کێ پاڵەوانەکانی ململانێ دەبن لە رووبەری سەوزدا؟؟

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 9-08-2017 - 4729 جار خوێندراوەتەوە


باشووری کوردستان لە سەرەتای شەستەکانەوە لە رووکەشدا بەسەر دووبەرەدا دابەشبووە، بەرەی مەلایی و بەرەی جەلالی، بەڵام ئەو دابەشبوونە دابەشبوونێکی رووکەشەو لە گەوھەردا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نەبووەو تاکو ئێستاش نیە، ئەگەر پێوانە بۆ جیاوازی، بەرنامەو پرۆژەی کارکردن بێت لە روانگەی گوتاری نەتەوەییەوە ئەوا ئەو دوو ھێزە ناکۆکە ململانێی کەسی و کێشەی داننەنان بەیەکتریاندا ھەبووە نەک جیاوازی بنیادی، چونکە ھیچ کام لەو دوو لایەنە ھەڵگری پرۆژەی نەتەوەیی نەبوون کە بریتیە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی، تا لەسەر ئەو بنەمایە جیاواز بن. بۆ قۆناغی گەیشتن بە دەسەڵاتیشیان لە راپەڕینەوە، لە رووی بەڕێوەبردن و نزیکی لە خواستەکانی خەڵک و مەنسوبیەت و مەحسوبیەتەوە ھاوشێوەبوون. ئەمەش ئاشکرای دەکات ئەم دوو ھێزە کە دابەشبوونێکی گەورەیان لە جەستەی کوردی باشووردا درووستکردووە لە بنەڕەتدا یەک بەرەو یەک ھێزن.

بزووتنەوەی گۆڕانیش کە لەساڵی ٢٠٠٩ و لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا خۆی راگەیاندو وای نیشان دەدا کە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئەم بەرەی سێیەمەو بنیادو گەوھەرو تێڕوانینێکی تری ھەیە بۆ ژیانی حیزبایەتی و سیاسی و بەڕێوەبردن لە کوردستانداو کەسێتی نەوشیروان مستەفاش ئەو تواناو لێھاتوویی و سیحرەی ھەبوو کە بتوانێت ھەڵوێستی بوێرانە لە کاتی گونجاودا نیشان بدات، ھەم ژیری و لێکدانەوەی ئەوەی ھەبوو کە بزانێت کەی بڕیار دەدات و چۆن سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خەڵک دەبێت.

ھۆی سەرکەوتنەکەشی لە کۆکردنەوەی جەماوەری ناڕازیدا ئاشکرایە یەکەم بێ باکی لە پۆست و پلەو پایە، دووەم بێ دەربەستی لە سامان و پارەو دنیا، سێیەمیش خوێندەواری و بوێری و و توانای رووبەڕوووبنەوەو سەراحەت و بێ باکی لە چۆنێتی دەربڕین و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تر یان خەڵکدا، کە ھەموو ئەمانەش ئاستێکیان لە کاریزمای لۆکاڵی بۆ درووست کردبوو، کە ئەم خاسێتانەی ئەو ھەیبوون لای زۆرینەی بەرپرسانی تری کوردستان دەست ناکەون، چی لای ئەوانەی لە ریزی ئەودابوون، چی لای ئەوانەی ریزی دوای ئەو. بەو خاسێتانەشیەوە کە ئاماژەمان بۆ کردن، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەرەی سێیەم درووست بکات و بیگەیەنێتە ئاستێک کە بەرەکەی تر یان وەکو خەڵک دەڵێن بەرەکانی تر کە پارتی و یەکێتین پێکەوە بخاتە دوای خۆیەوەو دەسەڵاتیان لێوەربگرێت. بێگومان کۆچی دوایی ئەویش ھۆکار دەبێت بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەکەی چیتر لە ھەڵکشاندا نەبێت بەڵکو لە پاشەکشەدا بێت. مەبەستمان لەم قسەیەش ئەوەیە کە زەمینەی ئەوەی کە گۆڕان ببێتە بەرەیەکی ترو لەمەودوا بتوانێت جێگا بە پارتی و یەکێتی لەق بکات ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو و لاوازە.

ئێستا شاسوار عەبدولواحید وەکو سەرمایەدارێکی گەنجی کەم ئەزموون و کەم تەمەن، باسی ئەوە دەکات کە ئەو دەبێتە رابەری بەرەی سێیەم. سەرەتا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە ھەمیشە سەرمایە ترسنۆکەو سەرمایەدارانی خاوەن ئەزموون لە جیھانی سەرەمایەداریدا نزیکترین کەسن لە دەسەڵاتەوە بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان. لە کوردستاندا سەرمایەداران ئەگەر ھاوبەشی بەرپرسانی حیزبی و سیاسی و دەسەڵات نەبن ئەستەمە بتوانن ھەنگاو بنێن، بەڵگەی زیندووشمان لەبەچاوەو  زۆری بەسەردا تێنەپەڕیووە کە سەرمایەدارێکی نیشتیمان پەروەری وەکو عەلی بۆسکانی چۆن و بۆچی شەھید کرا.

 لێرەوە ئاشکرا دەبێت کە شاسوار سەرمایەداریکی بێ ئەزموونە، ھەرچەند ئەستەمە بێ بوونی پشتی سیاسی و حیزبی و دەسەڵاتی ناوخۆ ھیچ سەرمایەدارێک بتوانێت بەو شێوەیە پەل بھاوێت. بەھەرحاڵ گریمان شاسوار سەرمایەدارێکی بێ غەل و غەشە، بەڵام خۆتێکەڵاوکردنی بە سیاسەت لە کوردستاندا ئەگەر خەڵکی تر ھانیان نەدابێت و ئەوەی پێ نەکەن، ئەوا ئەو ھەڵوێستەی ئەو جۆرێکە لە نەگبەتی و بەدبەختی و لەدەستدانی کارکردن بە لۆجیکی عەقڵ چونکە ئەو لە رووبەرێکدا دێتە ململانێوە کە ئەو رووبەرە خاوەنی تری ھەیە بۆ ململانێ، خاوەنێک کە پێشتر ھەموو ئومێدێکی نەوشیروان مستەفایان بۆ بوون بە کەسی یەکەمی ئەم رووبەرە خنکان و دکتۆر بەرھەم ساڵحیان ئابڵوقەداو خستیانە پەراوێزی بڕیارو ئامادەبوونی سیاسیەوەو ئەگەری بوون بەکەسی یەکەمی ئەویشیان لەم جوگرافیایەدا لەباربرد. ئایا شاسواری عەبدولواحیدی کەبابچی کە ئەگەر کار بۆ یەکێک لە دوو جەمسەرەکەی ململانێی ئەمەو دوای ئەم رووبەرە نەکات، دەتوانێت بە پێوە بمێنێت؟ دیارە ئەگەر کاریش بۆ یەکێک لەو دوو جەمسەر ئایندەییە بکات ئەوا تەنانەت ئەگەر جەمسەرەکەی ئەمیش سەربکەوێت ھێشتا ئەم ھەر لە پەراوێزدا دەبێت چونکە ئەم بکەری ململانێ نیە بەڵکو بەکارھێنراوە بۆ ململانێ. 

کەواتە با بپرسین ئایا خاوەنی ململانێی ئەمەودوا لەسەر ئەو رووبەرەی کە سلێمانی یان رووبەری ئەوسا سەوزە کێیە؟ ئایا ململانێ لەسەر ئەم جوگرافیایە لە نێوان شاسوارو پارتیدایە؟ یان لە نێوان شاسوارو یەکێتیدایە؟ یان لە نێوان شاسوارو گۆڕاندایە؟ یان لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندایە؟ یان لە نێوان گۆڕان و پارتیدایە؟ یان لە نێوان یەکێتی و پارتیدایە؟ یان لە نێوان ھەموو ئەمانەو پارتیدایە؟ یان لەسەر ئاستی کەسی ململانێی نێوان بارزانی و شاسوارە، یان شاسوارو کۆسرەت رەسوڵە، یان شاسوارو سەید عومەر سەید عەلیە، یان شاسوارو دکتۆر بەرھەمە. نەخێر ئاراستەکانی ململانێی ئەمەودوا لەسەر رووبەری سەوز ھیچ کام لەمانە نین.

 ململانێی داھاتوو لەسەر سەکردایەتی کردنی ئەم رووبەرە لە نێوان ھیچ کام لەمانەدا نیەو ئەم رووبەرە کە پێشتر نەوشیروان مستەفا بە ھەموو ھێزو کەسێتی خۆیەوەو بەو ھەموو جەماوەرەوە کە ھەیبوو نەیتوانی ببێتە خاوەنی، ئایا شاسوار دەبێتە خاوەنی؟ بێگومان نەخێر. تەنانەت سەرباری رەگوریشەی بەھێزی یەکێتی و پایەی دارایی و پێشمەرگایەتی و ئاسایش و جەماوەریی ئێستا و لە غیابی مام جەلالدا ئەم رووبەرە جێگای ململانێی کاک کۆسرەت و ھیچ کەسی تر نیە، ھەروەک جێگای ململانێی دکتۆر بەرھەم و ھیچ کەسی تر نیە، ھەروەک چۆن جێگای ململانێی سەید عومەری سەید عەلی و ھیچ کەسی تر نیە.

لە ئێستاوە سیماکانی ململانێی داھاتوو لەسەر سەرکردایەتی ئەم رووبەرە جوگرافیایە بەئاشکرا دیارە، کە ململانێکە لە نێو ئامۆزا تاڵەبانیەکاندا دەبێت. کامیان دەبنە جێگرەوەی ئەو پیاوەی کە چل ساڵە لە شاخ و لە شار کەسی یەکەم و سەرکردەی تاکو تەنیای ئەم رووبەرە بووە کە پێشتر بە جوگرافیای سەوز ناودەبرا، کە ئەویش مام جەلال بووە. ھیچ کام لەو ناوانەی باسمانکردن نابنە جێگرەوەی مام جەلال، ئەمەش نەک تەنیا لەسەر ئاستی یەکێتی نیشتیمانی وەکو حیزب، بەڵکو لەسەر ئاستی ھەموو ئەم رووبەرە جوگرافیایەی کە دەکەوێتە ئەم دیووی پردی دێگەڵەوە. سەرکردایەتی داھاتووی ئەم رووبەرە بۆ یەکێک لەم دووانە دەبێت: پاڤڵ تاڵەبانی کوڕی مام جەلال و نەوەی مامۆستا برایم ئەحمەد، یان شێخ لاھور تاڵەبانی برازای مام جەلال و دوور لە ماڵی مامۆستا برایم ئەحمەد؟ ئایا ئەگەری ئەوەش ھەیە ئەم دوو ئامۆزایە سەوداگەری بکەن و بەوەش چەمکی ھێز لە یەکێـیدایە بکەنە نموونەی باڵای خۆیان و یەکێک پاشەکشە بۆ ئەویتر بکات؟ یان لە ململانێدا ئەوە یەکلا دەبێتەوە؟ ئاراستەی رووداوەکان بەھەرکام لەم دوو ئاراستەدا بڕوات، مەیدانی ئەو ململانێیە جێگای شاسواری تێدا نابێتەوە، مەگەر یەکێکیان بۆ دژایەتی ئەویتریان بیخاتە خزمەتی خۆیەوە کە لەبارێکی وەھاشدا ئەگەری ئەوە ھەیە نەک ھەر سەرمایەکەی بەڵکو خۆیشی لە دەستبدات چونکە کوردستان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیە، سەرمایە کەسێکی ناھاوسەنگی وەکو ترامپ بگەیەنێتە لوتکەی دەسەڵات.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP