ناڕه‌زایی‌ جه‌ماوه‌ر و بێ‌ باكی‌ ده‌سه‌ڵات تاكه‌ی‌؟

نەوزادی موهەندیس - 4-10-2016 - 3475 جار خوێندراوەتەوە


نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•زیاد له‌ دوو ساڵه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌و جه‌ماوه‌ری‌ میله‌ته‌كه‌مان له‌ته‌نگژه‌یه‌كی‌ دارایی‌ توندو ناجێگیریه‌كی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ مه‌ترسیداردا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، هه‌ربۆیه‌ش جه‌ماوه‌ر دوای‌ به‌رگریكردن‌و خۆڕاگرتن‌و پێنان به‌سه‌ر خۆشی‌‌و خۆشگوزه‌رانیه‌كانیانداو له‌خه‌مخۆری‌‌و دڵسۆزیانه‌وه‌ بۆ كوردو كوردستان پشووی‌ شۆڕشگێڕیان نواندووه‌و ئه‌م بێباكی‌‌و خه‌مساردیه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گه‌رتووه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ك مه‌ترسی‌ داعش‌و داگیركردنی‌ كوردستانیان له‌به‌رچاوگرتووه‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌یان له‌بیر نه‌كردوه‌ كه‌ئه‌م قه‌یرانه‌ سیاسی‌‌و دارایی‌‌و سه‌ربازییانه‌ به‌ته‌نها به‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌كه‌مانی‌ نه‌گرتووه‌و به‌ڵكو ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌گشتی‌‌و عێراق‌و سوریا به‌كوردستانیشه‌وه‌ی‌ گرتۆته‌وه‌.

هه‌ر بۆیه‌ دانیان به‌خۆدا گرتووه‌و بێده‌نگیه‌كی‌ توڕه‌یان له‌ناخیاندا حه‌شارداوه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن سه‌برو پشووگرتنیش سنوری‌ خۆی‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ئێستادا جه‌ماوه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان كه‌زۆرێك له‌ڕاسته‌یه‌كانیان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌و مه‌ترسی‌ داعشیش به‌و گه‌وره‌ییه‌ی‌ له‌پێشدا نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئیدی‌ له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ قبوڵناكه‌ن كه‌ به‌ئاره‌زووی‌ سه‌ركرده‌یه‌ك یان حیزبێك یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك یاری‌ به‌چاره‌نوسی‌ خۆیان‌و نه‌وه‌كانی‌ داهاتوشیان بكرێت‌و هه‌موان پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ خاڵێك ڕێكه‌وتوون كه‌ئه‌م قه‌یران‌و ناجێگریه‌ی‌ هه‌رێم له‌ئه‌نجامی‌ كارو كرده‌وه‌و گوتاری‌ نابه‌رپرسیارانه‌و گه‌مژانه‌ی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هاتونه‌ته‌ ئاراوه‌و، هیچ ئیڕاده‌یه‌كی‌ ڕاسته‌قینه‌و ڕاستگۆیانه‌شیان نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ر: له‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ بونه‌ته‌ توڕه‌بون‌و زویربوونی‌ جه‌ماوه‌رو ده‌ستیان داوه‌ته‌ خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زای ده‌ربڕین بریتین له‌:

•سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌مه‌ڕ كێشه‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و سه‌ربازی‌و كۆمه‌لڵایه‌تیه‌كانی‌ هه‌رێم.

•قۆرخكردن‌و پاوانكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌یه‌ن حیزب‌و سه‌ركرده‌و بنه‌ماڵه‌یه‌كه‌وه‌و ده‌ستگرتنیان به‌سه‌ر ته‌واوی‌ جومگه‌كانی‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمدا.

•ناشه‌فافیه‌ت له‌داهات‌و خه‌رجی‌‌و به‌تایبه‌تیش داهاتی‌ نه‌وت‌و فرۆشتنی‌‌و به‌تاڵانبردنی‌ بۆ خزمه‌تی‌ ده‌سته‌بژێرێكی‌ ده‌سه‌ڵات‌و داگیركارانی‌ كوردستان نه‌ك جه‌ماوه‌ر.

•بوونی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و به‌رده‌وامی‌ به‌درێژایی‌ 25 ساڵی‌ رابردوو و پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ تاك‌و كۆمه‌ڵی‌ گه‌له‌كه‌مان‌و نه‌بوونی‌ عه‌داله‌ت‌و دیموكراسیه‌ت‌و پێشێلكردنی‌ ئازادییه‌كان.

•هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و كوده‌تاكردن به‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی‌ په‌ڕله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و شه‌له‌ل خستنه‌ ناو حكومه‌ت‌و بێكاركردنی‌ ده‌زگای‌ دادوه‌ریش.

•به‌به‌رنامه‌ دروستكردن‌و خوڵقاندنی‌ كێشه‌و قه‌یرانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر سه‌رقاڵی‌ حاڵ‌و بژێوی‌ خۆیانبن‌و نه‌په‌رژێنه‌ سه‌ر كه‌مكوڕیی‌‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات.

•به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵات له‌سه‌ر مه‌زاج‌و سۆزی‌ كه‌سه‌كان‌و به‌عه‌قڵیه‌تی‌ شاخ‌و عه‌شره‌ت‌و بنه‌ماڵه‌ نه‌ك به‌عه‌قڵیه‌تی‌ ئیداره‌یه‌كی‌ ڕه‌شیدو سه‌ركه‌وتووی‌ به‌پلان‌و ڕاوێژ‌و كاركردن به‌یاساو هه‌وڵدان بۆ به‌دامه‌زراوه‌یكردنی‌ حوكمڕانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌.

•په‌نابردنی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ سیاسه‌تی‌ ترس‌و تۆقاندن‌و ڕاوه‌دوونان‌و گرتن‌و كوشتنی‌ تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاو هه‌وڵی‌ نانبڕین‌و برسیكردنیان كه‌ئه‌م دووكاره‌ دوژمنانیش هه‌میشه‌ په‌نایان بۆ بردوون.

هه‌ربۆیه‌ جه‌ماوه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان له‌پای‌ ئه‌م هه‌موو بێڕێزیی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌‌و ناعه‌داله‌تیه‌دا هاتونه‌ته‌ ده‌نگ  وه‌ك مافێكی‌ زۆر سروشتی‌ خۆیان‌و داوای‌ مووچه‌و خۆشگوزه‌رانی‌‌و لانی‌ كه‌می‌ ژیان ده‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت وڵات ئاوه‌دان‌و پێشكه‌وتوو بێت نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌و كاولكاری‌ له‌ئه‌نجامی‌ نه‌مانی‌ پڕۆژه‌و خزمه‌تگوزاریه‌كاندا.

ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌و ئه‌م ناجێگیره‌ سیاسییه‌ بونه‌ته‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واری‌ ببێته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ برسیی‌و نه‌خۆش‌و دواكه‌وتوو و هه‌ژار كه‌ڕێژه‌كه‌ی‌ له‌هه‌رێمدا گه‌یشتۆته‌ 14%و زیادبوونی‌ تاوانه‌كانی‌ كوشتن‌و دزیكردن‌و له‌شفرۆشی‌‌و ..هتد. و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشیه‌ كوشنده‌كان‌و ده‌رونییه‌كان. كه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ دۆخه‌كان به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ئه‌م خۆپیشاندانه‌ هێمن‌و ئاشتی‌‌و شارستانیانه‌ی‌ كه‌ له‌ 27-9-2016دا سازكرا دوورنیه‌ بگۆڕدرێن بۆ كار‌و كرده‌وه‌ی‌ توندوتیژیی‌‌و سه‌قفی‌ داواكاریه‌كانیش به‌رزببنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی‌ حكومه‌ت‌و ته‌نانه‌ت گۆڕینیشیان به‌هێزو بازوی‌ جه‌ماوه‌ر.

به‌داخه‌وه‌ له‌ئێستادا به‌هۆی‌ زاڵبوون‌و تۆخبونه‌وه‌ی‌ هه‌یمه‌نه‌و هه‌ژموونی‌ سه‌ركرده‌ و حیزب و باڵاده‌ستیان له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانداو په‌نابردن‌و ده‌ستگرتن به‌شه‌رعیه‌تی‌ شۆڕشگێڕی‌ دوور له‌شه‌رعیه‌تی‌ ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و جه‌ماوه‌ر، ئیراده‌ی‌ جه‌ماوه‌ریش كه‌رت‌و په‌رتكراوه‌و یه‌ك‌و یه‌كگرتوویی‌ له‌كارو گوتارو هه‌ڵسوكه‌وتیاندا نه‌ماوه‌و به‌كرداره‌كی‌ هه‌رێمیان دابه‌شكردۆته‌ نه‌ك بۆ دوو كه‌رت  به‌ڵكو بۆ چه‌ندین كه‌رت‌و ناوچه‌ی‌ نفوزی‌ حیزب‌و سه‌ركرده‌كان، هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌شیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ زیاتری‌ قوت‌و نان‌و نه‌وت‌و داهاتی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ بۆ خۆیان نه‌ك بۆ جه‌ماوه‌ر.

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ جیاواز له‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ دونیاو له‌كارێكی‌ بێوینه‌و زۆر ده‌گمه‌نداو به‌به‌رنامه‌و به‌بێ‌ هۆكارێكی‌ دیار ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ توڕه‌كردنی‌ جه‌ماوه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان‌و زۆر بێباكانه‌ش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داواكاریه‌ ڕه‌واكانیاندا ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌بیری‌ چووبێته‌وه‌ یان حساب بۆ ئیراده‌ی‌ گه‌ل نه‌كات‌و نه‌زانێت كه‌ ته‌نها جه‌ماوه‌ر سه‌رچاوه‌ی‌ ڕه‌وایی‌‌و شه‌رعیه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیانه‌و هه‌ركات توڕه‌بوونی‌ جه‌ماوه‌ر گه‌یشته‌ تروپك‌و لوتكه‌ی‌ ئه‌وا زۆر بێ‌ به‌زه‌ییانه‌ تۆڵه‌ی‌ هه‌موو تاوان‌و پێشێلكردنه‌كان‌و بێڕێزیه‌كانیان لێوه‌رده‌گرێته‌وه‌و ده‌یانكاته‌ په‌ندی‌ زه‌مانه‌و توڕیان هه‌ڵده‌دات به‌ره‌و زبڵدانی‌ مێژوو.

بۆیه‌ هه‌قوایه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زۆر به‌جدیی‌‌و گه‌رموگوڕیه‌وه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ هه‌وڵ بدات بۆ چاره‌سه‌رو گه‌ڕان به‌دوای‌ ده‌رچه‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگای‌ ده‌ربازبوون له‌م هه‌موو كێشه‌و قه‌یرانه‌كان‌و هه‌وڵی‌ هێوركردنه‌وه‌و ڕازیكردنی‌ جه‌ماوه‌ر بدات، ئاشكراشه‌ ڕێگای‌ چاره‌سه‌ر هه‌میشه‌ كراوه‌و ڕوون‌و ئاشكرایه‌ گه‌ر نیه‌تێكی‌ ڕاسته‌قینه‌و ڕاساتگۆیانه‌ هه‌بێت‌و بویسترێت كارو كرده‌وه‌كان به‌ڕاسته‌قینه‌ مه‌یسه‌ر بكرێن، بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنرێن:

•ده‌ستكردن به‌پڕۆسه‌یه‌كی‌ ئاشته‌وایی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ له‌كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌،چونكه‌ كێشه‌ و گرفته‌كانمان ته‌نها له‌ناوخۆ نه‌وه‌ستاوه‌ و به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌ عێراقی‌ و ناوچه‌ییه‌كانیشمانی‌ گرتۆته‌وه‌.

•\توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌نێوان سه‌ركرده‌ و پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم و ته‌نانه‌ت كوردستانی‌ گه‌وره‌ش له‌ ڕۆژئاوا و باكور و ڕۆژهه‌لاَتیش. و چێكردنی‌ كۆده‌نگیه‌كی‌ نیشتیمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌.

•گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داموده‌زگا شه‌رعیه‌كانی‌ هه‌رێم بۆ باری‌ ئاسایی‌ خۆیان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان له‌ڕێگای‌  یاسا  و ڕێزگرتن له‌ئیڕاده‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان.

•هه‌وڵدانی‌ جدی‌ و پێكه‌وه‌یی‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ خێراترین چاره‌سه‌ر و كورتترین ڕێگا بۆ كێشه‌ و قه‌یرانی‌ دارایی‌  و دابینكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد و ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان و دروستكردنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ نێوان هه‌ردوولا و ڕێزگرتنی‌ ڕێكه‌وتنه‌كان ده‌بێت.

•دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گیانی‌ خۆبه‌زلزانین و غرور و كبریائی‌ ناپێویست، چونكه‌ حوكمڕانی‌ میله‌تێك مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ كه‌سی‌ و حیزبی‌ و بنه‌ماڵه‌یی‌ نیه‌، و ئه‌و ڕاستیه‌ش ده‌بێت له‌ بیر نه‌كرێت كه‌ ئیداره‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ته‌نها به‌ سه‌ركرده‌ و حیزبێكی‌ سیاسی‌ نابرێت به‌ڕێوه‌ و ئیداره‌ نادرێت و ئه‌زموونی‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابوودرووش ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماندوه‌، وده‌بێت هه‌موان شه‌ریكێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ بن نه‌ك كارتۆنی‌  به‌بچوك و گه‌وره‌وه‌ و هه‌موانیش په‌رۆشی‌ و خه‌مۆخۆریان ته‌نها بۆ گه‌ل و نیشتیمان بێت و هه‌وڵی‌ تۆخكردنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ نێوان سه‌ركرده‌ و پارته‌سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌ر  و ئینتیما بۆ گه‌ل و نیشتیمان بده‌ن.

به‌بێ‌ ئه‌م هه‌نگاو و كار و كرده‌وانه‌ مه‌حاڵه‌ بتوانرێت كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێن و نابێت چیدی‌ ده‌سه‌ڵات بێ‌ باكانه‌ بڕوانێته‌ كێشه‌كان و داواكاریه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ر ،  و هه‌ركاتیش ده‌سه‌ڵات گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ ناتوانێت هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ببات به‌م پێكهاته‌و سیاسته‌وه‌ پێویسته‌ بیر له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بكاته‌وه‌و ڕێگا خۆش بكات بۆ پێكه‌وه‌نانی‌ حكومه‌تێكی‌ (ڕزگاری‌ نیشتیمانی‌) له‌ جیاتی‌ (حكومه‌تی‌ بنكه‌ فراوانی‌ نیشتیمانی‌) كه‌ له‌ئێستادا فه‌شه‌لی‌ هێناوه‌و نه‌یتوانی‌ ته‌نها دوو ساڵ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن، به‌م كاره‌ش هه‌نگاوێكی‌ خه‌مخۆرانه‌ ده‌نێت و لانی‌ كه‌م تاوانه‌كانی‌ سه‌ر ئه‌ستۆی‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ و وه‌ك داننان وایه‌ به‌هه‌ڵه‌دا كه‌ بۆ خۆی‌ (داننان به‌هه‌ڵه‌دا گه‌وره‌ییه‌).

چونكه‌ گۆڕانكاریه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌و دونیا زۆر خێران‌و هیچیشیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورددا نین ئه‌گه‌ر كورد نێوماڵی‌ خۆی‌ پته‌و نه‌كات‌و یه‌كڕیزی‌ خۆی‌ گرنگی‌ پێنه‌دات. بۆیه‌ مه‌ترسیه‌كان له‌دوای‌ ڕزگاركردنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ سوریا هه‌موانیان ڕووده‌كه‌نه‌وه‌ كورد، بۆیه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ هه‌رێم ئه‌ركێكی‌ مێژوویی‌‌و گه‌وره‌ی‌ له‌ئه‌ستۆدایه‌ له‌پێش به‌شه‌كانی‌ تره‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات‌و حوكمڕانی‌ له‌جه‌ماوه‌ر‌و ده‌سه‌ڵات، پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن‌و ته‌باو متمانه‌پێكه‌ری‌ یه‌كتربن‌و نابێت هیچ كامیان ئه‌ویتر پشتگوێ‌ بخات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌هه‌شمانه‌ له‌ده‌ستمان ده‌چێت‌و ئه‌وكاتیش مێژوو و نه‌وه‌كانی‌ داهاتوومان به‌زه‌یی‌ به‌كه‌سدا نایه‌ته‌وه‌.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP