بەپەلە

مەترسیەکانی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن

ئارام قادر حەمەسور - 14-08-2017 - 3559 جار خوێندراوەتەوە

 
ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن بابەتێکی فکری قوڵە و گرنگە، ئەفلاتۆن لە کتێبی (کۆمار)  لەسەر زمانی سوکڕات باسی ئەشکەوتێک دەکات کە چەند کەسێکی تێدا دەژیات لەمنداڵییەوە، مل و قاچیان بەزنجیر بەیەکتر بەستراوەتەوە و ناتوانن بجوڵێن تەنیا بەشێکی ئەشکەوتەکە دەبینن کە بەرامبەر خۆیانە، لەپشتی کەسەکانەوە ئاگرێک هەیە، لەنێوان کەسەکان و ئاگرەکەشدا چەند داهۆڵێک هەیە کە هەندێ جار دەجوڵێن، کەسەکان بەهۆی ڕوناکی ئاگرەکە سێبەری داهۆڵەکان دەبینن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە نەک سێبەری خۆیان، بەڵام بڕوایان بەم سێبەرانە هەیەو بەحەقیقەتی دەزانن.
 
یەکێک لەوکەسانەی ناوئەشکەوتەکە زنجیرەکەی دەپسێنێت و دەچێتە دەرەوەی ئەشکەوتەکەو خۆرو دەوروبەری حەقیقی دەبینێت، دواتر دەگەڕێتەوەناو ئەشکەوتەکەو باسی حەقیقەتی واقیع دەکات، ئامۆژگاریان دەکات و پێیوایە هەموان لە وەهمدا دەژین و تەنیا خۆی خاوەنی حەقیقەتی ڕەهایە، هەموان سێبەرەکان دەبینن نەک حەقیقەتی شتەکان، پێی وایە هەموان لەهەڵەدان ونەزانن.
 
لێرە دەکرێت بەپێی سۆسیۆلۆژیای خۆمان دوو دیمەن لەواقیعی خۆماندا ببینین، یەکەم ڕاستە تا ئێستاش بەشێکی کۆمەڵگا بڕوای بەوەهم و سێبەرەکان هەیە، بەشێکمان نەک هەمومان وەهم پەرستین و سێبەرەکان بەڕاستی دەزانین و شەڕیان بۆ دەکەین، وەک وەهمەسیاسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم، سیاسییەکانی کورد چارەگەسەدەیەکە وەهمی دیموکراسی و ئازادی و عەدالەت و دەوڵەتی کوردی نیشان دەدەن، تا ئێستاش بەشێکمان خەریکی ئەم وەهم و داهۆڵە سیاسیانەین، چونکە لەواقیعدا ئەم بنەمایانە نین و دروست نەکراون، چەندین وەهمی تری دینی و سیاسی و ئابوری دەرخواردی خەڵک دەدرێت ، بەڵام ئەوە هەموان نین کە وهم و سێبەرەکان دەبینن بەڵکو بەشێکن.
 
دووەم  مەترسی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن ئەو کەسەیە کە زنجیر دەپسێنێت و دواتر دەگەڕێتەوە و خۆی دەکاتە ڕاستی ڕەهاو ئەوانی تریش نەزان، وەک سەید قوتب لە کتێبی (مەشخەڵی ڕێ) گوتی :گۆمەڵگا جاهیلە! ئەفلاتۆن خۆی ئەرستۆکڕات بوو بەردەوام ڕقی لە دیموکراسی بوو، باوەڕی وابوو کە دەبێت نوخبەی کەمینەی ڕۆشنبیر و فەیلەسوفان حوکمی ئەوانی تر بکەن چونکە ئەوانی تر نەزانن، لێرەدا وێنای فەیلەسوف وەک ئەوکەسەیە کە زنجیرەکە دەپسێنێت و ئازاد دەبێت و ئەوانی تر بەنەزان دەزانێت، بابەتێکی ئەپستمۆلۆژی و سیاسی و دینیشە، بۆیە دەبینین لەڕوی دینیەوە ئەبوبەکر بەغدادی دێت و ئەوانی تر بەنەزان دەزانێت، بەغدادی خۆی وەک زنجیر پسێن و حەقیقەتی ڕەهای دینی وێنا دەکات و ئەوانی تر بە نەزان و کافر لەقەڵەم دەدات، بنلادن و خومەینیش لەم وێنایەدان.
 
لەڕووی سیاسیەوە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن وێنای دروستبون و ڕەوایدان بە دیکتاتۆری دەدات، ستالین و هتلەرو سەدام و هاو ئاوازەکانیان دەچنە ناو ئەو بابەتە، کەسێک خۆی بەڕاستی ڕەها دەزانێت و ئەوانی تر بە نەزان و کەم دادەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیکتاتۆری دینی و سیاسی لەناو کۆمەڵگادا.
 
لێرە بەشێکی وەهم خۆرو سێبەر پەرستمان هەیە کەمەستبوون بە وەهمەکان، ئەوانی تر بڕوایان بەسێبەرەکان نەماوە، لێرە خۆسەپێن و هێزو کەسی سیاسیمان هەیەو کۆمەڵگا بەناو ئەشکەوتەکە دەزانێت و خۆی بەفریاد ڕەسی سیاسی کۆمەڵگاو دەزانێت، سڵ لە کوشتنی ڕەخنەگران و دەنگە ئازادەکان ناکاتەوە. ئەمە مەترسییەگەورەکەی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆنە کە خۆشی ئارەزووی لە دیکتاتۆری فەیلەسوفان بوو، ڕەوای دەدات بە دیکتاتۆری، بەڵام لە کۆتایدا زۆربەی دیکتاتۆرەکان و خۆبەخاوەن حەقیقەتە ڕەهاکان دەبنە قوربانی، وەک نیچە گوتی: حەقیقەتی ڕەها (یەقین) مرۆڤ دەکوژێت، مێژوش پڕە لە تەرمی خاوەن حەقیقەتە ڕەهاو خۆسەپێنەکان.
بەحەقیقەت زانینی وهم و سێبەرەکان لای بەشێکمان و بوونی دیکتاتۆری و خۆسەپێنی سیاسی و ئایدۆلۆجی ئەمڕۆ لای ئێمە بوونی هەیە، دوو مەترسی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆنن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP