روون بکەنەوە کە ئەو پێنج خاڵە مەرجی گفتوگۆ نین، ئەوان لە کاتێکدا خۆیان داوای گفتوگۆی بێمەرجیان لە پارتی دەکرد، بۆ راگرتنی دڵی ھەوادارانیان مەرجی گفتوگۆیان بۆ پارتی دانابوو. پارتی لەگەڵ یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆتاکانی ناو پەرلەمان ھەموو شتێکی بڕاندووەتەوە، گۆڕان بێت یان نەیەت (کە ئەڵبەتە جاران داوای کاراکردنەوەی بێ قەید و شەرتی پەرلەمانیان دەکرد و ئێستا داوای قەید و شەرت دەکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان!) پەرلەمان کارا دەکرێتەوە. ئەوەش بەرھەمی لاوازیی گۆڕانە دوای لەدەستدانی رێکخەری گشتییان و دەستی کۆسرەت رەسوڵ عەلیش لە غیابی نەوشیروان مستەفادا زۆر بەھێز بووە، ئیتر ھەڕەشە و ھاوپەیمانێتییەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی پێشووی ناو یەکێتی کە بە گۆڕان دەخوڕین، بەھایەکی نەماوە.

کۆسرەت رەسوڵ، راستە ئەمڕۆ نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ھەموو جومگەکانی ناو یەکێتی بکات، بەڵام جۆرێک لە ئۆتۆریتە و رێکخستنی بۆ یەکێتی گەڕاندووەتەوە کە یەکێتیی بە ١٨ کورسی پەرلەمانەوە کردووەتەوە بە شەریکی دەسەڵات. باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی پارچە پارچە کردووە و گەیاندوویەتیە ئاستی ئەوەی کە باڵی دەستڕۆیشتووی پێشوو بە نوێنەرایەتییەکی بنەماڵەیی لە بڕیارداندا رازی بن، نەک ئەوەی کە ھەموو قەرار و مەداری یەکێتی بەدەست ئەوانەوە بێت. ئەوە جیا لەوەی کە ھەموو دەنگە نەشاز و شانازەکانی ناو یەکێتی کپ و چاوترسێن کردووە. ئەگەر پارتی لەو پڕۆسەیەدا ھاوکاری یەکێتی و کۆسرەت رەسوڵ بن، یەکێتی دەبێتەوە بە حیزبەکەی جاران، بەتایبەتیش کە لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای ئێران دەرچوون.


دکتۆر بەرھەم ناگەڕێتەوە
(٣)
ھەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی دکتۆر بەرھەم ساڵح بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی و تەنانەت دروستکردنی ترۆیکایەک تا کۆنگرە فەشەلیان ھێناوە. لەناو یەکێتیدا ھەموو حیساب و کتابەکان لەسەر ئەوە بوو کە دەکرێ دکتۆر بەرھەم بە پێدانی پۆستی سەرۆککۆماری لە بەغدا قانع بکرێت. ساڵێک پێش ئێستا باڵی دەستڕۆیشتوو و ناوەندی بڕیاری کۆن، بە نووسراو پێشنیازی ئەوەیان کرد کە دەتوانن دەمودەست ئەو پۆستەی بدەنێ (واتا دکتۆر فوئاد لابدەن و ئەوی لە جێگە دانێن)، بەڵام ئەو قەبوڵی نەکرد. ئەڵبەتە ئەوە دوای ئەوە ھات کە نێوانی گۆڕان و پارتی تێکچوو، چونکە موسەبیبی سەرەکی لە دەرنەچوونی دکتۆر بەرھەم لە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، نەوشیروان مستەفا بوو کە ئەوسا گوشاری لە پارتی دەکرد رێ نەدەن دکتۆر بەرھەم ببێتە پاڵێوراوی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری! 

لەم رۆژانەدا (بێگومان دوای سەفەری سەرۆکی حکومەت بۆ تاران)، دکتۆر بەرھەمیش لە ئێران بوو، بانگھێشتی ئەمجارەی ئێرانییەکان بە ئاراستەی یەکخستنەوەی ناو ماڵی یەکێتی نەبوو، بگرە بۆ سەرمایەگوزاری بوو لەسەر ئایندەی دەڤەری سەوز و نیلی. ئەوان دڵنیان کە ئیتر دکتۆر بەرھەم ناگەڕێتەوە ناو یەکێتی و کوردیش لە بڕیاری ریفراندۆم و سەربەخۆیی پاشگەز نابنەوە، بەڵام ئێران دەوڵەتێکە کە ھەموو حساباتی خۆی لەگەڵ کورد لەسەر سەربەخۆیی تێکنادات، بە پێچەوانەوە حیساب بۆ دوای سەربەخۆیی دەکات و ئومێدێکی زۆریان لەسەر ئایندەی سیاسیی ئەو پیاوە ھەڵچنیوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP