" نەخێرە" تازەکان؟

بەهرۆز جەعفەر - 9-08-2017 - 4110 جار خوێندراوەتەوە


ئێمە لە ساڵی (۲۰۰٦) ەوە ئەڵێین "نەخێر". ڕووبەڕوو، بە نووسین، بەسەر شاشەکان، لەناو دادگاکان، لەگەڵ وەفدو وفودەکان. 

نەخێر: بۆ گەندەڵی، نەخێر بۆ تەقدیس کردن، نەخێر بۆ شەڕی تایەفی، نەخێر بۆ بەھەدەردانی سامانی گشتی، نەخێر بۆ پارەدان بە تینک تانکە بیانیەکان، نەخێر بۆ ڕۆشنبیرە موزەیەفەکانی دونیای ئێمە، ئیتر ئەو کاتەی لە ناو یەکێتیش بوین ھەر نەخێر، نەخێر مان بو.......تادوایی.
 جاری یەکەم، نەخێرەکانی ئێمە، ئۆپۆزسیۆن لە باری بردو مراندی، بە دیاریکراویش لە دوای (۱۷ی شوبات) ەوە،  ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو) کردنی بە پاکێج و فرۆشتنی بە دەستەڵاتی سیاسیی و، کۆمەڵێک لە ھەرە نەخێریستە دیارەکانی ئەم سێ حزبە ئۆپۆزسیۆنە پێی بونە وەزیر و پەرلەمانتار و.... ساختەچی سەر شاشەکان. 

خۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو سەرێکەوە بووە بە بەڵا، بەڵایەکی تری ئەو حزبە ئەوەیە یەک دونیا ئینسانی موزەیەف و تەزویر و بەتاڵ و بۆشی بۆ بەرھەم ھێناوین، باشترین ئارگیومێنت، باشترین تێزی سیاسیی، بۆ ئەوەی پێی ببی بە تۆپیکی گەورەو براند بیت لە کۆمەڵگە ئەوەیە، تۆ ھەر کەسێکی و لە کوێوە ھاتووی " بە پارتی بڵێ نەخێر، ئیتر ئیشت ماشییە". 
جاری دووەم، نەخێرەکانی ئێمە، دامەزراوەی نالیا قۆستیەوەو، خەریکە ئەویش بیەوێ بەسەر نەخێرەکانی ئێمەدا سەربکەوێ!. ئەم نەخێرانە کەسانی زۆر تازەن لە میدیای کوردیداو، لە پڕ فوویان پیا کراوەو، بۆ موھیممەیەک ساز کراون، لایانوایە ئەوان سەرەتاو کۆتایی ئامرازەکانی میدیان، ھەندێکیشیان لە چوار پێنج ئاوی تریان داوەو، زەمانە وەک چیلکەو داری کەنار ئاو پەراوێزی خستوون، خاوەنی دامەزراوەی نالیا کۆی کردونەتەوەو، ئەسەح یش گڕیان تێبەر ئەداو، خۆی پێ گەرم ئەکاتەوە، ھەڵپەی پۆست وەرگرتن و پاڵەوانێتی سەر شاشەکان ئەمانەی کردووە بە " نەخێر یست"،  لە کوردستان خەڵک بۆ ئەوە نابێ بە ڕۆشنبیر، بە توێژەر، بە ڕەخنەگر، تا کۆمەڵگە و فەرھەنگ بگۆڕێ، تا تێزی باش پێشکەش بکات، بۆ ئەوەیە لە پڕ ببێ بە پەرلەمانتار، بە مودیر عام، بە فیگەرێک کە پنتە ھەستیارەکانی حوکمڕانی وێران بکا، ئەم دیاردەیە "مەلاو پیاوە ئاینی" یەکانیشی گرتۆتەوەو، ھاوار ھاواریان ھەر بۆ ئەوەیەو ھیچی تر.. 

من بە خۆم لەو نەخێرانەم، کە نەک بە نوسین و بە پانێڵ، بە ڕاشکاوی بە کاراکتەرەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمم ووتوەو نووسیوە، بەم جۆرە "ڕیفراندۆم" سەرکەوتوو نابێ، لێرەدا ھەقیقەت وونە، ھەقیقەت ئەوانە نین لەسەر شاشە ئەڵێن نەخێر. ئەم نەخێرانە نەخێری بونیادنانی نیشتیمانی نیین، نەخێر نیین بۆ ڕەفاھییەت و چاکەی گشتی. 

من کە ئەڵێم، نەخێر، دەیان توێژینەوەو، پاشخانێک لە کەرەستەی زانستییم ھەیە، لێرەدا داتا قسە ئەکا، کتێب قسە ئەکا، بەڵام ئەو "نەخێرە تازانە" فێڵێکی ترن لە ڕای گشتی لە نەخێرە ڕەسەنەکان، ھاتنی دامەزراوەی میدیایی نالیا کارەساتێکی تری مرۆیی و میدیایی و ئەخلاقی بوو بۆ کۆمەڵگەی کوردیی، سەرەتاکەی بۆ ئەوە بوو دەنگی جددیی لە کۆمەڵگەدا بکوژن و ھەقیقەتەکان بشارنەوەو، کەسانی بۆش و بەتاڵی حزبەکان بدۆزنەوە قسە بۆ کۆمەڵگا بکات، کۆتاییەکەشی ئەوەیە دوای بە ھەدەردانی ملیارەھا دۆلار، "ھاوسەنگی و،  بێلایەنی" یەکەی خۆی بکوژێت، بارزانی بەم ڕیفراندۆمە ھیچی نەکردبێ، ئەوەی کرد ڕووی ڕاستی و، ھاوسەنگیە فشۆڵەکەی ئەم کەناڵانە دەربکەوێ. دەمامکەکانی بەر دانەوە.  

وەک زانیاری کۆنکرێتیش، بیڵێم: دامەزراوەی نالیاو، خاوەنەکەی و، ئەوانەشی لەگەڵ ئەو کەوتون، نەک "د. بەرھەم ساڵەح" یان لەگەڵ نییەو لە پشت نییە، بەڵکو ھۆکارێکن کە ئیشەکە لە "بەرھەم ساڵەح " تێک بدەن، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی تریشەوە ئێمە وەک بەرپرسیارێتی ئەخلاقی ئەوەمان لەسەر شانە ڕێ نەدەین کۆمەڵگە بە دەست چەند کاسبکارێکەوە بەرەو ھەڵدێر بڕوات، کوڕێکی گەنجی و کەسابەتی خۆت ئەکەی، بیکە، یاریی کۆربۆکراتیانە ئەکەی و، میدیا ئەخەیتە سەر پێ! ئاساییە. کاتێک بۆ ناو ژیانی گشتی و سیاسەتی گشتی ھەنگاو ئەنێیت، ئێمەش ھەموو داتاو ئامارانەی لەبەردەستمانن، کاتی خۆی لە (۲۰۱۳) سەبارەت بە گوندی ئەڵمانی یەک و دووو، چاڤی لاند و ھەندێ باری تر، داومانە بە داواکاریی گشتی. بڵاوی ئەکەینەوە، بۆ ئەوەی گەنجان و، ئەوانەشی لە پشتەوەت وەستاون بزانن دوای کێ کەوتون.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP